دورگەکانی هاوشێوەی ئێپستین – شیکاری
بازرگانی بە منداڵان و ژنان دیوە تاریکەکەی جیهانی سەرمایەدارانە، دوورگەکان هەن کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو هەزارەها ژن و منداڵ تێیدا دەستدرێژییان کراوەتەسەرو پاشان کوژراون، چەندین دورگەی تریش هەن و بە ئاشکرا دیمەنی سێکسی دەخرێتە بەردەم گەشتیاران.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- دەستدرێژی سێکسی لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا بە هۆی ئاساییبوونەوەی توندوتیژی سێکسییەوە بووەتە شتێکی باو، دیاردەیەک کە زۆرجار بە کولتووری دەستدرێژی سێکسی پێناسە دەکرێت، ئەم ژینگەیە لە ڕێگەی ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و کولتووری و دامەزراوەییە چەسپاوەکانەوە دەپارێزرێت کە دەستدرێژی سێکسی کەم دەکەنەوە، بیانوویان بۆ دەهێنێتەوە، یان پشتگوێی دەخەن، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات بە ڕێژەیەکی بەرزی بێ سزا بەردەوام بێت، بێ سزایی و دەرکردنی یاساکان دژی ژنان ڕێگەخۆشکەرن بۆ ڕەوایەتی دان بە دەستدرێژی سەر منداڵان و ژنان، هەروەک هەموواری یاسای باری کەسی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کە ڕێگە دەدات منداڵانی کچ لە تەمەنی ٩ ساڵەوە هاوسەرگیریان پێبکرێت، هەندێک خیزانیش لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە منداڵە کچەکانیان دەدەنە پیاوانی تەمەن گەورە، یاخود رەنگە بارزگانانی منداڵان بێنە عێراق و منداڵان بەبڕە پارەیەک لە دایک و باوکیان بکڕن و بیانبەنە وڵاتانی دەرەوەو دواتر بارزگانیان پێوەبکەن.
ئەو هۆکارە سەرەکیانەی کە بەشدارن لە بڵاوبوونەوەی دەستدرێژی سێکسی بریتین لە: کولتووری دەستدرێژی و ئاساییکردنەوەی توندوتیژی سێکسی لە ڕێگەی زمانی ژنکوژ و بابەتیکردنی جەستەی ژنان، هەروەها پیکهاتەکانی دەسەڵاتی باوکسالاری ئەمەش کۆمەڵگە زۆرجار لەسەر داینامیکی دەسەڵاتی پیاوسالاری و نایەکسان کاردەکات کە ژنان وەک ژێردەستە یان وەک شتێکی سێکسی بۆ پیاوان سەیر دەکەن، هۆکارێکی تر ئەوەیە کۆمەڵگە زۆرجار تاوانەکە دەگوازێتەوە بۆ ژنانی زیانبەرکەوتوو بۆ نموونە، "پرسیارکردن لە جل و بەرگ، یان ڕەفتار" نەک تاوانبار. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە دەستدرێژی سێکسی ڕاپۆرت ناکرێت و لە ناو ئەوانەی ڕاپۆرت کراون کەمیان دەبنە هۆی سزادان. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە دەستدرێژی سێکسی دەبێتە هۆی سزادانی تاوان، ئەمەش ڕێگە بە تاوانباران دەدات باوەڕیان بەوە هەبێت کە ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکان نابنەوە.
ئاساییکردنەوەی دەستدرێژی سێکسی، ئێپستین بە نموونە
وەزارەتی دادی ئەمریکا چەندین بەش بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە جێفری ئیپشتاین، تاوانباری سێکسی کۆچکردووی سزادراو بڵاوکردەوە، کە چەندین تاوانی قێزەونی لەو دورگەیە ئەنجام داوەو چەندین کەسایەتی لە سەرکردەی وڵاتان و هونەرمەندو سەرمایەداران و کەسانی تر تیدایە، بەڵگەکان کە وێنە و ڤیدیۆ و بەڵگەنامەی لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرن - زۆر چاوەڕوانکراو بوون دوای ئەوەی کۆنگرێس یاسایەکی دەرکرد کە بڕیار بوو تا ١٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە تەواوی بڵاوبکرێنەوە.
ئیپشتاین لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ لە ژوورێکی زیندانی نیویۆرک کۆچی دوایی کرد، لەکاتێکدا چاوەڕێی دادگاییکردن بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن و دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان.
لەناو ئەو بەڵگەنامانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، ئیمەیڵگەلێک هەن کە پێدەچێت لە ساڵی ٢٠١٩دا لە نێوان کارمەندانی FBI نێردراون و باس لە ١٠ "هاوپیلانگێڕ"ی ئەگەری لە دۆسیەی ئێپستین دەکەن، ملیۆنان دۆسیە کە پەیوەندییان پێیەوە هەیە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە لەو کاتەوەی ساڵی ڕابردوو یاسایەک بڵاوکردنەوەیان بۆ دەرچووە، لەنێویاندا سێ ملیۆن لاپەڕە و ١٨٠ هەزار وێنە و دووهەزار ڤیدیۆیە کە ٣٠ کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە.
پارێزەرانی زیانبەرکەوتووانی ئیپستین ئاشکرایان کردووە کە دەستکاریکردنی کەموکوڕی لە دۆسیەکاندا ژیانی نزیکەی ١٠٠ کەسی ڕزگاربوویان پیچەوانە کردۆتەوە، ناونیشانی ئیمەیڵ و وێنەی ڕووت کە ناو و دەموچاوی قوربانییە ئەگەرییەکان تێیدا بناسرێتەوە، لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لە بەرامبەردا ڕزگاربووان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاشکراکردنەکەیان بە "توڕەیی" ناوبرد و وتیان: نابێت ناویان لێبدرێت و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و دووبارە زەبر و زەنگیان ڕووبەڕوو ببێتەوە".
سەرمایەداری، دوژمنی سەرەکی دادپەروەری
ئەم تاوانە قێزەونە ئاشکرایکرد کە چۆن هەندێک جار سامان و پەیوەندییەکان دەتوانن تاوانباران لە دادپەروەری بپارێزن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وتاری گشتی بەرفراوان سەبارەت بە دادپەروەری لە سیستەمی یاساییدا بخرێتەڕوو. کۆمەڵگە دەستی کرد بە وردبوونەوە، پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا پێکهاتەکانی دەسەڵاتی نەریتی لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانن و ئایا چاکسازیی سیستماتیکی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یەکسانی یاساکە.
سیستمی سەرمایەداری کە ئامانجی بەکاڵاکردنی ژنان و منداڵانەو لەڕێگەی ئەمەوە دەیەوێت تەواوی کۆمەڵگە بەئامانج بگرێت، هەمیشە چاوی لەسەر تێربوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، تەنانەت بەرژەوەندییە زایەندییەکانی، هەربۆیە ڕێگخۆشکەر بووە بۆ فراوانکردنی دەستدرێژی سەر منداڵان بە تایبەت، ئەم سیستمە کە جیهان بەڕێوەدەبات ئامانجی ئەوەیە ئەم تاوانە ئاسایی بکاتەوە لە کۆمەڵگەدا تاوەکو چیدیکە شتێکی شاراوە نەبێت.
مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، کە بانگەشەی ئازادیی و پێشکەوتن و مافی مرۆڤ دەکات لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندی دەسەڵات کاردەکات کە لەسەر بنەمای چینایەتی و سەرمایە بونیاد نراوە، لە دەرەوەی تایبەتمەندییەکانی تاوانەکانی ئێپستین، ئەو تاوانە وەک چاویلکەیەک کاردەکات کە لە ڕێگەیەوە پرسە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان دەبیندرێت، بابەتەکانی وەک نایەکسانی سامان، ڕەگەزیی، کە نایەکسانی سامان ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەموو نایەکسانییەکانی تری ناو کۆمەڵگە.
دورگەکانی هاوشێوەی ئێسپتین ئاشکراو ئاسایی
دورگەی پاتایا لە تایلەند، لە شەقامی "Walking Street" پیشەسازییەکی "گەشتیاری سێکسی" هەیە کە بەشێکە لە ئابووری شارەکە، هەرچەندە ئەم بازرگانییە لە تایلەند نایاساییەم لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوە و شیکاری هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەم دیاردەیە ناسراوە و سەردانکەرانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت کە بەدوای زایەندپەرستیدا دەگەڕێن.
لەزاری ژنانی ڕۆژنامەنووسی کوردەوە: لە دورگەی پاتایا دیمەنی سێکسی بە ئاشکرا پیشانی گەشتیاران دەدرێت
شەقامەکە ناوچەیەکی کات بەسەربردن و گڵۆپی سوورە لە شاری پاتایا لە تایلەند، شەقامەکە شوێنێکی گەشتیارییە کە هەم بیانییەکان و هەم خەڵکی تایلەندی بە پلەی یەکەم بۆ ژیانی شەوانە ڕادەکێشێت، گەشتیاران دەتوانن سەیری چەندین نمایشی سێکسی بکەن، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کاتێک ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی ژن لە باشووری کوردستانەوە سەردانی ئەو دورگەیان کرد بە چاوی خۆیان بینیان چۆن ژنان بازرگانیان پێوە دەکرێت.
هەروەها ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو هەیە کە گروپەکان منداڵانی تەمەن شەش یان حەوت ساڵ،بەکاردەهێندرێن بۆ فرۆشتنی گوڵ یان سواڵکردن لە شەقامی " Walking" بۆ وەرگرتنی هاوسۆزی لە گەشتیاران و پەیداکردنی پارە، ئەمەش بە هەراسناکردنی منداڵان دادەنرێت.
لە ساڵی ٢٠٢٥ پۆلیسی تایلەند ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی ئەنجامدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە شەقامەکە ئەنجامدا لە ئەنجامدا ٩ منداڵ ڕزگارکرا کە پێدەچێت قوربانی بن و کەسانی گومانلێکراو دەستگیرکران، بەڵام سەرەڕای ئەمە هەراسانکردن و بازرگانی منداڵان لە کاری شەقامەکاندا بەردەوامە و سەرەڕای هەوڵە فەرمییەکان پێویستی بە جێبەجێکردنی توندتری یاساکان هەیە. ئەم دیاردەیە لە هەندێک ناوچەی گەشتیاری تایلەنددا باو بووە کە لە ئەنجامی هەژاری و بازرگانی نایاساییەوەو سیستمی سەرمایەداری چاوی بڕیوەتە ئەم منداڵانە.
دورگەی پیتکەیرن
هەروەها دوورگەکانی پیتکەیرن کە ناوچەیەکی دوورەدەستی دەرەوەی بەریتانیایە لە باشووری زەریای هێمن، بەهۆی دادگاییکردنێکی ساڵی ٢٠٠٤ بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی ناوازە" ناسرا، کە شێوازێکی درێژخایەنی دەستدرێژی سێکسی منداڵانی کچ خوار تەمەنی یاسایی ئاشکرا کرد. ئەم کەیسە بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی کەمی نێرینەی دوورگەکەی گرتەوە و سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ پرسە سیستمییەکان لەوێ ڕاکێشا.
لەم دوورگەیەدا کە دوورگەیەکی دوور لە نیوەی ڕێگای نێوان نیوزلەندا و پیرۆ، دەوترێت بۆ دەیان ساڵە کۆمەڵگە بەرگەی کردەوەی سێکسی لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی گرتووە، وەک ڕەفتارێکی نەریتی یان قبوڵکراو مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، لە ساڵی ١٩٩٩ ئەفسەرێکی پۆلیسی سەردانکەر ئەم کارانەی دۆزیەوە، ئەمەش بووە هۆی لێکۆڵینەوەیەکی گەورە.
دورگەی وێلز
پیاوێکی ئاینی توانی بۆ ماوەی چوار دەیە دەستدرێژی بکاتە سەر منداڵان لە دوورگەیەک لە کەنارەکانی وێڵز کە شێنێکی گەشتیارییەو سەرەڕای ئەوەی لە "چاودێری ڕوون" کاردەکات و سەرەڕای سکاڵای دووبارەی قوربانییەکانی، پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆ کۆتایی هاتووە.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ساڵی ٢٠١٧ ئاشکرای کردبوو کە کۆتیک کە لە کۆتاییەکانی چلەکاندا گەیشتە ئەو دوورگەیە، سەردانکەران و دانیشتووانی کردە ئامانج بەڵام پێش مردنی لە ساڵی ١٩٩٢ دادگایی نەکرا، هەروەها ئاشکرای کرد کە زیانبەرکەوتووانی دیکەی سێکسی لەو دوورگەیەدا ژیاون.
یاسای باری کەسی عێراق و مەترسی کردنەوەی ڕێگەی دەستدرێژی بۆسەر منداڵان
ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی داو کە ژمارەیەک بڕگە و ماددەی جیاوازی لە خۆ گرتووە و ئەمەش لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە، ئەوەی زیاتر مشتومڕ و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە بابەتی هاوسەرگیریی بوو کە بەپێی هەموواری یاساکە، ڕێگا بە منداڵانی کچ و کوڕ دەدرێت کە هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، یان هاوسەرگیریان پێبکرێت.
هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە کە پێسێلی مافی ژنان و منداڵان دەکات، لە داهاتوودا کاریگەرییە سەختەکانی دەردەکەون، وەک بارزگانی کردن بە منداڵانەوە، کاتێک هەندێک خیزان لە هەژارییدا منداڵە کچەکەیان لەبەرامبەر بڕێک پارە دەدەنە پیاوێکی بەتەمەن، یاخود بارزگانان و دەسدرێژیکارانی سەر منداڵان لە ناوەو دەرەوەی عێراق منداڵانی کچ بەناوی هاوسەرگیرییەوە لە خیزانەکان بکڕن و بیانبەنە دەرەوەی عێراق بۆ کاری نەشیاو.
بەپێی وتەی چەند پارێزەرێکی ژنیش، هەر بەهۆی هەموواری ئەو یاسایەوە، چەندین ژن لە پارێزگاکانی عێراقەوە لەدوای پەسەندکردنی هەمووارەکە هاڵاتوون و ڕوویانکردووەتە شارەکانی باشووری کوردستان تاوەکو لە ژیانێکی ئارامدا بن، بەڵام دووبارە مەترسی هەراسانکردن و دەستدرێژی رووبەڕوویان دەبێتەوە، چونکە ئەم ژنانە شوێنێکی گونجاو نییە و هەروەها کارێک نییە بۆیە لەرووی داهاتەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت، ئەمەش وادەکات ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کاری نەخوازراو ببنەوەو هەراسان بکرێن.