گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای بێکاری و نادادپەروەری هیوایان بۆ گۆڕانکاری هەیە
گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەست بێکاری و نادادپەروەری و بۆشاییەکی پڕ لە ئازاری نێوان هەوڵ و ئەنجامەکان دەناڵێنن، کە دەبێتە هۆی تێکچوون و گۆشەگیریی دەروونی بەربڵاوو شەپۆلە بەردەوامەکانی کۆچکردن، بەڵام هێشتا هەندێک هیوایان بە گۆرانکاری هەیە.

شەبنەم ڕەحیم زادە
بۆکان- داڕمانی دەروونی یەکێک لە دیارترین قەیرانەکانی بەردەم نەوەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن، ئەم نەوەیە دەبوو وزە و بەهرەی خۆی بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر تەرخان بکردایە، بەڵام لەبری ئەوە کەوتووەتە ناو بێدەنگی و نائومێدییەکی قووڵەوە، سەرەڕای چەندین ساڵ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پێگەیەکی شایستەی خۆی، ئەمڕۆ لە نێوان خەون و ڕاستیدا ماوەتەوە.
لە لایەکەوە قەیرانی ئابووری و قەیرانی گشتی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هیوای گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.
''بێهیوایی هەوڵ و فێربوون''
ئاکرین،م، دەرچووی ئەندازیاری شارستانی تەمەن ٢٨ ساڵ، ئەزموونێک دەگێڕێتەوە کە ئاوێنەیەکی ڕاستی هەزاران گەنجی ئێرانە، وتی: خوێندنم تا ئاستی ماستەر تەواو کرد و هەوڵەکانم تەرخان کرد بۆ دۆزینەوەی کارێک کە لەگەڵ لێهاتووییەکانمدا بگونجێت، بەڵام هەلی کار بە تایبەت بۆ ژنان کەمن و و تەنانەت کاتێک کە بوونیان هەیە، مووچەکانیان کەمن، لە ساڵانی ڕابردوودا هەموو تاقیکردنەوەکانی دامەزراندنم ئەنجامداوە، بەڵام زۆرجار هەلی کار دەدرێتە ئەو کەسانەی کە پشکی دیاریکراویان هەیە، کۆمپانیا تایبەتیەکان یان مووچەی ناڕێک دەدەن یان پێیان باشە پیاوان دابمەزرێنن، هەست بە بێسوودبوون دەکەم لە کۆمەڵگەکەمدا، مانەوە لە ماڵەوە دوای چەندین ساڵ خوێندن ئازاربەخشە، بەڵام هێزم نییە هەوڵبدەمەوە، نازانم بۆچی ئیرادەی بەردەوامبوونم لەدەستدا.
ئۆوین بی، دەروونناس، ئەم دیاردەیەی لە ڕێگەی چەمکی "بێدەسەڵاتی فێربوون"ەوە ڕوونکردەوە، ئاماژەی بەوەدا، کە "سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاک، فشارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی بۆ گۆڕینی ڕاستی، زۆرێک لە گەنجانی پاڵناوە بۆ حاڵەتێکی تەسلیمبوونی دەروونی، کە تێیدا تاک تەنانەت لە بەرامبەر دەرفەتی نوێشدا پاڵنەرەکەی لەدەستدەدات".
ئاماژەی بەوەشدا، کە کەمی دەرفەتەکان لە ئێراندا ئەم دۆخە مەترسیدارتر دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی هەستکردن بە نائومێدی، تەنانەت ڕەنگە گەشە بکات بۆ خەمۆکی، خۆکوشتن، یان کۆچکردن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵیی قەیرانی دەروونی و کۆمەڵایەتییە کە نەوەی گەنج لەناو چەقبەستووییەکەدا ئەزموونی دەکات.
''کاتێک هیوا پەراوێز دەخرێت و ئیمتیازاتەکان پاداشت دەکرێن''
وتیشی: هەستکردن بە نادادپەروەری برینێکی قووڵە کە بە بێدەنگی لە قوڵایی کۆمەڵگەدا گەشە دەکات و کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی بەجێدەهێڵێت، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و ژناندا، نادادپەروەری تەنیا بە نەبوونی دادپەروەری سنووردار نییە، بەڵکو هەستکردن بە پەراوێزخستن و بێ بەهایی دروست دەکات، بابەتێک کە بووەتە بابەتێکی باو لە نێو گەنجاندا، هیوا بە تایبەتی بۆ ژنان بووەتە ئیمتیازێکی دەگمەن، مرۆڤ ناتوانێت شایەتحاڵی ئەوەندە نادادپەروەری بێت و هێشتا باوەڕی بەوە هەبێت کە ژیان جوانە، بەڵام دەزانین ژیان دەبێت بگۆڕێت".
ڕۆیا ک، کۆمەڵناس، جەختی لەوە کردەوە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی تەنها کاتێک بەدەست دێت کە تاکەکان هەست بکەن پەیوەندییەکی دادپەروەرانە لە نێوان ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن و ئەنجامە بەدەست هاتووەکاندا هەیە، هەروەها سەرکەوتن لەسەر بنەمای پەیوەندییە کەسییەکان، ڕەگەز، یان پەیوەندی چینایەتیی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە "نادادپەروەری هەستکردن" ناسراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەژێر ڕۆشنایی ئەم راستیەدا، هەستکردن بە هەڵاواردن دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بڵاوبوونەوەی نائومێدی و داڕمانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا کە باوەڕیان بە بەهای هەوڵدان لە چوارچێوەی سیستەمێکدا لەدەست دەدەن کە پاداشتی بەهرە نادات بەڵکو لەبری ئەوە ئیمتیازات بەردەوام دەکات.
لەم ساڵانەی دواییدا کۆچی نوخبە، لەوانە پزیشکان، وەرزشوانان و هونەرمەندان بووەتە دیاردەیەکی باو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا و ئێستا ئەم وڵاتە لە ١٠ وڵاتی سەرەکی جیهاندایە بۆکۆجکردن ''دەرچوونی مێشک''، هەرچەندە ئەم دیاردەیە نوێنەرایەتی قەیرانێکی پێکهاتەیی دەکات لەناو دەسەڵاتی ئێستادا، بەڵام وەک لا،لە،ر، وتی: نوێنەرایەتی تیشکێکی هیوای بۆ نەوەیەک دەکرد کە هەستیان بە پشتگوێخستن دەکرد لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا.
لا،لە،ر، کە بەنیازی بوو خوێندنی دکتۆرا بخوێنێت، ئەزموونەکەی باسکردو وتی: نەمویست وڵاتەکەم بەجێبهێڵم، بەڵام لە ئێراندا ژینگەیەکم نەدۆزیەوە کە ئایندەیەکی ئومێدبەخشم پێشکەش بکات، بۆیە بڕیارمدا کۆچ بکەم بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەکەم بدەم، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە هەموو باڵیۆزخانەکان داخران، وەک مردنی خەونەکانم وابوو.
ئەم چیرۆکە نیشان دەدات کە چۆن کۆچ لە هەڵبژاردنەوە بۆ پەناگەیەک گۆڕا، پاشان خەونێک کە بەهۆی زیادبوونی قەیرانەکانەوە دواخرا، ئەمەش زیاتر دەکات بۆ ئەو زنجیرە چاوەڕوانییەی کە قورسایی لەسەر گەنجانی ئێرانی هەیە.
شەپۆلی هەڵکشانی کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تەنیا لە "دەرچوونی مێشک"دا سنووردار نییە، لەوەش تێپەڕیوە بۆ لاوازکردنی ئەوەی کە هیوایەکی کەم لە نێو نەوەی گەنجدا ماوەتەوە، کە ئێستا گۆڕانکاری ڕیشەیی بە تاکە ڕێگەی دەربازبوون دەزانن، سەیدا ڕ، ژنێکی گەنجی نەوەی ز، ئەم هەستەی دەربڕیوە، وتی: "زۆرجار لەخۆم دەپرسم: بۆچی دەمێنمەوە؟ بەڵام دەنگێکی ناوەوە هەیە پێم دەڵێت ئەم هەلومەرجانە گۆڕاون، ڕاشکاوانە بڵێم هیوای من لەسەر باشترکردنی دۆخی وڵات نییە، بەڵکو لەسەر گۆڕینی خودی دەسەڵاتە، باوەڕم بەوە نییە کە خۆگونجاندنێکی زیادەڕۆیی چارەسەرە، ئەزموونی پێشوو نەوەکان سەلماندوویانە کە پێکەوە ژیان لەگەڵ نادادپەروەریدا کاریگەرنییە”.
ئەم پێشنیازە ڕەنگدانەوەی گۆڕانێکی قووڵە لە بیرکردنەوەی گەنجاندا، کە گۆڕان چیتر تەنها داوایەک نییە، بەڵکو پێویستییەکی وجودییە لەبەرامبەر ڕاستیەکی بێ دادپەروەری و دەرفەتدا.
ئەمڕۆ نەوەی گەنجی ئێران خۆی لە نێوان ئەوهەوڵانەی کە دەیخەنە ڕوو لەگەڵ ئەنجامە خوازراوەکان ماوەتەوە، بێکاری و نادادپەروەری دەرفەتە کەمەکان خواستەکانیانی کەم کردووەتەوە و زۆرێکیانیسی بەرەو گۆشەگیری و بێدەنگی بردووە.
دیاردەی کۆچی نوخبە و ئەو کۆت و بەندە پێکهاتەییانەی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراون، هەڕەشە لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەکەن و داهێنەری گەنجان دەخنکێنن، بەتایبەتی لە نێو ژناندا، کە ڕووبەڕووی دوو فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە ڕاستیەکەیان ئاڵۆزتر دەکات.
بەڵام هێشتا تیشکی هیواو بەرخۆدان لە هەڵوێستی گەنجاندا دیارە، زۆرجار پەیوەستە بە خواستەکانی گۆڕانکاری سیاسی و ئابووریی ڕیشەیی کە باوەڕ بە ئەگەری بونیادنانی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر دەگەڕێنێتەوە.