ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران... پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی...١

سیستمی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنها بەرهەمی شۆڕشی ١٩٧٩نییە، بەڵکو بیروباوەڕە کۆنەکان، جوگرافیای کوردی، بزووتنەوە سیاسییە سەردەمیەکان، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی مێژوویەوە ئەو دینامیکە بنەڕەتییەیان لە قاڵبداوە کە پێکهاتەی سیاسی ئێستا دیاری دەکەن.

 ڕۆژبین دەنیز

 

ناوەندی هەواڵ-پێش هاتنی ئیسلام، جوگرافیای ئێران ناوچەیەک بوو کە لە ژێر کاریگەری کولتووری ئاریاییدا بوو، کە زۆرێک لە بیروباوەڕە کۆنەکان ڕۆڵی ناوەندییان هەبوو، ناوچەی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" وەک ناوچەیەکی جوگرافیای چارەنووسساز دیارە کە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا پەروەردە دەکات، وەک شانەیەک بۆ سەرهەڵدان و گەشەسەندنی فەلسەفە و بیروباوەڕەکان کاری کردووە.

 

ئایینەکانی وەک زەردەشتی، مەزداک، مسرائی، ئێزدی، قەرماتی، بودا، مانوی لەم خاکەدا سەریان هەڵدا یان بەڵگەیان دولۆزراوەتەوە لەسەر ئەم بیروباوەڕانە، لە ماوەی یەک لە دوای یەکدا، بەشداربوون لە گەشەسەندنی بیری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن لە ژیان، بەشدارییەکی بەرچاویان لە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی مرۆڤایەتیدا کرد.

 

ئایینی زەردەشتی کە لە ناوچەکەدا، لە چیای زاگرۆسەوە تا هەمەدان پەرەی سەند، بوو بە سەرچاوەیەک بۆ سەرهەڵدانی ئایینە یەکتاپەرستەکان و پەرەسەندنی نەریتە فیکرییەکانی ناوچەکە، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ماددا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەباتی کرد بۆ دامەزراندنی ڕێکخستنێکی نوێ کە لەسەر بنەمای پێکهاتەیەکی کۆنفیدراڵی گەلان و هۆزەکان لە سەرکردایەتی ماددەکان دامەزرا، لە نێوان ئەو قەیرانە سیاسی و ململانێیانەی کە ئیمپراتۆریەتی ئاشووری لە سەرانسەری ناوچەکەدا هانیان دابوو، کورد لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی، کە وەک کلیلی چارەسەرێک ڕۆڵی هەبوو.

 

ئیرادە و بوێری بۆ پاراستنی یەکگرتوویی لە نێوان گەل و هۆز و بیروباوەڕ و کولتوورە جیاوازەکاندا، ناوچەکەی بەرەو سەردەمێکی نوێ برد، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینە یەکتاپەرستەکان، ناوچەکە هاتە قۆناغێکی نوێ، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی بیروباوەڕە کۆنەکان لەناو کۆمەڵگەدا بۆ ماوەیەکی بەرچاو بە زیندووی مایەوە، بەمەش شوێنەواری تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی لە ژیان بەردەوام بوو، ئەم کاریگەرییانە تا ئەمڕۆش لە هەندێک بواردا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی جێپەنجە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە دیارە.

 

پێش ئیسلام ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئیمپراتۆریەتی فارس و ساسانی زاڵ بوو و جوگرافیاکەی بە زەردەشتی و بیروباوەڕە کۆنەکانی تر لە قاڵب درابوو، لەگەڵ فەتحەکانی عەرەب لە سەدەی حەوتەمدا ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد و لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا ئەنجوومەنی فیکری سوننە وەک خوێندنگەی حەنەفی لە هەندێک ناوچەدا ئامادە بوون، ئاڵوگۆڕی هەرە بەرچاو لە دیمەنی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لە سەدەی ١٦دا ڕوویدا کاتێک شانشینی سەفەوی شیعیەتی دوانزەی وەک ئایینی فەرمی دەوڵەتی ناساند و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی شیعیەت.

 

لە سەردەمی موعاویە و ئومەوییەکان، ئیسلام دەستی بە بەکارھێنان کرد بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندی سیاسی و بازرگانی، لەو چوارچێوەیەدا، هەوڵی سەپاندنی ئیسلام درا بەسەر زۆرێک لە گەلان و پێکهاتەکاندا کە بیروباوەڕی جیاوازیان هەبوو، لە قۆناغەکانی دواتردا بزووتنەوە وەهابیەکان لە ژێر پەردەی ئاییندا کوشتارێکی بەربڵاویان ئەنجامدا، هەروەها سیمبولیە ئاینییەکانی وەک بەرد و مەزارگەیان بە "گوناه" دەزانی، هەر بۆیە ئەم ڕێبازە گورزێکی توندی لە بیروباوەڕە کۆنەکان دا کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە گەلانی ناوچەکەدا هەبووە و لە نێویاندا ئێرانیشدا.

 

کورد لەو کەسانە بوو کە زۆرترین کاریگەری ئەو سیاسەتانەیان لەسەر بوو، قۆناغەکانی یەکەمی ڕەگ هەڵکێشانیان لە بیروباوەڕەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموون کرد، توێژەر موراد خەتاری، لە پەرتووکی جینۆسایدەکانی دژی ئێزدییەکاندا باس لەوە دەکات، کە یەکەم جینۆساید دژی ئێزدییەکان لە کرماشان ڕوویداوە و بەڵگەی پشتگیری لەو بانگەوازانە دەخاتە ڕوو، زانراوە کە ئەم جینۆسایدانەی کە کوردیان کردۆتە ئامانج، بەناوی ئیسلامەوە ئەنجام دراون.

 

”هێماکانی ڕژێم لە ئێران”

پاسەوانی فەقهیەی ئیسلامی لە ئێران دامەزراوەیەکە کە سەرپەرشتی یەکگرتنی یاساکان لەگەڵ شەریعەت دەکات، بەڵام ئەم چاودێریکردنە تەنها لە یاساکاندا سنووردار نییە، وەک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا دەرکەوت، دامەزراوەکە دەتوانێت دەستوەردان بکات لە هەڵسەنگاندنی ناسنامەی ئایینی کاندیدەکان، تەنانەت لە کاتی پێویستدا پابەندبوونیان بە ئیسلامەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە پێدەچێت پاسەوانی فەقهیەی ئیسلامی دەسەڵاتی باڵا و بڕیاردەری کۆتایی بێت، ئەم سیستەمە لە لایەن ڕوحوڵا خومەینیەوە داڕێژراوە و پاشان لە سەردەمی عەلی خامنەیی چەسپاوە و گۆڕا بۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی فەرمی، بە پێی ئەم بۆچوونە، پێگەی سەرکردەی باڵا تا دەرکەوتنی بە نوێنەری ئیمام مەهدی دادەنرێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد دەنرێن.

 

بە پێی عەقیدەی ١٢ شیعە لە ئێران، سەرکردەی مەزن، وەک نوێنەری ئیمامەکان، باڵاترین دەسەڵاتی ئایینییە و هەم لە یاسادانان و هەم لە جێبەجێکردندا قسەی کۆتایی هەیە، ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانەوە دەردەچن، کاریگەر نابن تا لەلایەن دەستەیەکی فەقهیەوە پێداچوونەوەیان بۆ نەکرێت و دواتر لەلایەن سەرکردەی مەزنی ئینقلابی ئیسلامییەوە پەسەند نەکرێت، تەنانەت سەرۆک کۆماریش ناتوانێت دەستبەکاربێت بەبێ پشتگیری سەرکردەی مەزنی ئینقلابی ئیسلامی، هەربۆیە چەمکی "ڕێنوێنی ڕۆحی" هاتۆتە ئاراوە.

 

تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ٢٨ی شوباتدا، وەرچەرخانێکی گەورەی لە دەسەڵاتی ٣٧ ساڵەی و لە مێژووی ٤٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا بوو، ئەم ڕووداوەش ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەخاتە بەر بەربەستی سەردەمێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی تەواو نوێ.

 

’ماف و هاوبەشکردنی دەسەڵات”

دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لە چوارچێوەی ئەم پێکهاتە سێ قۆڵییەدا کاردەکەن، پەرلەمان نوێنەرایەتی ناوچە جیاوازەکانی وڵات و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات، پەرلەمانی ئێران لە ٢٩٠ ئەندام پێکدێت، لە سیستەمی بەڕێوبەری ئێراندا "کوردستان" بە هەرێمێکی یەکگرتوو نازانرێت، نوێنەران لە پارێزگا و شارە جیاوازەکان، وەک کرماشان، ورمێ، سنە، هەمەدان هەڵدەبژێردرێن.

 

ژمارەی نوێنەرانی ناوچە کوردنشینەکان نزیکەی ٤٧ کەسە، سیستەمی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ناسنامەی هاوبەشە، ڕەگەزنامەی ئێران، نەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان ئایینی، بەڵام ئەو نوێنەرانەی لەو ناوچانە هەڵدەبژێردرێن، بە شێوەیەکی کاریگەر وەک نوێنەری دانیشتووانی کورد سەیر دەکرێن.

 

هەروەها بەلوچستان نوێنەرایەتی لە پەرلەماندا هەیە، نزیکەی ٨ کورسی بۆ تەرخانکراوە، جگە لەوەش بەشێک لە کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێراندا نوێنەرایەتی پەرلەمانییان هەیە، زەردەشتی و جولەکە و مەسیحییەکان هەریەکەیان بە یەک ئەندام پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکرێن.

 

دەستووری ئێران دوو بڕگەی تایبەت بە پێگەی کەمینە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی لەخۆگرتووە: ماددەی ١٥ و ١٩، کە ئامانەن ئاماژەی پێکردووە:

-زمان و ڕێنووسی ڕەسمی ئێران زمانی فارسییە، کە زمانی هاوبەشی پەیوەندیی نێوان خەڵکە، بەڵگەنامە فەرمییەکان، نامەنووسی و پەرتووکی خوێندن بە زمانی فارسی نووسراون، بەڵام بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی و خێڵەکی لە میدیا و پەیوەندییە گەلیەکاندا ڕێگەپێدراوە و ئەدەبیاتی ئەم زمانانە لە خوێندنگەکاندا دەخوێندرێت.

 

-هەموو ئێرانییەکان لە مافدا یەکسانن، بەبێ گوێدانە سەر بە نەتەوە یان خێڵەکییەکانیان، جیاوازی ڕەنگ، ڕەگەز یان زمان بنەمای هیچ پێویستیەک یان جیاکارییەک نییە.

 

ئایینی فەرمی ئێران شیعیەتی دوانزەیە، لەگەڵ موسڵمانانی سوننە، جولەکە و مەسیحی و زەردەشتییش لەو وڵاتەدا دەژین و وەک کەمینەی ئایینی فەرمی ناسراون، بەڵام زۆرجار ئەم مافە دەستووری و نوێنەرایەتییانە تاڕادەیەکی زۆر بەبێ جێبەجێکردن دەمێننەوە، چونکە جێبەجێکردنیان زۆر سنووردارە، لە ئەنجامدا، ڕەخنەی بەرفراوان لە دانپێدانانی ناتەواو بە مافەکانی کەمینەکان و بوونی پراکتیکی جیاکاری و پەراوێزخستن هەیە، کورد و بەلووچ و هەندێک گروپی ئایینی لە بەردەم پێشێلکردنی مافەکان لەم چوارچێوەیەدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

”دابەشبوونی دانیشتووان”

ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی ٩٢ ملیۆن کەسە، بە پشتبەستن بە داتای سەرژمێرییەکانی ئەم دواییە، لە ڕووی نەتەوەییەوە، فارسەکان گەورەترین گروپ پێکدەهێنن، کە بە نزیکەی ٥٠٪ی کۆی دانیشتووانی پێکدەهێنن، دوای ئەوان ئازەری و کورد و عەرەب و بەلوچ دێن، نەتەوەکانی دیکە بریتین لە تورکمان و قەشقەی، هەروەها بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی لوڕیش بە ڕەچەڵەک کوردن.

 

سەبارەت بە قەبارەی نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا خەمڵاندنی جیاواز هەیە، ژمارەی ئازەرییەکان بە نزیکەی بە ١٥ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، بەلووچەکان بە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس و عەرەبەکان بە نزیکەی ٣ ملیۆن کەس، ژمارەی دانیشتووانی کورد لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.

 

لە ڕاپۆرتێکی نووسراودا، لە میانی دانیشتنی ٥٧ی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە لایەن ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە سویسرایە و پێگەی ڕاوێژکاری لە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان "ECOSOC" پێشکەش بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، جەخت لەوە کرایەوە، کە کورد بە نزیکەی ١٦٪ی بۆ ١٧٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، کە دەکاتە ١٤ بۆ ١٥ ملیۆن کەس.

 

دانیشتووانی کورد بە پلەی یەکەم لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام، لوڕستان و هەمەدان کۆبوونەتەوە، هەروەها لە پارێزگای خوراسان کە لە مێژوودا ناوەندێکی ناسراوی نیشتەجێبوونی کورد بووە، ژمارەیەکی بەرچاوی کورد هەیە.

 

”پارێزگاکانی کوردستان و جوگرافیا”

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕووی بەڕێوبەریەوە لە ٣١ پارێزگا پێکهاتووە، ئەو پارێزگایانە ناوچەگەلێکی وەک کوردستان، کرماشان، ئیلام، گۆلستان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەردەبیل، ئەسفەهان، ئەلبرز، بوشێهر، تاران، جهارمەحاڵ و بەختیاری، خوراسانی باشوور، خوراسانی باکوور، خوراسانی ڕەزەوی لەخۆدەگرن، هەروەها هەر پارێزگایەک ناوەندی بەڕێوبەری و پێکهاتەی حکومەتی خۆجێیی خۆی هەیە.

 

بە پێی سیستمی بەڕێوبەری ئێران شارەکانی وەک مهاباد، بۆکان، سەردەشت و پیرانشار سەر بە پارێزگای کرماشان نین، بەڵکو دەکەونە سنووری پارێزگاکانی دیکەوە، لە پۆلێنبەندی فەرمیی بەڕێوبەری ئێراندا، ئەو شارانە ڕاستەوخۆ وەک ناوچەی کوردی ناناسرێنەوە، بەو پێیەی سیستمەکە پشت بە دابەشبوونی پارێزگا دەبەستێت نەک دابەشکاری نەتەوەیی، بەڵام پارێزگایەک هەیە بە ناوی "پارێزگای کوردستان"، کە سنە پایتەختەکەیەتی، لە ڕووی مێژووییەوە خێزانی ئەردەڵانی کورد لەم ناوچەیەدا کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبووە و تا ئێستاش هەندێک لە پێکهاتەکانی ناو شاری سنە و دەوروبەرییان بە "ئەردەڵان" دەناسێنن.

لە بەرامبەردا ناوچەی موکریان شوێنی چەندین نەتەوەیە، لەوانە ئازەربایجان و ئەرمەنی و ئاشووری، بەڵام دانیشتووانەکەی زۆرینەیان کوردن، ناوی موکریان لە خێڵی کوردی موکرییەوە وەرگیراوە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکەدا هەبووە.

 

شکاک یەکێک لە گەورەترین کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە کوردییەکانن، لە ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس و خوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها درێژدەبێتەوە بۆ باکووری کوردستان تا وان و هەکاری و جزیری، ئەم کۆنفیدراسیۆنە بە "شکاک" ناسرابوو، سەرەتا جەعفەر ئاغا و دواتر سیمکۆ شکاک سەرکردایەتی دەکرد، سمکۆ لە مێژووی شۆڕشەکانی کورددا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە، بەو پێیەی ئامانجی دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو، باوەڕی بە پێویستی پەرەپێدانی هەردوو خەباتی سەربازی و سیاسی لە یەک کاتدا هەبوو، هەروەها گرنگی زۆری بە زمان و پەروەردەی کوردی دا، خوێندنی کوردی لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵیدا کردەوە و هەوڵی دا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی کە بزووتنەوە و ڕێکخراوە کوردیەکان یەکبخات.

 

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سمکۆ سەرکردایەتی شۆڕشێکی دژ بە دەسەڵاتی ئێرانی کرد، بەڵام لە شاری ئۆشناویە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، کوژرا کە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ دانوستان بانگهێشتکرابوو، دوابەدوای کۆچی دوایی، گروپی دانیشتووانی ناسراو بە "شکاک" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئازەربایجانی باشوور سەریان هەڵدا.

جگە لەوەش ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێنی کۆمەڵێک هۆزی کوردی دیارە، وەک جەلالی، هەرکی، میلیانی، بەگ زاد، سادە.

 

”دابەشکردنی بەڕێوبەری هەرێمە کوردستانییەکان”

پارێزگای کوردستان چەندین شاری گەورەی لەخۆ گرتووە، لە نێویاندا: سنە، بانە، بازیەرگان، بیجاڕ، دیواندەرە، کامیاران، مەریوان، قروە، ساحێب، سەققز، سەلوانە، و دێهکلان، ئەم شارانە لە ڕووی بەڕێوبەریەوە لە سنووری پارێزگای کوردستان هەڵکەوتوون.

 

بەپێی نەخشەی فەرمی بەڕێوبەری ئێران، ورمێ و ناوچەکانی دەوروبەری سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە، ئەم پارێزگایە شارەکانی وەک: ورمێ، پیرادوس، بۆکان، چالدیران، دەشتی بیل، دیلمیقان، ئەنزال، کوتول، ماکو، مهاباد، میرکور، محەمەدیار، میاندوئاب، نازڵو، نەقدە، پیرانشار، بۆڵدەشت، قرە زیائەدین، ڕەبەت، سەڵماس، سەردەشت، سۆما، شاهین دەج، شنۆ، شۆت، تیکاب، تیکور، خوی، هەموو ئەم ناوچانە لە ڕووی بەڕێوبەرییەوە بەشێکن لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا.

 

پارێزگای کرماشان یەکەیەکی خۆبەڕێوبەرییە، شار و ناوچەکانی وەک کرماشان، بێستون، جوانڕو، گیلان، هەرسین، هێمێل، کەنگاوەر، کارین، کۆزران، ماهیدەشت، نووسود، نۆدشە، پاوە، قەسری شیرین، ڕەوانسەر، سەحنە، سەلاس، سەرپیک زەهاب، سەنکور، شاباد و تازەئاباد و دالاهو.

 

پارێزگای ئیلام شارەکانی وەک ئەسمان ئاباد، ئابدانان، بەدرە، جیرداول، جوار، دەیلیران، دارە شەهر، ئێوان، مەلەکشا، میمە، مران، مورموری، سەراب باغ، شیروان، زەرین ئاباد، و زەرنێه لەخۆدەگرێت.

 

ژمارەی دانیشتووانی کورد لە سێ پارێزگای خوراسان بە نزیکەیی ١٥٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، هەروەها باس لەوە دەکرێت، کە کورد بە نزیکەی ٦٠٪ی دانیشتووانی پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری پێکدەهێنن، لە تاران ژمارەی دانیشتووانی کورد بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

 

بەمجۆرە ڕوون دەبێتەوە کە کورد لە ئێران لە ڕووی بەڕێوبەرییەوە بەسەر چەند پارێزگایەکی جیاوازدا دابەش بووە و ئەو ناوچانەش بە فەرمی وەک "ناوچەی کورد" پێناسە ناکرێت، ئەمەش پەیوەندی بە ڕێبازی بەڕێوبەری و سیاسی دەوڵەتەوە هەیە، چونکە سیستەمی بەڕێوبەری ئێران لەسەر پارێزگا و شار دامەزراوە نەک لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی.

 

”ئایینە دروستبووەکان و لەناوچووەکان”

چەندین هۆزی کورد لە ناوچەی کرماشان دەژین، لەوانە لەک، لوڕ، جاف، کەلهوڕ، سەنجابی، زەنگەنە، بەشێکی زۆری ئەم گروپانە پابەندن بە باوەڕی یارسان (ئەهلی حەق)ەوە.

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە یەکێک لە یەکەمین هێرشە گەورەکان دژ بە ئێزدییەکان لە سەدەی حەوتەم، لە دەوروبەری ساڵی ٦٤٠، لە دەوروبەری کرماشان ڕوویداوە، لە قۆناغەکانی دواتردا کوردە ئێزدیەکان تووشی هێرش و فەرمانی بێشومار بوون، دەوترێ لە ئەنجامی ئەو فشارانەدا بەشێک لە گروپە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو باکووری کوردستان کۆچیان کردووە.

 

لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئیسلامدا تێگەیشتنێکی یەکسانیخوازانە و کۆمەڵایەتیتر هەبوو، بەڵام ئەمە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەتایبەتی لە ئێران کە پێکهاتەیەکی نوێی ئایینی و سیاسی لەسەر بنەمای ئیسلامی شیعە و سوننە سەریهەڵدا، لەو چوارچێوەیەدا، کوردانی ئایینی جیاواز کەوتنە ژێر سیاسەتی فشار و موسڵمانبوونی زۆرەملێ، بەپێی سیاسەتە فەرمییەکان کوردانی فەیلی لە کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری بە "کوردی شیع" پۆلێن کرابوون، کوردانی فەیلی ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم لە عێراق و بەتایبەتی لە دیالە و بەغدا و لە ئێران بە تایبەتی لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام دەژین، بە درێژایی مێژوو کوردانی فەیلی تووشی گۆشەگیری و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بوون، چ لەلایەن ڕژێمی بەعس لە عێراق و چ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە کاتە جیاوازەکاندا، دەوترێت بەشێکی بەرچاوی کوردانی فەیلی پابەندبوون بە ئایینی یارسانەوە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و زیادبوونی فشارە ئایینی و سیاسییەکان، کە هەندێکجاریش بە کۆمەڵکوژی دەگەیشتنە لوتکە، کوردانی فەیلی هاوشێوەی گرووپە کوردییەکانی دیکە، ڕووبەڕووی ئیسلامیکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە.

 

هەرچەندە ڕژێمی ئێران بە فەرمی بوونی کەمایەتییە ئایینییەکانی وەک مەسیحی و زەردەشتی ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵام پراکتیزەکانی بەرامبەر بەو گروپانە تا ڕادەیەکی زۆر نەرێنی بووە، ئەم کەمینانە ڕووبەڕووی فشار و سنووردارکردن و پەراوێزخستن بوونەتەوە، مافەکانیان کەمکراوەتەوە و تووشی وەدەرنانی کۆمەڵایەتی بوون، لە بواری پەروەردەدا، سنووردارکردنی بەرچاو بەسەر تاکەکانی سەر بەو ئایینانەدا سەپێنراوە، ئەمەش بە ڕوونی لە هەندێک فیلم و بەرهەمی میدیایی کە وتارێک دەخەنە ڕوو کە کەمینە ئایینییەکان پەراوێز دەخەن، ئەم بەرهەمە کولتووری و میدیاییانەی سودیان لێ وەرگیراون بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی نەرێنی لەم بیروباوەڕانە، کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتە بەرامبەریان و میکانیزمەکانی فشار کە بەسەر شوێنکەوتوانیاندا دەخرێتە سەر، شایانی باسە کە دەوڵەت زۆرجار ئەم ئایینانەی بە "لاڕێ" یان "بێ ڕەوشت" پێناسە کردووە و لە ڕێگەی هونەر و میدیاوە هەوڵی داوە کاردانەوەی کۆمەڵایەتی و پێشوەختەیی بەرامبەریان دروست بکات.

 

”پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ئێران”

لە ئێراندا چەندین پارت و ڕێکخراوی سیاسی چالاک هەن، یەکێک لە کۆنترینیان پارتی تودە بوو کە لە ساڵی ١٩٤١ دامەزرا، لەو کاتەدا بە یەکێک لە گەورەترین پارتە سیاسییەکانی وڵات دادەنرا و لە چوارچێوەی بزووتنەوەی کرێکاری و بازنەی کولتووریدا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو، پابەند بوو بە ئایدۆلۆژیایەکی کۆمۆنیستی مارکسی-لینینیستەوە، دوابەدوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٣ لەدژی محەمەد موسەدیق، سەرۆک وەزیران، پارتەکە ڕووبەڕووی سەرکوتی توند و سنووردارکردنی بەرچاو بووەوە بۆ چالاکییەکانی.

 

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێکخراوی چەپگەرای جیاواز لە ئێران سەریان هەڵدا، لە دیارترینیان سازمانی فەدایینی گەل (فەدایین خلق) بوو کە لە ساڵی ١٩٧١ وەک بزووتنەوەیەکی چەپگەرای چەکدار کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای مارکسیستی دامەزرا.

 

هەر لەو ماوەیەدا، ڕێکخراوێکی گرنگی دیکە سەریهەڵدا: ڕێکخراوی موجاهیدینی گەلی ئێران "PMOI/MEK" کە لە ساڵی ١٩٦٥ دامەزرا، تێکەڵێک لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و سۆسیالیستی گرتەبەر، هەندێکجار خۆی وەک بزووتنەوەیەکی "سۆسیالیستی ئیسلامی" پێناسە دەکرد، مەسعود ڕەجەوی یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی ئەو ڕێکخراوە و سەرەڕای دوورکەوتنەوەی ماوەیەکی زۆر لە چاوی گشتیدا، بەڵام ناوی ئەو لە لێدوانەکانی ڕێکخراوەکەدا بەردەوامە.

 

ئەندامانیڕێکخراوی موجاهیدینی گەلی ئێران "PMOI/MEK" تووشی سەرکوتی بەرفراوان بوون، بەتایبەتی لە کاتی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨، کە هەزاران دەستگیرکراوی سیاسی تێیدا لەسێدارە دراون، ئەم قۆناغە بە یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکانی مێژووی ئێران دادەنرێت.

 

لە ساڵانی دواتردا زۆرێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە کامپی ئەشرەف لە عێراق، دواتر لە کامپی ئازادی دەژیان، لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق، ئەو کامپانە داخران و زۆربەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بۆ ئەلبانیا گواسترانەوە.

ئەمڕۆ مریەم ڕەجەوی هاوژینی مەسعود ڕەجەوی بە شێوەیەکی کاریگەر سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە دەکات، لە چەندین لێدواندا داوای سیستمی دیموکراتیکی لە ئێران کردووە و لە بەشێک لە وتارەکانیدا هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر بە مافەکانی کورد و داواکارییەکانیان سەبارەت بە دەسەڵاتی خۆجێیی دەربڕیوە.

 

سبەی: شۆڕشی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەرخۆدانی "ژن، ژیان، ئازادی".