مەهدیە گوڵروو: میدیای دەوڵەتی ئێران بۆتە ژووری جەنگ بۆ بڵاوکردنەوەی ترس
مەهدیە گوڵروو، چالاکوانی سیاسی و ژنان جەختی لەوە کردەوە، کە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناتوانرێت تەنها بە بزووتنەوە ئابووری یان کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان هەژمار بکرێن، بەڵکو کردەوەیەکی سیاسییە لە ژێر دەسەڵاتی تۆتالیتاری و فەقهی ئیسلامیدا.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە تا خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات، خەباتی ئەمڕۆ، ئیتر تەنها بەرەنگاربوونەوەیەکی نێوان گەل و حکومەت نییە، بەڵکو بۆتە شەڕێک بۆ پاراستنی بناغەی ڕاستەقینەی شۆڕشی "ژن، ژیان،3 ئازادی" کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی سەرکوتی ئاشکرا و شەڕێکی پڕوپاگەندەی توند و هەوڵی ڕێکخراو بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی گەل بووەتەوە.
سەرەڕای پچڕانی تەواوەتی ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان بەردەوامن لە دزەپێکردن بۆ جیهان، تەنانەت دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی ناچاربوون دان بە کوشتنی سەر شەقامەکاندا بنێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی قەیرانەکەیە.
بیروڕای گشتی لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی حاڵەتێکی شڵەژان دەبێتەوە، چونکە هەندێک لە گروپەکان هەوڵ دەدەن ئەم بزووتنەوە جەماوەرییانە بقۆزنەوە یان لە دروشمە ڕەسەنەکانیان کە پەیوەندییان بە داواکاری پێشکەوتنخوازانە و مافی مرۆڤەوە هەیە، دەزگاکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ چالاکوانی سیاسی و ژنان مەهدیە گوڵروو ئەنجامدا.
دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟، میدیاکان لە گەیاندنی دەنگی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە جیهان دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن؟
چەندین جار جەختم لەوە کردووەتەوە، ناڕەزایەتییەکان کە لە بازاڕدا سەریان هەڵدا، ناتوانرێت تەنها بە بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی یان کولتووری هەژمار بکرێن، هەروەها ژیان لە ژێر دەسەڵاتی تۆتالیتاری و دیسپۆتیدا بەو واتایەیە کە هەموو ناڕەزایەتییەک بەبێ گوێدانە سروشتی سەرەتاییەکەی، دواجار دەگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی سیاسی.
ئەم ناڕەزایەتیانە بە خێرایی لە ڕۆژی دووەمدا بۆ زانکۆکان، پاشان بۆ شەقام و شار و ناوچە جیاوازەکان کە ساڵانێک بوو بە شێوەیەکی مەجازی لە نەخشەی فەرمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوور خرابوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەناو ئەم ناڕەزایەتیانەدا دەنگیان دەبیسترێت بڵاوبوونەوە، کەسانێک کە ساڵانێکە پشتگوێ خراون ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان دەکەن، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران بە داخستنی ئینتەرنێت هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو دەنگانە دەدەن و ناهێڵن بگەنە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئێستاش بەشێکن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، دوای سەرکوتکردنی بەربڵاوی، ئێمە شاهیدی گۆڕانکاریی قووڵ بووین لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، دوای شۆڕش خەڵک باوەڕیان بە توانای ڕووخاندنی دەسەڵات هەبوو، ئەم هەستکردنە بە بەهێزکردن و متمانە بەخۆبوون و هاوپشتی نەتەوەیی لە ماوەیەکی کورتدا چەندین شەپۆلی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، لە ڕێپێوانی مامۆستایان و خانەنشینەکانەوە تا دەگاتە مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان و ناڕەزایەتی بەربڵاو لە کوردستان.
ئایا مەترسی ئەوە دەبینن کە شۆڕشی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە بڕفێندرێت، وەک ئەوەی لە ئەزموونەکانی پێشووی شۆڕشی ١٩٧٩دا ڕوویدا؟، پێت وایە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرکوت و لەسێدارەدانی بەربڵاوی ساڵانی شەستەکان هەیە؟
من بەڕاستی باوەڕم بەوە نییە کە شۆڕشی ١٩٧٩ بە تەواوی لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە ڕفێندرابێت، بەڵکو پێم وایە بەشێکی زۆر لە ئەنجامی بێدەنگی هەندێک کەس لە بەرامبەر شێواندنی دروشم و داخوازییەکانی شۆڕشدا بووە، ئەمەش لە ئەمڕۆ دەیبینین، کاتێک ئەوانەی خۆیان بە "سەرکردەی گوازراوە" ناودەبەن، وردە وردە چەمکەکانی وەک ئازادی لە دروشمەکانیان و تەنانەت لە هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لادەبەن، کە تەنها بەرهەمهێنانەوەی ئەزموونی مێژوویی تاڵمانە.
ڕەنگە جیاوازی ئەمڕۆ لەوەدا بێت کە لە ساڵی ١٩٧٩دا زۆرێک وتیان "با بۆ ئێستا بێدەنگ بین و با شتەکان تێپەڕن" و هیچیان لە دژی خومەینی و شوێنکەوتووانی نەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین تەنها بە لابردنی دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" لە هەندێک ڕێپێوان بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵات، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی دەستبەجێی لێدەکەوێتەوە، بەڵام هێشتا دەبینین هەندێک لە خۆپیشاندەران تەنها داوایان لێدەکرێت دروشمێکی دیاریکراو بڵێنەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەردەوامی کەشوهەوای دوورخستنەوە و پەراوێزخستن.
بە بڕوای من ئەمڕۆ ئەرکی سەرەکیمان فێربوونە لە وانە تاڵەکانی مێژوومان، با سڕینەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕێپێوان و لێدوان و تۆڕی کۆمەڵایەتیدا پشتگوێ نەخەین، با ئەو بانگەوازانە پشتگوێ نەخەین کە وتیان تەنها یەک کێشە هەیە و پێویستە هەموو داواکارییەکانی دیکە پشتگوێ بخرێن.
ڕەنگە بەدبەختی مێژوویی ئێمە بێت کە بەسەر ئەزموونی شۆڕشی ١٩٥٧ و سەرکوتکردنی شەستەکاندا تێپەڕین، بەڵام ئەم ئەزموونە، لانیکەم بۆ نەوەی ئێمە، مانای هۆشیارییە، چەندین جار بیستوومانە کە چۆن لەماوەی ئەو ساڵانەدا هەندێک بێدەنگ بوون و پێیانوابوو سەرکوتکردنەکە تەنها ئەوانی دیکە دەکاتە ئامانج، سەرەتا کورد، پاشان بەلووچ، پاشان هێزە نەتەوەییەکان، پاشان چەپەکان، بەڵام سەرکوتەکە گەیشتە هەموو گۆشە و ئاراستەیەک و هۆکارەکەش بە تایبەتی باوەڕی زۆرێکە کە پێیان وابوو هەرگیز نۆرەی ئەوان نایەت.
پێت وایە نەبوونی یەکگرتوویی توانای بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ناڕەزایەتی و وەدەرنانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لاواز کردووە؟
لە ساڵانی دوای ئەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانم بەجێهێشتووە، چەندین جار تووشی یەکێک لەو کێشانە بووم کە ڕێگری لە هاوکاری نێوان لایەنە جیاوازەکان دەکات، بەڕای من و بەبێ گوێدانە ئەزموونە مێژووییە تاڵەکان، ئاستی قبوڵکردنی کردەوەی پێکەوەیی لای گەل بەرز نییە، قبوڵکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە داواکارییەکان یەکسان نین، هاوڵاتییەکی ئاسایی ئێران لە داخوازییەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەگات، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە نۆرەی خۆیان، داواکاری هەر تاکێک لە شیراز یان هەر شوێنێکی دیکە قبوڵ بکەن.
نابێت چاوپۆشی لە دوو بەربەستی جددی بکرێت، لە لایەک سەرکوتکردنی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێک یان جۆرێکی تر هەموو ئەو گروپانەی کردە ئامانج، ئەوانەی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوون ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەڕەشەی لەسێدارەدان بوونەتەوە و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیش بوون کەوتنە ژێر فشاری ئاسایش و سیاسی، لە لایەکی دیکەوە توێژێک لە ئۆپۆزسیۆن کە خۆی وەک درێژەپێدەری وتاری "ئێران-شار" یان میراسی ڕژێمی پەهلەوی دەبینی، هەندێک جار بە پێی سیاسەتەکانی ڕژێم بە تێکدانی کەسایەتی و بزووتنەوە کۆمارییەکان مامەڵەیان دەکرد.
هەرچەندە هەردوولا خاوەنی میدیا و پڕوپاگەندە و کاریگەریی نێودەوڵەتی بوون، نزیکبوونەوە و هاوکاریی فراوانیان لە ڕادەبەدەر قورس کرد، بەڵام ئەم ڕاستیە لە ڕەخنە بێبەرییان ناکات، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم گرووپانە دەیانتوانی و زووتر و بە جددییەکی زیاترەوە بگەنە ڕێککەوتن و هاوکاری کاریگەر.
بە سەرنجدان بە سەرکوتی بێوێنەی بەردەوام و پچڕاندنی ئینتەرنێت و پشتبەستنی ڕژێمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنەی توندوتیژ بۆ ترساندنی کۆمەڵگە، ئایا ئەم سیاسەتەی سەرکوت و ترسە دەتوانێت شۆڕشی تازەپێگەیشتوو کە بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد، ڕابگرێت یان ڕێگری بکات؟
خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە، ئەویش جیاوازی نێوان ڕێبازی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ڕێبازەکەی لە ڕابردوودایە، جەخت لەوە دەکەمەوە کە وەڵامی حکومەت بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوودا هەیە، لە هەفتە سەرەتاییەکانی دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا خۆی نیشان بدات کە ئارەزووی وتووێژی هەیە و بە میوانداریکردنی کەسایەتییە ڕیفۆرمخوازەکان لە تەلەفزیۆنەکان و داوای لە خۆپیشاندەران کرد کە هێور ببنەوە و دانوستان بکەن.
بە بڕوای من قەبارە و چڕی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ، بە بەراورد لەگەڵ دەیان ساڵی ڕابردوو، حکومەتی ناچار کردووە شێوازی خۆی بگۆڕێت، زۆرێک لەو وێنە دڵتەنگکەرانەی ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یان لە میدیای فارسی لە تاراوگەدا دەیبینین، پێشتر لە میدیای فەرمیی ڕژێمدا بڵاوکرابوونەوە، لەوانە پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسەکانی هەواڵ، تەنانەت وێنەی گۆڕستانی پزیشکی دادوەری و بەهشت زەهرا و گۆڕستانەکانی شارە جیاوازەکان بۆ یەکەمجار لە تۆڕی هەواڵی کۆماری ئیسلامی پەخش کران.
ڕوونە کە حکومەت بە ئەنقەست ئەم وێنانە بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕاستەوخۆ بگەیەنێت، ئێمە ئەم ژمارەیەمان کوشت، ئەگەر بچنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان چارەنووستان هاوشێوە دەبێت، ئەم شێوازە تەنها لە ساڵانی سەرەتای دوای شۆڕشدا بینرا، کاتێک وێنەی لەسێدارەدراوەکان لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان نمایش دەکرا، دواتر ڕژێمی ئێران بۆ شاردنەوەی ڕادەی توندوتیژیەکانی هەوڵیدا لە پشت پەردەوە خۆی بشارێتەوە، بەڵام ئەمجارە دیمەنەکە تەواو جیاوازە، بە خەمڵاندنی من ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی بوونەتە شتێک کە لە "ژووری جەنگ"ی تەواو دەچێت، نەک دەزگای ڕاگەیاندن بۆ گەیاندنی هەواڵ، بەڵکو ئامرازێکی ڕێکخراوە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە ناڕەزایەتی.