١٩ی تەمموز لە کۆبانێ پیرۆز کرا
سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی کۆبانێ- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٩یەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمموزیان پیرۆزکرد.
کۆبانێ- شۆڕشی ١٩ی تەمموز کە لە کۆبانێ دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی کرد بۆ هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژئاوا- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٩ ساڵی خایاند، هاوڵاتیانی کانتۆنی کۆبانێ، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی و ناوچەی عەین عیسا، بەڕێوەبەرایەتی مەدەنی دیموکراتی مەنبەج، لە مەیدانی شەهید عەگید کۆبوونەوە و بە دروشمی "بە ڕۆحی شۆڕشی ١٩ی تەمموز شکست بە داگیرکاری دەهێنین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین"، ساڵیادی شۆڕشیان پیرۆز کرد ناوچەی ئاهەنگگێڕان بە پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، یەکینەکانی پاراستنی ژن و گەل، TEV-DEM و کۆنگرەی ستار، وێنەی ئەو شەڕڤانانە کە لە بەرگری لە خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژیانیان لەدەستداوە، ڕازێنرایەوە، ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی گیانفیدایانی ئازادی دەستیپێکرد پاشان وتار پێشکەش کران و پەیامی گرنگ دران.
"شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەبێتە وەسیلەیەک بۆ ئەوەی قەیرانی سوریا بتوانرێت کۆتایی پێبێت"
ماجیدە هاسۆن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات، وتی: "بە سوپاسەوە بۆ دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز، لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکرات و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەمڕۆ کورد، عەرەب، ئەرمەنی، سوریانی و تورکمانمان لەسەر خاکی بەرخۆدانی کۆبانێ کۆکردەوە و پێکەوە ئەم شۆڕشەمان پیرۆز کرد، شۆڕشی ١٩ی تەمموز کە شۆڕشی ژنانە، دەبێتە پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆیە دەبێت ئێمە وەک ژنان سەرەتا بەهاکانی شۆڕشەکەمان بپارێزین و سەرکەوتن بەدەست بهێنین".
"ئێمە شوێنکەوتوانی هەڤاڵەکانمانین"
دیلار عەفرین، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایگەیاند، ئەم یادە بە ڕۆحی ئەو شەڕڤانانە پیرۆز دەکەن کە لە سەرەتای ئەم شۆڕشەوە ژیانیان لەدەستداوە، وتی: "ئەم کانگۆرانە بە دوژمنیان گوت کەس ناتوانێ دەستی خۆی درێژ بکات بۆ شۆڕشەکەمان تا دڵۆپێک خوێن لە ژیانماندا مابێت لەسەر ئەم بنەمایە و ڕێبازی هەڤاڵەکانمان و خەونەکانیان بەردەوام دەبین".
"١٩ی تەمموز لەدایکبوونی ژن و کۆمەڵگایە"
ژنێکی گەنج بەناوی ڕەوشەن ئەحمەد، کە بە جلی جەماوەریی کۆبانێ-وە بەشداری ئاهەنگەکە بوو، وتی: "١٩ی تەمموز ڕۆژێکی پیرۆزە و زۆر بە واتایە، ٩ ساڵ لەمەوبەر ئەم ڕۆژ و ژیانە بۆ ئێمە خەون بوو، سوپاس بۆ شەهیدەکانمان خەونەکانمان بەدی هێناووە و بە تایبەتی ئێمە وەک ژنان گەورەترین بەشی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەمان بە دەست هێناوە، ئێمە وەک ژنان ئێستا دەتوانین خۆمان بپارێزین و پێویستمان بە پیاو نەبێت، ئەو شۆڕشە بە لەدایکبوونی ژن و کۆمەڵگا پێناسە دەکەین".
ئاهەنگەکە بە سەما کۆتایی هات