یەپەژە؛ لەنێوان ڕزگارکردنی جیهان لە داعش و چارەنووسی نوێی سووریا
ژنانی کورد، لە تەواوی پارچەکانی کوردستان، بە هەبوونی دروشمی پێکەوەیی و بە دەربڕینی پشتگیرییەکنیان بۆ هێزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دەڵێن: هێزی یەپەژە لەهەر جێگایەکدا دەتوانن بەرخۆدانی خۆیان بەردەوام بکەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ناو بارەگایەکی سەربازی لە دەوروبەری قامیشلۆ، ژنانێک بە جلوبەرگی سەوز و چەک لە شان، بە ئارامی لە نێوان بیناکاندا هاتوچۆ دەکەن. لەسەر دیوارەکان، وێنە و ناوی شەهیدان هەڵواسراوە، ئەم شوێنە یەکێکە لە بارەگا سەرەکییەکانی یەپەژە کە هێزێکی ژنانەولە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بووە هێمای بەرخۆدان، بەڵام ئێستا، لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، هێزەکە لە بەردەم قۆناغێکی نوێدایە؛ قۆناغێک کە پرسیار لەسەر داهاتووی بوونی یەپەژە دەکرێت، “یەکینەکانی پاراستنی ژنان”، لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزرا. لە سەرەتای شەڕی سووریا، ئەو هێزە وەک بەشێکی سەربازیی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکهات، بەڵام خێرا گەشەی کرد و بووە هێزێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بە داعش، لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کۆبانی، ژنانی یەپەژە لە هێڵی پێشەوەی شەڕدا بوون. شەڕی کۆبانی ناوی یەپەژەی گەیاندە میدیای جیهانی و وێنەی ژنانی چەکدار بوو بە هێمای بەرخۆدانی کوردی، بۆ زۆرێک لە ئەندامانی یەپەژە، چەکگرتن تەنها شەڕ نەبووە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بووە. ژنان لە ناو هێزەکە فێرکاریی سەربازی، سیاسی و ڕێبەری وەردەگرن و زۆرجار باس لە “شۆڕشی ژنان” دەکەن، فەرماندەکانی یەپەژە دەڵێن "هێزەکە تەنها بۆ پاراستنی ناوچەکان و بەرگری لە ژنان پێکهاتووە.
ژنان دەڵێن: یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە ژنانی خستووەتە ناو بەڕێوەبردن و بڕیاردان. لە ماوەی شەڕی سووریا، ژنان لە ڕۆژئاوا لە بوارەکانی ئەمنیەت، دادگا، سیاسەت و بەڕێوەبردندا ڕۆڵی زیاتر وەرگرتووە.
ژنان بۆ ئاژانسەکەمان دوان و باسیان لە گرنگی هێزی یەپەژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد.
" ژنی کورد ئازاو بەجەرگە، خاک و ناسنامەی ژنبوونی دەپارێزێت"
دڵکەش عەبدوڵا وتی: سەرەڕای هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی کورد، یەکنەگرتنی گەلی کورد ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی هێرش و داگیرکارییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا، ژنان لە دوای شەڕی داعشەوە بونە سیمبولی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری، بونە دەنگی جیهان و ئازایەتی و بویێریان تەواوی جیهانی هۆشیارکردەوە، ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان لە ڕێگەی توانای ڕوبەڕووبونەوەی داگیرکەرانیان هەیە، بەڵام ژنانی رۆژئاوای کوردستان ئەو بوێری و ئازای و پێکەوەیەیان لە شەڕی داعش تا ئێستە بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەو سایاسەتە تیرۆرستییەی ئەحمەد شەرع لە ناوچەکەدا ئامانجی لە ناوبردنی کوردە، لە دەنگ و ڕەنگی ژنانی کورد لە ناوچەکەدا دەترسێت، بۆیە لە ڕێگەی چەند پەیامێکی ڕێکەوتنیەوە ئەیەوێت ژنی ئازاد و چەک بەشان ئیدی بەرگری لە خاک و ناسنامەی ژنبوونیان نەکەن، داوا دەکات هێزی یەپەژە تێکەڵببێت، ئێمەی ژنان لەگەڵ تێکەڵبوونی هێزەکانی یەپەژە بە هێزی ئەحمەد شەرع، بەردەوام پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین تا بە ئازادانە هەوڵ بۆ فکر و ژیانیکی پێکەوەی ئازاد بدەین.
"هێزی یەپەژە لەهەر جێگایەکدا دەتوانن بەرخۆدانی خۆیان بەردەوام بکەن"
گوڵاڵە حەمەڕەشید، باسی لەوەکرد نەتەوەی عەرەب هاوشێوەی نەتەوە تورک و فارسەکان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دژی کورد لە هەوڵدان، وتی: ئەحمەد شەرع ئامانجی تواندنەوەی هێزەکانی ژنانە، ژنانی کورد لە جیهاندا وەک سومبولی ئاشتی بە وێنەو هێرشەکانیان مێژوویان تۆمارکرد، بەر لە ١٠ ساڵ ڕوبەڕووی داعش بونەوە، کە بوە هۆکاری ئەوەی ژنانی کورد بەهێا و خۆڕاگر لە جیهاندا بناسرێت، بەڵام ئەحمەد شەرع ئامانجی تواندنەوەی ئەو هێزە خۆڕاگرەیە، ئێمەی کورد پێویستیمان بەو هێزەی خۆمان لە ناوچەکەدا هەیە، چونکە دەزانین کورد هەمیشە لەژێر هێرشی داگیرکەردایە، بۆیە دەبێت هێزێکی تایبەت بە ژنان هەبێت تا پارێزگاری لە خاک و لە ژنبوونی خۆی بکات، هێزی یەپەژە لەهەر جێگایەکدا دەتوانن بەرخۆدانی خۆیان بەردەوام بکەن، داوادەکەم تا بتوانین ژنانی کورد بەرگری لە ژنبوونی خۆمان بکەین.
"بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی ژنان چەکەکانیان دانانێن"
ژینما عەلی، هاوڵاتی، وتی: داگیرکاران لە تەواوی پارچەکانی کوردستان لە دەنگی ژنانی کورد دەترسن، لە کورد و دابونەریتی کورد دەترسن، قبوڵنەکردنی هێزەکانی ژنان و دەستکەوتە شۆڕشگێڕییەکانیان لە لایەن دیکتاتۆرانەوە، وایکردوە ژنان سورتربن لەسەر بەدەستهێنانی ماف و هێزو خەبات و بەرخۆدانیان، تابتوانن ڕێگری لە دگیرکەر بکەن و خاک و کولتوور و زمانیان داگیرنەکرێت.
" ئێمەی ژنان پێویستە پێکەوەیمان هەبێت تا بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین"
ڕازاو قادر، هاوڵاتی ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هاتنی هێزی تیرۆرستی داعشدا کورد ئەزموونی کردووە، ڕۆڵەکانی کوردیان بەدیل دەگرت تا ناسنامەی کورد بسڕێتەوە، وتی: من ئەزموونی داعشم کردووە، کوڕەکەم پێشمەرگە بوو، کاتێک داعش هێرش دەکاتە سەریان ڕووبەڕووی گرتن یان نزیک لەگرتن و شەهید کردن دەبنەوە بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاری کەسانی دیکە لەدەستیان ڕزگاریان دەبێت، ئەوە نمونەی زیندووە لەبەر چاومان بۆیە ناتوانین جارێکی دیکە متمانە بە ئەحمەد شەرع و هێزەکەی بکەن، چونکە فکرێکی داعشی هەڵگرتووە، هەروەها ژنانی یەپەژە لەوێدا تەنها خۆیان دەتوانن بەرگری لە ناسنامەو هەبونیان بکەین، ژنانی هەر پارچەیەکی کوردستانبن ئێمە پاڵپشتیان دەکەین، کورد پێویستی بە پێکەوەی هەیە تا بتوانێت بەرگریلە خاک و ناسنامەی خۆی بکات.