خەتەنەکردنی منداڵانی کچ لە سودان بەردەوامیی هەیە

خەتەنەکردنی مێینە کارێکی قووڵە لە هەندێک کۆمەڵگەی سوداندا، کە دەبێتە هۆی ئازارێکی قووڵی دەروونی و جەستەیی، سەرەڕای یاسا و هەڵمەتەکانی دژی، ئاڵەنگاری گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵگە لە نێوان ململانێ و ناسەقامگیریدا بەردەوامن.

میرفەت عەبدولقادر

 

سودان- خەتەنەکردنی مێینە لە سودان پرسێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە تاوانبار کراوە و هەوڵە بەرچاو و چڕەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی، هەر کە منداڵێکی کچ لە سودان تەمەنی دەگاتە پێنج شەش ساڵ و دەست دەکات بە تێگەیشتن لە جیهانی دەوروبەری، ترس دەخزێتە ژیانیەوە، پاشان بەپێی بیروباوەڕ و پراکتیزە ناوخۆییەکان، تووشی خەتەنەکردنی مێینە ”بڕینی ئەندامەکانی ناوەوە” دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکات "سێکس پێش هاوسەرگیری".

 

لە ڕابردوودا، ژنان شانازییان بە خەتەنەکردنی کچەکانیانەوە دەکرد، پێشتر ڕێکارەکە چەندین ڕێوڕەسمی زۆری تێدابوو، کە هاوشێوەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییە، خێزانەکە کەسوکار و هاوڕێیانیان بانگهێشت دەکرد بۆ مەراسیمی خەتەنەکردن، کە بریتی بوو لە سەربڕینی ئاژەڵ و سازدانی ئاهەنگ، منداڵە کچەکە وەک بووک ئامادەکرا، لەگەڵ مەراسیمی خەنە و ئامادەکارییەکانی تر.

 

منداڵە کچەکە پێش هاتنی مامانەکە ڕازاوەتەوە، کە لە ناوچەکەدا بە "دایە" ناسراوە، سێ چوار ژن دەهێنرێنە ژوورەوە بۆ ئەوەی کچەکە لە کاتی خەتەنەکردنەکەدا هێمن ڕابگرن، کە ناویان لێنابوو "طهور"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاککردنەوە لە "بێ ڕەوشتی"، لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا، ژنانی دەرەوە تەپڵ لێدەدەن و بە دەنگی بەرز گۆرانی دەڵێن بۆ ئەوەی هاوارەکانی ئەو منداڵە کچە بخنکێنن کە هێشتا نەشتەرگەرییەکەی تەواو نەبوو، لەم نێوەندەدا دایکی منداڵە کچەکە یان نوێنەرەکەی دەچێتە ژوورەوە، نەک بۆ دڵنەوایی، بەڵکو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە "دایە" خەتەنەکردنی فیرعەونی ئەنجامداوە، کە توندترین شێوەی خەتەنەکردنی مێینەیە، بریتییە لە بڕینی بەشێکی زۆر لە ئەندامی زاوزێی منداڵە کچەکە بە ئامێرێکی تیژ، بەمەش دڵنیا دەبێتەوە لەوەی منداڵە کچەکە "سێکس ناکات" پێش هاوسەرگیری.

 

”ئەو مەترسیانەی کە دەبنە هۆی مردن”

مەترسییەکانی خەتەنەکردنی مێینە تەنها لە سەختی ڕێکارەکە یان ئەو ئازارەدا نییە کە منداڵو کچەکە بەرگەی دەگرێت، بەڵکو لە مەترسییەکانی تەواوی ژیانیشدایە، ژمارەیەک منداڵانی کچ لەم کارە مەترسیدارەدا گیانیان لەدەستداوە.

 

دوای ئەوەی مامان حەسنە ڕەحمە سالم شایەتحاڵی گیانلەدەستدانی چەند منداڵێکی کچێک بووە بەهۆی خەتەنەکردنەوە، ئەو ژنانەی لە گوندەکەیی لە مناقل لە پارێزگای جزیرە لە ناوەڕاستی سودان کۆکردەوە، بۆ ئەوەی ڕێنمایییان و هۆشیارییان پێبدات لەسەر مەترسییەکانی ئەم کارە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەیدا بۆ ئاژانسەکەمان، حەسنە ڕەحمە سالم ڕایگەیاند، لە ساڵی ١٩٨٠ وەک مامان دەستنیشانکراوم بۆ ئەنجامدانی هەردوو ڕێکاری منداڵبوونی سروشتی و خەتەنەکردن، زۆرێک لە منداڵانی کچ دوای ئەنجامدانی خەتەنەکردن بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەشێکی زۆریان پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانەکان یان بنکە تەندروستییەکان کۆچی دواییان کردووە.

 

هەروەها قسەی بۆ ژنانی گوندەکەی کرد و بە وردی مەترسییەکانی خەتەنەکردن و بەتایبەتی خەتەنەکردنی فیرعەونی بۆ ژیانی ئێستا و داهاتووی منداڵە کچەکان خستەڕوو، وتی: خەتەنەکردنی منداڵانی کچ دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی منداڵدان، گیرانی هێلکەدان، ڕێگری لە منداڵبوون، مردنی کۆرپەلە یان دایکان و وەستانی سوڕی مانگانە، لەنێو مەترسی و نەخۆشیەکانی دیکەدا.

 

فیردەوس حەسەن، پەرستار لە کلینیکێکی ناوخۆیی، جەختی لەسەر ئەو مەترسیانە کردەوە کە منداڵانی کچ ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی خەتەنەکردنی مێینە، لەوانە مردن، نەزۆکی، نەخۆشی و ڕێگری لە منداڵبوون، هەروەها ئاماژەی بە کەمبوونەوەی کەمی ڕێژەی خەتەنەکردن کردووە بە بەراورد بە ڕابردوو، کاتێک بۆ هەموو کچێک کراوە، بەڵام هێشتا هەندێک خێزان و کۆمەڵگە بەم کارەوە چەسپاون و ڕەتیدەکەنەوە دەستبەرداری بن، داوای لە ژنانی ناوچەکەی خۆی کردووە دەستبەرداری ئەم داب و نەریتە بن، کە دەبێتە هۆی مردنی منداڵانی کچ یان تووشی زەبر و زەنگی تەواوی ژیانیان دەبێت.

 

”ئەزموونی ڕاوێژکاری دەروونی لەگەڵ خەتەنەکردن”

لوبنا عەلی محەمەد، ڕاوێژکاری دەروونناسی بە دەنگێکی پڕ لە خەمەوە، باسی لە یادی مردنی هاوڕێی منداڵی خۆی کرد لە کاتی خەتەنەکردندا، هەروەها دوای منداڵبوون هاوڕێیەکی دیکەی لەدەستدا، چونکە هۆکاری سەرەکی خەتەنەکردن بوو، کە بووە هۆی ئاڵۆزییەکانی لە کاتی منداڵبووندا.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە دوای هاوسەرگیری بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ دووگیان نەبووە بەهۆی ئەنجامدانی توندترین جۆری خەتەنەکردنی لە سودان کە بە خەتەنەکردنی فیرعەون ناسراوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کێشەی زۆری بۆ دروست بکات پێش هاوسەرگیری و دوای هاوسەرگیری، جەختی لە مەترسییە تەندروستییەکانی خەتەنەکردنی منداڵانی کچ کردەوە، لەوانە دووبارەبوونەوەی لەبارچوون و مەترسییەکانی دیکە کە دەبنە هۆی مردن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بنبڕکردنی خەتەنەکردنی مێینە لە سودان ئاسان نییە، بەو پێیەی کۆمەڵگەی سودان بە قووڵی پەیوەستە بەو پراکتیزەیە و سەرەڕای فەرمانەکانی قەدەغەکردنی و هەڵمەتەکانی دژی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی ژنانەوە.

 

”ئامار و پراکتیک و یاساکان”

ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی مافی ژنان، سەرەڕای بەرخۆدانی کۆمەڵگە، هەڵمەتەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە خەتەنەکردنی مێینە چڕتر کردووەتەوە، بەڵام ئەو پراکتیزەیە بە نهێنی و لە دەرەوەی چاو ئەنجام دەدرا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە سودان بە فەرمی لە سودان بە تاوان ناسێندرا بە پێی ماددەی ١٤١ لە یاسای سزادان، ئەوانەی پەیوەندییان بەو بابەتە هەیە، ڕووبەڕووی سێ ساڵ زیندانیکردن و سەرپێچیکردن و داخستنی ئەو دامەزراوە پزیشکییانە دەبنەوە کە ڕێکارەکە تێیدا ئەنجام دەدرێت.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی دەکات کە نزیکەی ٨٧٪ی ژنان و منداڵانی کچی سودان ”تەمەن ١٥-٤٩ ساڵ” جۆرێک لە شێوەی خەتەنەکردنیان ئەنجامداوە.

 

لە شوباتی ٢٠٢٦ نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە نزیکەی ٤.٥ ملیۆن منداڵی کچ لە سودان لەو ساڵەدا مەترسی خەتەنەکردنیان لەسەرە، ڕۆژی ٨ی شوبات، سەلیما ئیسحاق، وەزیری چاودێری کۆمەڵایەتی، پابەندبوونی تەواوی خۆی بە کۆتاییهێنان بەو پراکتیزەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕاگەیاند، جەختی لەسەر پاراستنی ماف و کەرامەتی منداڵانی کچ کردەوە.