دەروونی منداڵان لە سایەی شەڕدا
لەو بارودۆخە نائەمنیانەی کە شەڕو ناکۆکی دروستی دەکەن، قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەت لە ماڵەوە ڕێگایەکە بۆ کەمکردنەوەی ترس و دروستکردنی هەستی ئاسایش و ئارامی، چونکە منداڵان لەکاتی جەنگدا رووبەڕووی فشارە دەروونی و جەستەییەکان دەبنەوە.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ-هەر لە سەرەتای ململانێ و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، نەبوونی ئینتەرنێت لە ئێران کێشە ئابوورییەکانی زیاتر کردووە. جگە لەوەش فشار و چەوساندنەوە زیادی کردووە و نیگەرانییەکان لە بارەی دۆخی ژنان، منداڵان و بنەماڵەکان لە ئێراندا سەریان هەڵداوە.
لەم بەرنامەیەدا هەوڵ دەدەین بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە بکەین و هەڵسەنگاندنێکی وردتر بۆ دۆخی منداڵان لە ئێران بخەینەڕوو. بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە، چالاکی مافی منداڵان خاتوو پەروین ئازاد میوانی بەرنامەکەمانە.
*لە بارودۆخێکدا کە ژنان لە ئێراندا ڕووبەڕووی کەشوهەوای شەڕ و نائەمنی و چەوساندنەوە دەبنەوە، ئەم دۆخە چۆن کاریگەری لەسەر هەستی ئاسایش و تەندروستی دەروونیان هەیە؟
بۆ ئەوەی منداڵان بە تەندروستی و هاوسەنگی گەورە ببن، پێویستیان بە ئاسایشە لە ماڵەوە، لە خوێندنگە و لە ژینگەی کۆمەڵایەتی دەوروبەریان. چونکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیاندا هێشتا هێزی ئەوتۆیان نییە کە خۆیان بپارێزن و سەربەخۆیی فیکری بەدەستبهێنن.
پارێزراوی منداڵ لە سایەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان
بەداخەوە لە ئێران لەبەردەم دۆخێکداین کە زۆر کەس پێیان وایە پارێزراوی منداڵان و بنەماڵەکانیان لەبەردەم کیشەی جدیدان، ئەم کێشەیە تەنیا لە ژینگەی ماڵەوە سنووردار نییە، بەڵکو بە شەقام و خوێندنگەو ژینگە کۆمەڵایەتییەکانیشدا تەشەنەی کردووە. میلیتاریزەکردنی کایەی گشتی، بوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان لە کۆمەڵگەدا، ڕووداوەکانی وەک زنجیرەی ژەهراویکردنی خوێندکاران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەو سەرکوتی بەربڵاو، نیگەرانییەکی زۆری لەبارەی دۆخی منداڵان و گەنجانەوە دروستکردووە. جگە لەم ڕووداوانە، کوژرانی ژمارەیەک لە منداڵان و لاوان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا و هەروەها مشتومڕ لەسەر بەکارهێنانی لاوان لە پێکهاتە تەشکیلاتی و نیزامییەکان، پرسیاری جدی سەبارەت بە پارێزراوی، ماف و ئایندەی منداڵان لە ئێران ورووژاندووە. بۆ نموونه پرسی تۆمارکردنی گەنجان له پێکهاتەکانی وەک بەسیجدا یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە.
لە نێویاندا ئەو منداڵانەی لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکاندا بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە
ئەمە یەکەمجار نییە کە منداڵان لە چوارچێوەی پرسە سیاسی و سەربازییەکاندا بەکاردەهێندرێن، لە ساڵانی ڕابردوودا نموونەی هاوشێوەمان بینیوە، لەوانە ئەو منداڵانەی کە لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکاندا بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، بەکارهێنانی گەنجان و منداڵان لە چوارچێوەی شەڕ و کۆکردنەوەی گشتیدا هەمیشە پرسێکی مشتومڕاوی بووە.
ئەو منداڵانەی لە بارودۆخی فشار و توندوتیژی و نائەمنی و ژینگەیەکی توندی ئەمنیدا گەورە دەبن، زۆرجار ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و ترسی بەردەوام و هەستکردن بە نائەمنی و تەنیایی و نامۆبوون دەبنەوە..ئەم ئەزموونانە دەتوانن کاریگەری قووڵیان هەبێت لەسەر تەندروستی دەروونییان و ژیانی داهاتوویان. زۆرێک لە شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەو منداڵانەی بەرکەوتەی توندوتیژی بەردەوام دەبن، ڕەنگە کاریگەری ئەم ئەزموونانە لەگەڵ خۆیاندا هەڵبگرن تا تەمەنی گەورەیی و لە هەندێک دۆخدا توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا جێگیر دەبێتەوە.
قەیرانی ئابووری جۆرێک لە هەژاری پەروەردەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت
لەڕووی فاکتەری ئابوورییەوە، ئێمە لەبەردەم دۆخێکی بەرزبوونەوەی نرخداین. هەڵاوسان و ناسەقامگیری ئابووری، بەتایبەتی لەم دواییانەدا و دوای شەڕ، فشارێکی زۆری خستۆتە سەر خێزانەکان. ئەم دۆخانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی منداڵان هەیە، جگە لە کێشەکانی بژێوی ژیان، سنووردارکردن یان بەربەست لەبەردەم دەستگەیشتن بە ئینتەرنێتیش بە بابەتی گرنگ دادەنرێت. بەو پێیەی ئەمڕۆ ئینتەرنێت بووەتە یەکێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، ئەو گرفتە ئابووریانەی لە ئێستادا ڕووبەڕوومان بوونەتەوە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی منداڵان هەیە، زیادبوونی فشارە ئابوورییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان لە خوێندن وازبهێنن و بەشێکی زۆریان ناچاربن بچنە ناو کاری زۆرەملێ، هاوکات هاوسەرگیری منداڵان و خوار تەمەنیش لە زیادبووندایە، کوالیتی خوێندن کەم دەبێتەوە و بارودۆخی گەورەبوونی منداڵان خراپتر دەبێت.
دۆخی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت خراپتر دەبێت
ئەم هۆکارانە کۆدەبنەوە بۆ قووڵکردنەوەی دابەشبوونی چینایەتی لە کۆمەڵگەداو بڵاوکردنەوەی جیاکاری و نایەکسانی. پێشتر زۆرێک لە خێزانەکان بەشێک لە داهات و بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیدا دەکرد، بەڵام لەگەڵ سنووردارکردن و پچڕانی ئینتەرنێت، بەشێکیان ڕووبەڕووی بێکاری و کێشەی ئابووری سەختتر بوونەتەوە، هەروەها ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و داهاتووی منداڵانی ئەو خێزانانە هەیە، دۆخەکە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەوەش سەختترە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زۆرجار لە یەکەم کەسەکانن کە لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا خزمەتگوزاری پشتیوانی لەدەست دەدەن، نەبوونی ئامێری چاکسازی، کەمیی دەرمان، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری تایبەتمەند و کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی پەروەردەی گشتگیر، لەو کێشانەن کە دەتوانن ژیانیان قورستر بکەن.
منداڵان زیاتر تووشی فشاری دەروونی دەبن
لە کاتی قەیرانەکاندا منداڵان تووشی چەندین فشاری دەروونی دەبن. لەم جۆرە بارودۆخانەدا منداڵان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە پارێزراوی دەروونی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی و ژینگەیەکی پارێزراو هەیە. زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان بە بەردەوامی ئیدانەی کارەکانی حکومەتیان کردووە لە بەکارهێنانی منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی و سەربازی. بەکارهێنانی منداڵان وەک ئامراز لە بابەتە سیاسی و سەربازییەکاندا نموونەیەکی ڕوونە لە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و لە هەندێک دۆخدا دەتوانێت نموونەی پێشێلکردنی ڕێکخراو بێت بۆ مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان.
* دەروون و سەلامەتی منداڵان چۆن دەپارێزرێت؟
لە پێناو پاراستنی لایەنی دەروونی و سۆزداری و فیکری منداڵان لەم جۆرە بارودۆخە مەترسیدارانەدا، بەرپرسیارێتی ئێمە تەنها لە پاراستنی جەستەیی ئەواندا سنووردار نییە. کاتێک منداڵان شاهیدی ستەم و توندوتیژی و هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەستبەسەرکردنی دایک و باوکیان و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان دەبن، ئەم ئەزموونانە دەتوانن شوێنەواری قووڵ لەسەر مێشک و ڕۆحیان بەجێبهێڵن.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دەنگی منداڵان بین و هەستێکی ئاسایشیان پێبدەین لە ژینگەی خێزان و ژینگەی منداڵیدا. زیاتر لە هەموو شتێک، منداڵان پێویستیان بە بینین و بیستن هەیە، پێویستە هەست بەوە بکەن کە ترس و نیگەرانی و هەستەکانیان گرنگە و شوێنێکی پارێزراو هەیە بۆ دەربڕینی خۆیان.
نابێت کەمتەرخەم بین لە وەرگرتنی یارمەتی پیشەیی
لەو دۆخانەی کە منداڵان دوای قەیرانێک، شەڕێک یان ئەزموونی توندوتیژی تووشی کێشەی دەروونی دەبن، دەتوانین داوای یارمەتی لە ڕاوێژکاران، دەروونناسانی منداڵان و چالاکانی مافی منداڵان بکەین.