"لە جەنگدا ژنان وەک نامووس بەکاردەهێنرێن"

ڕوناک مەجید باسی لە بەکارهێنانی ژنان وەک کاڵا کرد، کە هەمیشە لە جەنگدا ژنان وەک نامووس بەکاردەهێنرێن، بەڵام ژنانی کورد ئەو ڕێڕەوەیان گۆڕی و توانییان شەڕ دژی داعش بکەن و ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- سیستمی سەرمایەداری هەموو کاڵا و شتومەک و بەرهەمێک بۆ بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، مرۆڤیش بە کاڵای خۆی دەبینێت و بە تایبەت ژنان بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ دەکاتە ئامڕازێک بۆ بازرگانییەکانی خۆی، شەڕی خێزان، کۆمەڵگە و دەوڵەتی پێدەکات و جارێک بە ناوی جوانی و جارێک لە بە ناوی نامووس و شەرەف و جارێکیش بە ناوی دیموکراسییەوە دەیکاتە زەرەرمەندی پەیڕەوانی سیستمی سەرمایەداری.

 

کۆردیناسیۆنەکانی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان-پاژک و کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە باس لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان، ئەفغانستان و وڵاتی دیکەی ناوچەکە دەکەن، کە لەسەر ژن بەڕێوە دەچێت و دەڵێن، "لەم شەڕانەدا نەتەوە پەرەستی، ئایین، ڕەگەز پەرەستی و زانست کە ناوچەکە و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەستیان تێدایە، ژنان و گەلان دەکەنە ئامانج، بنەمای ئەم شەڕە دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژن، کۆمەڵگە و سروشتە، سیستمی پیاوسالاری پاوانخواز لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداریدا هەموو جۆرە شێوازێکی شەڕی گڵاوی لە دژی ژنان، کۆمەڵگە و سروشت گرتووتەبەر، بەڵام تەنها شەڕی هەرێمی پەرە دەدەن و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن شەڕی ژنان، کۆمەڵگە و سروشت بە شاراوەیی بمێنێتەوە، هاوکات هەوڵ دەدەن تێگەیشتنی گەلان بشێوێنن و شەڕێکی دەروونی بەڕێوە دەبەن".

 

پاژک و کەژەکە بانگەوازی لە ژنانیش دەکەن، کە "خۆپارێزی ژنان دەبێت لە دەوڵەت نەتەوە، دەسەڵاتداری و سیستمی پیاوسالاری جیا ببێتەوە و ئەگەر پشت بە ڕێکخستنی خۆی ببەستێت، ئەوکات خۆی دەپارێزێت. بۆیە پێویستە لە دژی عەقڵیەتی سیستمی پیاوسالار خۆپارێزی بکەین و بە پەرەپێدانی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک خۆپاراستنمان بەهێز بکەین، چەندە ژنان خۆیان بەڕێوەببەن و سیستەمی بەرێوەبەری دیموکراتیک پەرە پێبدەن، زیاتر دەتوانن خۆیان و ژیان بپارێزن".

 

لەو بارەیەوە ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، باسی لەوەکرد، ئەو سیستمە سەرمایەداریەی کە بوونی هەیە، هەموو سیاسەتەکانیان دژ بە ژنانە، وەک کاڵایەک لە ژنان دەڕوانن، سەرەتای هەموو هێرشێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک داگیر بکەن، فشار دەخەنە سەر ژنەکان و بەدیل دەیانگرن بۆ دەستکەوتنی مەرامەکانیان.

 

"ژنان بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنرێن"

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: کۆیلە کردنی کۆمەڵگە بە کۆیلە کردنی ژن دەستپێدەکات و ژنان بۆ مەرامە سیاسیەکانی سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە دەستەمۆ دەکەن، سەرەتای جەنگی داعش هێرش کرایە سەر ژنانی ئێزدی، هەروەها لە هێرشەکانی ئەنفالدا دیسانەوە ژنان دەستەمۆ کران.

 

ڕوناک مەجید تیشکی خستەسەر بەکارهێنانی ژنان وەک ناموس لە هێرشەکاندا، کە هەمیشە ژنان دەکرێنە ئامانج و وتی: بینیمان لە جەنگی دژ بە داعشدا ژنانی بە ئیرادە توانیان شکست بە گەورەترین تیرۆرست و دوژمن بهێنن، کە تەواوی عێراق و سوریایی داگیر کردبوو، ژنانی کورد بوو توانیان بێنە لای یەک بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مەزنە، هەروەها هێرشی غەززە و ئیسرائیل لە سەرەتادا هێرشیان کردە سەر ژنان، هەتا ئێستاش هێرشەکانیان بۆسەر ژنانە و ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکین لەم جەنگەدا.

 

لە کۆتایدا ڕوناک مەجید گرنگی یەکگرتن و بزووتنەوەی ژنانی هەڵسەنگاند و وتی: بزووتنەوەی ژنان لە شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستاندا نمونەن بۆ بەرخۆدانی ژنان لە ڕووی بەڕێوەبردن و سیاسەتکردنەوە، تەنانەت ژنان لە سیاسەتە هاوپەیمانیەکاندا بەشداری دەکەن، بۆیە دەبیت ژنانی جیهان بێنە لای یەکدی بۆ خۆپاراستن لە دەستدرێژیەکان، تا دوژمن نەتوانێت ئەو ئیرادەیەیان تێک بشکێنێت.