توندوتیژی و ڕەوشت لە کەوتنی دیکتاتۆرەکاندا
لە هەڵاتنی شاوە بۆ مانەوەی خوێناوی ئەسەد، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هەموو دیکتاتۆریەتێک لە چوارچێوەی خۆیدا هەڵگری ساتێکی پۆتانسێلی داڕمانە، ئەمەش پرسیارە لەسەر ئەو هەڵبژاردنە ڕەوشتی و ستراتیجیانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێتەوە.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ-خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ کەوتن و مانەوەی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان پێویستی بە تێکەڵکردنی ڕەوشتی پراکتیکی لەگەڵ شیکاری هاوسەنگی هێز و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، واتە سیمبۆلیزمی ناو کۆمەڵگە هەیە، لە ڕەوتی داڕمانی هەر دیکتاتۆریەتێکدا کۆمەڵگەکان بە ئێرانی هاوچەرخیشەوە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە دەبنەوە کە لەگەڵ هەر کارەساتێکدا سەرهەڵدەدەن و ڕەهەندی نوێ بەدەستدەهێنن، ئایا ناتوندوتیژی لە هەموو جۆرەکانی خۆڕاگریدا فەرمانێکی ڕەوشتی هەمیشەیی هەیە؟ ئایا ڕژێمەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران "وانەیەکی ئاڵۆز"یان لە ئەزموونی هەڵاتنی شا و مانەوەی ڕژێمی خوێنڕێژی ئەسەد وەرگرتووە؟ ئایا "پەنجەرەی ناڕەزایەتی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەوەندە داخراو بوو کە کۆمەڵگە پێشبینی کۆمەڵکوژی بەربڵاوی دەکرد؟
ئەمانە پرسیاری ڕەوشتی و سیاسی و ستراتیژین لە یەک کاتدا، پرسیارە قووڵترەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیران یان خودی کۆمەڵگە توانیویانە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە ببنەوە و بیر لە شێوازە جیاوازەکانی خەبات بکەنەوە؟ یان کۆمەڵگە گەیشتووەتە تێگەیشتنێکی بەکۆمەڵ لەو ڕێگایە ڕاستەقینەیەی کە دەیگرێتە بەر؟
ئایا مرۆڤایەتی دەبێت هەمیشە پابەند بێت بە ناتوندوتیژی؟
لە ڕوانگەی فەلسەفەی ڕەوشتیەوە، سێ دەنگی سەرەکی یەکدەگرنەوە: دەنگی ئەرک، کە پاراستنی بێتاوانەکان لە پێشینەی کاردایە، دەنگی دەرئەنجامەکان، کە کردارەکان بە توانای کەمکردنەوەی ئازار و فراوانکردنی ئازادی دەپێوێت، دەنگی یاسا و سیاسەت کە جیاوازی دەکات لە نێوان شەرعیەتی ئامرازەکان و شەرعیەتی ئامانجەکان.
لە ڕاستیدا کاتێک بزووتنەوە مەدەنییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان، ناتوندوتیژی تەنها قوربانیدانی ڕەوشتی یان هەڵوێستێکی ئایدیالیستی نەبوو، بەڵکو جۆرە چەکێکی جیاواز بوو، جین شارپ، ئەو بیرمەندەی کە لێکۆڵینەوەی لە ئامرازەکانی خۆڕاگری مەدەنی کردووە، ئاشکرای کردووە کە ناتوندوتیژی دەتوانێت پلانێکی باش بیرکراوە، تەکنیکێکی ستراتیژی بێت کە هێز و شەرعیەتی زیاتر بە بزووتنەوەکان لە چاوی جیهاندا دەبەخشێت پلاندانان و هەڵوەشاندنەوەی پایەکانی دەسەڵات و وشککردنەوەی سەرچاوەکانی هێز هەموو ئەمانە بەبێ بەرزکردنەوەی دەمانچە یان تەقەکردنی یەک تەقە دڵنیاینییە.
بەم شێوەیە ناتوندوتیژی نەک تەنها دەبێتە هەڵبژاردنێکی ڕەوشتی، بەڵکو دەبێتە بەڵگەیەک لەسەر زیرەکی گەلان کاتێک ڕووبەڕووی دەسەڵاتە ستەمکارەکان دەبنەوە، هەروەها توانای مرۆڤایەتی بۆ گۆڕینی لاوازی ڕواڵەتی خۆی بۆ هێزێک کە نەیارەکانی سەرلێشێواو دەکات و دەرگاکانی گۆڕانکاری بکاتەوە.
لە دەقە فەلسەفییە کۆنەکاندا بنەماگەلێک هەبوون کە پێیان دەوترا "الجهاد العادل" یان "جەنگی دادپەروەرانە"، ئەم بنەمایانە شەرعیەتی ڕەهایان بە توندوتیژی نەدەدا، بەڵکو مەرجی توندیان بۆ دانا: کە دوا ڕێگا بێت، ڕێژەیی بێت و جیاوازی بکات لە نێوان شەڕکەر و مەدەنیدا، مایکل والزێر لەگەڵ بیرمەندانی دیکە جەختیان لەوە کردەوە، کە تەنانەت لە بەرگریکردنی شەرعیشدا، پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی وەک هێڵێکی سوور دەمێنێتەوە کە ناتوانرێت تێپەڕێنرێت، ئەوان دەیانوت توندوتیژی تەنها لەو کاتەدا شەرعی دەبێت کە سێ مەرج لە یەک کاتدا جێبەجێ بکرێن "پێویستی ڕەها، هاوسەنگی لە نێوان سوود و تێچوون و ئەگەری سەرکەوتنی لە ڕاستیدا".
کاتێک ئەمڕۆ سەیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین، پرسیارەکە دەگۆڕێت، دەسەڵاتدارانی ئەوێ بە ئەنقەست و سیستماتیک خوێنی خۆپیشاندەرانی بێ چەک دەڕێژن، پرسیاری ڕەوشتی چیتر ئەوە نییە "ئایا دروستە؟" بەڵکو زیاتر "چۆن؟" و "تا چەند؟" بەرگری بەکۆمەڵ ڕەنگە لە هەندێک کاتدا ڕەوشتی دەرکەوێت، بەڵام ئەگەر هەر جۆرە خۆڕاگرییەکی چەکداری ببێتە هۆی قوربانیی زیاتر، داڕمانی کۆمەڵایەتی یان تەنانەت قڕکردنی بەکۆمەڵ، ئەوا لۆژیکی دەرئەنجامەکان ناتوانێت پاساوی بۆ بهێنێتەوە، بۆیە سنوورە کردارییەکان پەیوەستن بە سێ نیشاندەری هاوتەریبەوە: ئایا ئەگەری ڕاستەقینەی گۆڕینی ڕژێم یان پاراستنی کۆمەڵگە هەیە؟ تێچووی چاوەڕوانکراوی مرۆیی چەندە؟ کاریگەری سیاسی چی دەبێت: ئایا شەرعیەت بە بزووتنەوەکە دەبەخشێت یان تێکدەدات؟
ڕەوشتی بەرپرسیارانە تەنها کاتێک ڕێگە بە توندوتیژی دەدات کە بە ڕوونی دەرفەتی ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی زیاد بکات، نەک ئازارەکانیان زیاتر بکات، لە کۆتاییدا گونجاوترین ستراتیژ ئەوەیە کە پاراستنی ژیان لەگەڵ تێکدانی شەرعیەتی دیکتاتۆر تێکەڵ دەکات و بەمەش بە کەمترین باج ڕێگا بۆ ئازادی خۆش دەکات.

شا هەڵات، بەڵام ئەسەد مایەوە، ئایا کۆماری ئیسلامی لە هەردوو وانە فێربووە؟
کاتێک شا لە ساڵی ١٩٧٩ هەڵات، بەهۆی لەدەستدانی پایە بنەڕەتییەکان بوو، بە پلەی یەکەم وەستانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و هەڵوەشاندنەوەی چینی ناوەڕاست و داڕمانی ئەو پەیکەری کۆمەڵایەتییەی کە دەسەڵاتی بە کۆمەڵگەوە بەستەوە، مێژوو پێمان دەڵێت کە ڕووخانی ئەو تەنها بەهۆی تووڕەیی گەلانەوە نەبووە، بەڵکو بە هۆی کشانەوەی نوخبەکان لە لای خۆی و داڕمانی ئەو هاوپەیمانییانەی کە شەرعیەتیان پێبەخشیبوو.
بەشار ئەسەد کە دەسەلاتی سووریای دەکرد، چەندین ساڵ ڕووبەڕووی شۆڕش و سەرکوت بووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مایەوە، چونکە پشتی بە پێکهاتەیەکی جیاواز بەستبوو: تۆڕێکی یەکگرتووی ئاسایشی و حزبی، دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی بە وردی حیسابکراو، هاوپەیمانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە توانای بەرگەگرتنی بۆ گەڕاندەوە، لێرەدا نموونەیەکی تری مانەوە هەیە، کە تەنها توڕەیی گەل بەس نییە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێک ئەگەر ئامرازەکانی سەرکوت و دڵسۆزی بە شێوەیەکی ستراتیژی دابەش بکرێن.
پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: ئایا کۆماری ئیسلامی هەردوو نموونرکەی هەیو؟ ئایا لە هەڵاتنی شا فێربووە کە هەڵوەشاندنەوەی نوخبەکان مەترسییەکی کوشندە و لە مانەوەی ئەسەدەوە کە تۆڕی ئاسایشی و دڵسۆزی کۆمەڵایەتی دەتوانێت تەمەنی ڕژێمێک درێژ بکاتەوە؟
بەم واتایە، پێدەچێت ڕژێمی ئێران هەوڵی کۆکردنەوەی دوو وانە بدات: پاراستنی تۆڕێکی یەکگرتووی سەرکوت لە هەمان کاتدا دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیریی نوخبەکان و تێکچوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە شای هێنایە خوارەوە، ئەمەش هەوڵێکە بۆ داڕشتنی "ستراتیژی مانەوە" کە ئەزموونی داڕمانی خێرا لەگەڵ ئەزموونی بەرگرییەکی درێژخایەن تێکەڵ دەکات.
لە لایەکی دیکەوە ئەزموونی سووریا دەریخستووە کە ڕژێمێکی شێرپەنجەیی هاوپەیمانی ئەکتەرە دەرەکییەکان دەتوانێت بەرگەی نایەکسانی و کوشتنی بەکۆمەڵ بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، نرخی مانەوە لە ڕادەبەدەر بەرزە: سەدان هەزار کوژراو و ملیۆنان ئاوارە، لەگەڵ خەمڵاندنە جیاوازەکاندا ئەو ژمارەیە بە نیو ملیۆن یان زیاتر دادەنێت، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی ژمارەی قوربانیانی شەڕی سووریا لە چەند سەد هەزارێکەوە دەست پێدەکات تا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و قەوارە حکومییەکان و هاوپەیمانەکانیان بەرپرسیارێتی کوشتنی بەکۆمەڵیان لە ئەستۆ دەگرن، ئەم ڕاستیە شیکارییە دەتوانێت وەک "وانەیەکی ئاڵۆز" بۆ ڕژێمەکانی دیکە بێت، مانەوە لە ڕێگەی کوشتنی بەکۆمەڵەوەیە، بەڵام کۆمەڵگە و ناوچەکە و ڕێکخستنی نێودەوڵەتی لەناو دەبات و هەر ئەگەرێکی دووبارە بونیادنانەوەی شەرعیەت لە درێژخایەندا لەناو دەبات.
پرسیاری ناوەندی ئەوەیە کە ئایا کۆماری ئیسلامی بەڕاستی وانەکانی ڕۆیشتنی شا و مانەوەی ئەسەدی هەڵگرتووە؟ ڕژێمی ئێران لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە هەوڵی چەسپاندنی سێ پایەی مانەوە لە یەک کاتدا داوە، کە کۆنترۆڵی هەمیشەیی بەسەر ئامێری ئاسایشی، تۆڕی خێڵەکی و نەتەوەییەکان و وەبەرهێنانە ناوچەییەکان لە ڕێگەی پرۆکسییەوە کە تێچووی هەر دەستێوەردانێک لە دژی بەرز دەکاتەوە، ئەم پێکەوەگرتنە دەتوانێت پەیامێکی مەترسیدار بۆ کۆمەڵگەی ناوچەکە بنێرێت، هەروەها دەتوانین بە ئارەزووی خۆمان خوێن بڕێژین، بەڵام ئەم پەیامە بە نرخێکی زۆر دێت، کە مانەوە بە تێچووی ناشەرعییەت و گۆشەگیری نێودەوڵەتی و داڕمانی بناغە کۆمەڵایەتییەکان دێت، ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، سەرەڕای ئەو ئامارە جیاوازانەی کە لە لایەن دامەزراوە جیاوازەکانەوە پێشکەش دەکرێن، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی خەمڵاندن بۆ تێچووی مرۆیی سەرکوتکردنەکە دەکەن، بەمەش گۆڕانکاری لە دیمەنی ستراتیجیدا دەکرێت.
”چارەنووسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی سێ دەیە”
لە سێ دەیەی مێژووی ئێراندا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەوتنێکی هێڵکاری نەبوون، بەڵکو شەپۆلی یەک لە دوای یەک بوون، هەر لە ناڕەزایەتییە خۆجێیەکانی شاری ئیسلامشارەوە، تا شۆڕشەکانی خوێندکارانی ساڵی ١٩٩٩، تا بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٠٩، پاشان تەقینەوەکانی تووڕەیی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٩، کە بە شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە لوتکە، هەر شەپۆلێک کۆبووەوەی داواکارییەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنا و هەر خولێک ئەزموونی پێکەوەی نوێی بۆ زیاد دەکرد، ڕژێم لە بەرامبەردا فێری ئەوە بوو کە چۆن دەستەکانی ئاسایش خۆی توندتر بکاتەوە، چۆن هاوپەیمانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە و چۆن سەرکردەکان بکاتە ئامانج، بەڵام کۆمەڵگەش لە تۆڕەکانی دیجیتاڵەوە فێری تاکتیکی ناڕەزایەتی ناناوەندی بوو.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئایا پەنجەرەی گۆڕانکاری لە خوارەوە داخراوە؟ مەرج نییە، ڕەنگە کۆمەڵگە پێشبینی تێچووی خوێناوی بکات و ئامادە بێت بۆ ئەوەی بەرگەی بگرێت، بەڵام ئەم پێشبینییە بەو واتایە نییە کە دەرئەنجامەکەی پێشوەختە دیاری کراوە، پەنجەرە بە پێی سێ فاکتەر دەکرێتەوە یان دادەخرێت: تێچووی سەرکوتکردن بۆ دەوڵەت، توانای خۆپیشاندەران بۆ ڕێکخستن و یەکگرتن و فشار یان کارلێکی زلهێزەکانی نێودەوڵەتی، کاتێک تێچووی سەرکوت بەرز دەبێتەوە یان پشتیوانی دەرەکی بۆ ڕژێم کەم دەبێتەوە، ڕەنگە پەنجەرەکە بکرێتەوە.
شایەتحاڵی مەیدانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ و ئەوەی بەدوایدا هات، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان، ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگە ئاگاداری ئەو باجە قورسە بووە، بەڵام توڕەیی کۆکراوە بووە کە نزیک بووە لە تەقینەوە، لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، وانەی پراکتیکی ڕوونە: هەمەچەشنکردنی ئامرازەکان، لە دانیشتنی مەدەنییەوە بۆ نافەرمانی ئابووری، هەروەها لە بەرگریکردن لەسەر بنەمای مافەکانەوە بۆ شێوە سنووردارەکانی بەرگری شەرعی، لە هەمان کاتدا وریابوون لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی هاوپەیمانی فراوان، ئەگەری سەرکەوتن زیاد دەکات..
لە ڕوانگەی ڕەوشتی سیاسییەوە پێوەر ناتوندوتیژی یان دوورکەوتنەوەیەکی ڕەها لە توندوتیژی نییە، بەڵکو پارێزگاری لە هاوڵاتیانی مەدەنی و کاریگەریی کردار و پاراستنی شەرعییەتی، مێژوو دوو ڕێگای دژبەیەکمان بیردەخاتەوە: هەڵاتنی خێرای نوخبەکان، وەک ئەوەی لەگەڵ شا ڕوویدا یان مانەوەیەکی تێچووی زۆر لە ڕێگەی سەرکوتی پێکهاتەیی، وەک ئەسەد کردی، کۆماری ئیسلامی وا دیارە ئەو دووانە پێکەوە کۆدەکاتەوە، بەڵام ڕێگایەکی شەرعی و بەردەوام ناکاتەوە، بەڵکو دواخستنی کۆتایی و چەند هێندەکردنی تێچووی مرۆییە.
لە کۆتاییدا پەنجەرەی گۆڕانکاری نە بۆ هەمیشە داخراوە و نە بۆ هەمیشەیی کراوە، بەڵکو گۆڕەپانێکی دینامیکییە کە زیرەکی مەدەنی و شەرعیەتی ڕەوشتی و هەڵبژاردنی دادپەروەرانەی ئامرازەکان چارەنووسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکات.