لە قەسرینەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان؛ ژنان هێمای بەرخۆدان لە دژی داعش
تیرۆر تەنها شار و دامەزراوەکان وێران ناکات، ژنان دەکاتە ئامانج چونکە هێمای هیوا و شکۆمەندی و ڕۆحی کۆمەڵگەن، شکاندنی ئیرادەیان واتە لاوازکردنی هەموو کۆمەڵگە.
ئیخلاس حەمرونی
تونس- لە نێوان پەرەسەندنی ترسەکان لە گەڕانەوەی ڕێکخراوەکانی تیرۆریست، پرسی ژنان وەک یەکێک لە دیارترین مەیدانەکانی شەڕ سەرهەڵدەدات، ژنان زیانبەرکەوتووی بێدەنگ نین، ئەوان لە دڵی شەڕی دژی تیرۆردان، وەک چۆن مونیرە حەلیمی، چالاکوانی مافی مرۆڤی تونس وتی: بەئامانجگرتنی ژنان هەنگاوی یەکەمە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر کۆمەڵگەکاندا، لە عێراق و سووریاوە تا ڕۆژئاوای کوردستان، وێنەی ستەم و هەڕەشە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام لەپاڵ ئەوانیشدا نموونەی بەرخۆدان و خۆڕاگریش سەرهەڵدەدەن، کە ژنان لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەی مرۆڤایەتی دەبنە سیمبولی هیوا و شکۆمەندی.
لەو چوارچێوەیەدا، مونیرە حەلیمی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دانیشتووی شاری قەسرینی تونس وتی: گەڕانەوەی داعش بە پلەی یەکەم بە واتای بەئامانجگرتنی ژنان دێت، چونکە مەترسی تیرۆر لەسەر بنەمای لەناوبردنی ژنان و شکاندنی ئیرادەیان، سستی ژن بە واتای سستی خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی دێت.
ڕوونی دەکاتەوە، کە گەڕانەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە مەترسییە کۆنەکان زیندوو دەکاتەوە و ژیان نائاسایشی و بێمانا دەکات، بەمەش ژنان ناتوانن ژیانێکی ئاسایی بەڕێوەببەن یان بەرگری لە خۆیان یان لە کۆمەڵگەکانیان بکەن، بەڵام ئەم ئامانجکردنە تەنها لە کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی ژناندا سنووردار نییە هەموویان دەگرێتەوە.
بە بڕوای مونیرە حەلیمی، ژنانی سەربەخۆ، چالاکوان و شەڕڤان یان خوێندەوار نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەکەن بۆ سەر ئەو ڕێکخراوە، کە بەردەوام بە ئازاردانی ژنان و شکاندنی ئیرادەیان هەوڵی ملکەچکردنی کۆمەڵگە دەدات.
ڕوونیشیکردەوە، ئەزموونەکانی عێراق و سووریا بەڵگەی توند لەسەر ئەم ڕاستیە دەخەنە ڕوو، کە ژنان تووشی ڕفاندن و کوشتن و هەڕەشەی بەردەوام دەبن لەسەر دەستی داعش، هەروەها ژنان لەم هەلومەرجەدا بەدەست هەژاری و پەراوێزخستن و لاوازییەوە دەناڵێنن، هەروەها بەهۆی نەبوونی یاساکان هێندەی تر زیاتر تووشی زیان دەبن، تیرۆریش ئەم دۆخە بۆ تیرۆرکردن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە دەقۆزێتەوە، هەموو ئەم ئەزموونانە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژنان زیانبەرکەوتووی بێدەنگ نین بەڵکو دڵی شەڕی دژی تیرۆرە، هێمای هێز و بەرخۆدانین کاتێک پاراستن و پشتیوانییان پێدەدرێت.
مونیرە حەلیمی، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە لێدوانەکەیدا باسی لە ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ ئەم بەرخۆدانییە، ئەوان نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەکەن بۆ سەر داعش، هەر بۆیە بە توندوتیژی گشتی و تاکتیکی تۆقاندن دەکرێنە ئامانج، وتی: ئەو ژنە کوردانەی چەک هەڵدەگرن و گەلەکەیان دەپارێزن، نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک دەکەن بۆ سەر داعش، بۆیە ڕێکخراوەکە بە کوشتن و ئەشکەنجەدانیان دەیانکاتە ئامانج، وەک بڕینی کەزیەکەیە، بۆ ئەوەی پەیامی ترس بۆ هەموو کۆمەڵگەکە بنێرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داعش پێش ئەوەی جەستەی ژنێکی بەهێز بشکێنێت، هەوڵی کوشتنی ڕۆحی ژنەکەی دەدات، چونکە ئەو هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، ئەم نموونانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ژنان هێزێکی چالاکن و توانای ئاڵەنگاری تیرۆر و بەرەنگاری بە شکۆمەندیەوە هەیە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم مەترسیانەدا، مونیرە حەلیمی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پاراستنی ژنان پێویستی بە هەوڵی یەکگرتوو هەیە لەلایەن حکومەتەکان، میدیاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی، هەروەها پێویستە حکومەتەکان یاسای توند دەربکەن کە ژنان بپارێزن و تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، پێویستە میدیاکان بەبێ قۆستنەوەی دۆخی ژنان ڕاستی تەواو بگەیەنن، کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتیش دەبێت کاربکات بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ڕێکخستنی بۆنەی هاودەنگی و پاڵپشتیکردنی ژنانی پەراوێزخراوی.
”پاراستنی ژنان پایەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگەکانە”
وتی: بەرخۆدانی ژنان بە واتای بەرخۆدانی کۆمەڵگە دێت، ترس و پەراوێزخستنیش نابێت ئامرازێک بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیانییان و ژیانی گەلەکەیان"، هەروەها پاراستنی ژنان بەرپرسیارێتی تاکەکەسی نییە بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری تەواوی کۆمەڵگە.
بۆ ئەوەی بەرخۆدانە بەردەوام بێت، مونیرە حەلیمی جەخت لەسەر گرنگی پەروەردەکردنی نەوەکان لەسەر شکۆمەندی و داوای مافەکانیان دەکاتەوە، وتی: پێویستە ژنان و گەنجان فێربکرێن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە و داوای سەربەخۆیی خۆیان بکەن، ژنێکی بەهێز هێمای هیوا و بەرخۆدانییە، ئەوانەی پشتیوانی دەکەن کۆمەڵگە دەپارێزن، لە کاتێکدا ئەوانەی هەوڵی شکاندنی دەدەن، هەموو کۆمەڵگە دەخەنە دۆخێکی لاوازییەوە.
مونیرە حەلیمی چالاکوانی تونسی لە کۆتایی قسەکانیدا جەخت دەکاتەوە، لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژنان، بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان و وتی: ژنان تا ئەوکاتەی پاڵپشتی یاسایی و کۆمەڵایەتییان هەبێت، خۆیان بەدەستەوەنادەن یان تیرۆر یان پەراوێزبخرێن، توانای ئەوەیان هەیە پتەو بوەستن و بەرگری لە خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بکەن، پشتیوانیکردن و پاراستنی ژنان مسۆگەر مانەوەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەهێزە، و شکاندنی ئیرادەیان واتە لەناوبردنی هەموو کۆمەڵگە.