کۆچبەرانی عەفرین: بەهۆی گرانی نرخەوە ناتوانین بەڕۆژوو بین

ئەو ژنانەی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا، لە مانگی ڕەمەزاندا سەختییەکانی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، دەبوو لەم مانگەدا نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان کەمتر بوایە، بەڵام بەهۆی گرانییەوە، ناتوانن کیلۆیەک گۆشت بکڕن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە مانگی ڕەمەزاندا بەهۆی دەستوەردانی حکومەتی دیمەشق نرخی کاڵاکان لە کانتۆنی شەهبا بەرزبووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دەبێت، لەم مانگەدا کە ڕەمەزانە، خەڵک ژەمی بەتام و قورس ئامادە دەکەن و بەڕۆژوو دەبن، بەڵام بەداخەوە کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا بەهۆی گرانی نرخی کاڵاکانەوە ناتوانن بە ئاسانی بەڕۆژوو بن.

 

"لەم مانگەدا ژەمی قورسمان ئامادە دەکرد"

فیکرەت عەزیز حەسەن سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەڵێت: ئێمە کۆچبەری عەفرینین، هیچ شتێکمان نییە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆمان بەدەستبهێنین، ئەمساڵ هەموو شتێک گرانتر بووە، خەڵکیش ڕووبەڕووی سەختی و ئاستەنگ دەبنەوە، بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا، چونکە ئامادەکاری بۆ ژەمە خواردنە بەتامەکان بۆ خێزانەکان دەکرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گرانی نرخەکانەوە ناتوانین خواردن ئامادە بکەین، دەبێت چارەسەرێک بۆ کێشەی گرانی نرخەکان بدۆزرێتەوە، کاتێک لە عەفرین بووین، دەمانتوانی بە ئاسانی درێژە بە ژیانمان بدەین، هەرچەندە نرخەکان زۆر بوون، بەڵام دۆخمان باش بوو و بژێویشمان هەبوو، هەستمان بە بەرزبوونەوەی نرخەکان نەدەکرد، هەلی کار لە شەهبا کەم هەیە، بۆیە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە.

 

"پێویستە لە مانگی ڕەمەزاندا نرخی شتەکان هەرزان بێت"

فەهیمە ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵک بەڕۆژوو دەبن و وتی: خەڵکی عەفرین تووشی ئاستەنگی زۆر دەبینەوە، دوور بوون لە خاکەکەمان کەم نەبوو، گرانی کاڵاکانیشی هاتەسەر، ئێمە بەڕۆژووین، شتەکان دەبێت هەرزان بێت لە جیاتی گران ببێت، کاتێک لە مانگی ڕەمەزاندا لە عەفرین خەریکی ئامادەکردنی ژەمێک بووین، هەموو خێزانەکە کۆدەبوونەوە و زۆر دڵخۆش بوون، ئێستا لە مانگی ڕەمەزانداین و ناتوانین کیلۆیەک گۆشت بۆ مناڵەکانمان بکڕین، ناتوانین سەوزە و گۆشت بکڕین، پێویستە لانیکەم لە مانگی ڕەمەزاندا شتەکان هەرزان بن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بەڕۆژوو بن و خواردن دروستبکەن.