بە ڕێپێوانێک هێرشەکانی سەر چیای گارە شەرمەزار کرا
درەنگانی شەوی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر چیای گارە لە ڕێگەی فڕۆکەوە، ئەمڕۆ لە چەند شارێکی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان ڕێپێوان ڕێکخرا، ئەمشەویش لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێک بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە ئەنجام درا.
ناوەندی هەواڵ
ئەمشەو لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەوە بەرەو پارکی نالی لە شاری سلێمانی دەستەی دەستپێشخەریی گەل لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر چیای گارە لە پارێزگای دهۆک ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە بە بەشداری سەدان کەس لە چالاکوانان، سیاسەتمەدار، ژنان و خەڵکی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە ڕێپێوانەکەدا پەیامی شەرمەزارکردن و ئیدانەکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا درا و داواش لە پەرلەمانی هەرێم و عێراق کرا دانیشتنی بەپەلە لەسەر ئەو دۆخە ئەنجام بدات.
دوای تەواوبوونی ڕێپێوانەکە لە گردبوونەوەیەکدا پەیامی چالاکییەکە لە لایەن سارا ڕەزا ئەندامی دەستەی دەستپێشخەری گەل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خوێندرایەوە و تێیدا باس لەوە کرا کە دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە هەوڵی داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستانیداوە بەڵام بە بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی گەل هەمیشە لەو هەوڵانەی شکستی هێناوە، هەروەها لە پەیامەکەشدا ئاماژە بەوە کرا "پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو هێرشانەوە بێنە سەرخەت و داوای دانیشتنی بەپەلە بکەن و هەڵوێستی جددییان هەبێت".
لە کۆتایشدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان کرا هەڵوێستیان دژ بە داگیرکاری هەبێت و جەخت لەوەش کرایەوە کە هەتا داگیرکاری و هێرشەکان بەردەوام بێت هاوڵاتیان شەقام چۆڵناکەن.
بڕیاریشە سبەینێ ١١ی شوبات لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکە ڕێکپێوان ڕێکبخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی گارە.
ت.پ