ژنانی مەغریب؛ لە بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری بۆ خەبات بۆ مافەکانیان
لە سەرەتای داگیرکاری فەڕەنسا و ئیسپانیاوە تا ئەمڕۆ، ژنانی مەغریب نەک هەر شایەتحاڵی مێژوو بوون، بەڵکو یاریزانی سەرەکی بوون لە داڕشتنی مێژوودا، هەروەها ئامادەیییەکی بەرچاویان لە کایەی گشتی و دەستپێشخەرییە مەدەنییەکاندا هەبووە.
حەنان حارت
مەغریب- ژنانی مەغریب ڕۆڵێکی سەرەکییان لە خەبات دژی داگیرکاری بە شێوازی جیاواز بۆ پاراستنی ماف و شکۆمەندی خۆیان گێڕاوە، ئەمەش وایکردووە کە بە درێژایی مێژوو ببنە ڕەمزی هێز و خۆڕاگری.
خەباتی ژنانی مەغریبی بۆ زێدی خۆیان لە خەباتی شکۆمەندی و مافەکانیان جیا نەبووە، بەڵکو لە ڕووی مێژووییەوە لەگەڵ پرسەکانی ڕزگاری و بونیادنانی هاوڵاتیبووندا تێکەڵ بوو، لە سەردەمی داگیرکاریەوە تا دەگاتە ساتەوەختە مێژووییە سەرەکییەکان و چالاکییە بەکۆمەڵ و مافەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ، ژنان سەرەڕای ئەو پەراوێزخستنەی کە لە گێڕانەوەی فەرمیدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ڕۆڵی ناوەندییان لە بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەیان گێڕاوە.
"ڕۆڵی شاراوە لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریدا"
لە سەردەمی داگیرکاری فەڕەنسا و ئیسپانیا لە سالەکانی "١٩١٢-١٩٥٦"، ژنانی مەغریب تەنها لایەنگری خۆڕاگری نەبوون، بەڵکو یاریزانی سەرەکی بوون لەناو بەرخۆدانەکەدا، لە ناوچەکانی ڕیف، لالە خەدیجە علوییە و فاتمە بنت موبارەک بە گەیاندنی پەیام و دەستەبەرکردنی پێداویستی و پاراستنی چەکدارانی بەرخۆدان خۆیان جیاکردەوە.
لە چیای ئەتڵەسی بەرزدا، حەلیمە بوهێندە و لالە مەلیکە ڕۆڵی سەرەکییان لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا بینی، لە کاتێکدا ئامینە بنخزار دانیشتووی زرهون وێنەی ژنێکی بەرجەستە کرد کە باجی پابەندبوونی نەتەوەیی خۆی بە زیندانیکردن و گۆشەگیری داوە، شانبەشانی ئەم کەسایەتییە دیارانە، دەیان ژنی نەوتراو سەریان هەڵدا، کە ئەرکەکانی چاودێریکردن و داڵدەدان و پاراستنی منداڵانیان لە نێوان بارودۆخێکی زۆر سەختدا گرتە ئەستۆ.
ئەم هەوڵە شاراوەیە کە لەمێژە لە گێڕانەوەی مێژووییدا پەراوێزخراوە، بڕبڕەی پشتی بەردەوامی بەرخۆدانی پێکهێنا و ئێستا وەک بەشێک لە دیالۆگی فێمینیستی جیهانی سەبارەت بە پێویستی ناسینی ئەو کارە بێ موچەیەی ژنانە کە لە ململانێدا ئەنجامی دەدەن سەیر دەکرێت.
"لە سەربەخۆییەوە بۆ بونیادنانی هاوڵاتیبوونی فێمینیست"
دوای سەربەخۆیی، خەباتی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وەدەرنانی کۆمەڵایەتی و ئابووری گۆڕا، ئەوان بەشدارییان لە بەرنامەکانی پەروەردە و کاری کۆمەڵایەتی و خوێندەواریدا کرد، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و ڕۆڵی نێوەندگیرییان لە نێوان حکومەت و کۆمەڵگەدا گێڕا، ئەم گۆڕانکارییەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ژنانی مەغریبییە لە بەشداریکردنی چالاکانەیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییەوە بۆ بەشدارییان لە بونیادنانی هاوڵاتیبوون.
لە ساڵی ١٩٧٥ هەزاران هاوڵاتی بەشدارییان لە ڕێپێوانی سەوزدا کرد، کە لەلایەن مەغریبەوە دەستیپێکرد بۆ تەواوکردنی یەکپارچەیی خاکی شانشینی و وەرگرتنەوەی پارێزگاکانی باشوور، بەشداری ژنان تەنها بەشداریکردن لە بۆنەیەکی نیشتمانیدا نەبوو، بەڵکو ساتێکی سەرەکی پێکهێنا، توانای ژنانی ئاشکرا کرد بۆ ئامادەبوون لە کایەی گشتی و بەشداریکردن لە کردەوەی بەکۆمەڵ.
بەڵام شیکارییەکی فێمینیست و مافخوازانە بۆ ئەم بەشدارییە پرسیار لەبارەی سنوور و دەرئەنجامەکانی دەوروژێنێت، سەرەڕای ئامڕازە بەهێزەکەی و خستنەڕووی لەناو وتارێکی نەتەوەیی گشتگیردا، ئەم بەشدارییە وەرگێڕا بۆ دەستکەوتی سیاسی یان یاسایی ڕاستەوخۆ بۆ ژنان، کە ڕەنگدانەوەی بۆشایی نێوان دانپێدانانی ئامڕازی و بەهێزکردنی ڕاستەقینە بوو.
"لە یادەوەرییەوە بۆ کاری مافی مرۆڤ"
ئەمڕۆ زۆرێک لە ژنان لە کاری مەدەنی و مافی مرۆڤدا درێژکراوەی ئەم مێژووە دەبیننەوە، خەدیجە ئەهلیل، سەرۆکی یەکێتی ژنانی مەغریب، وتی: بیرهێنانەوەی بەشداری ژنان لە ڕووداوە مێژووییەکان نابێت لە چوارچێوەی ئاهەنگگێڕانی ئاماژەیدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت پەیوەست بکرێت بە وروژاندنی پرسیارەکانی دادپەروەری و مافەکان، بەستنەوەی یادەوەری نەتەوەیی بە خەباتی فێمینیستی هاوچەرخەوە.
ڕوونیشی کردەوە، کە کارە فێمینیستییەکانی ئەمڕۆ لەسەر ئەو پرسە بەرجەستەیە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەیە، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژیان، دابینکردنی شوێنی مانەوە و ڕێنمایی یاسایی، بەهێزکردنی ئابووری، ئەم بوارانە بە درێژکراوەیەکی سەردەمیانە بۆ ڕۆڵی ژنان لە بەرگریکردن لە شکۆمەندی مرۆڤ دەزانێت.
خەدیجە ئەهلیل پێی وایە ڕۆڵی ژنانی مەغریبی لە ڕێپێوانی سەوزدا بیرهێنانەوەی خەباتێکی بەردەوامە، وتی: لەگەڵ هەموو ساڵڕۆژی ڕێپێوانی سەوزدا، ئەو ڕۆڵەی ژنانی مەغریبی لە بۆنە نەتەوەییە جیاوازەکاندا بەبیر دێنینەوە، جا چ لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە ڕێپێوانەکان یان بەشداریکردنیان لە بەرگریکردن لەو خاکانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدا بوون.
"خەباتێکی فرەلایەنە"
دەلیلە مەسعوود، چالاکوان وتی: ژنانی مەغریب هەمیشە لە هەموو پرسە نیشتمانییەکاندا ئامادە بوون، لە ڕێپێوانی سەوزەوە تا دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بوونیان ئامڕازێک نییە، بەڵکو ڕاستیەکی بەرجەستەیە کە لە پشتیوانیکردنیان بۆ پەروەردە و بەهێزکردنی گروپە لاوازەکان و بەشداریکردنیان لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا دەرکەوتووە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەم ئامادەبوونە بابەتی پەیوەندیدار بە مافەکانی ژنان لەخۆدەگرێت و درێژدەبێتەوە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییە فراوانەکانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، مافی ژیانێکی شکۆمەندانە، هەروەها وتیشی: ئەزموونی ژنانی مەغریب نیشاندەری ئەوەیە کە خەباتی نەتەوەیی لە خەباتی مافەکان جیا ناکرێتەوە.
لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە، کە "ژنان نەک تەنها شایەتحاڵی مێژوو بوون بەڵکو دروستکەریشی بوون، چ لە کاتی بەرخۆدان و چ لە ئێستادا''.