لە ڕۆژی جیهانی ژنانەوە بۆ داستانی ڕۆژئاوای کوردستان: ژن لە گۆڕەپانەکانی خەباتدا...٣
لە ٨ی ئاداردا ژنان لە سەرانسەری جیهاندا یادی مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات دەکەنەوە، بەڵام ئەم ڕۆژە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا واتایەکی قووڵتری هەیە، کە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی ناوازەی بەشداریکردنە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک.
سیلڤا ئیبراهیم
کۆبانێ – ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان نوێنەرایەتی میراسێکی خەباتی ژنان دەکات لە دژی پەراوێزخستن و نادادپەروەری، بۆنەیەکە بۆ دووپاتکردنەوەی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان، دوای دەیان ساڵ لە خەبات و بەرخۆدان، ژنان بوونەتە هاوبەشی بناغەی لە بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان سەلماندی کە خەبات تەنها لە گۆڕەپانی سەربازیدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سیاسەت، یاسا، پەروەردە و کۆمەڵگەی مەدەنی.
سەرەڕای دەستکەوتە مێژووییەکانی ژنان، هێشتا ڕاستیەکەیان لە هەردوو بەرەی یاسایی و سیاسیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، لە ئەنجامی سەرهەڵدانی هێزە توندڕەوەکان کە هەوڵیان داوە ڕۆڵی ژنان پەراوێز بخەن و لە پێگەی بڕیاردان دووریان بخەنەوە، بۆیە بۆتە شتێکی بناغەی چەسپاندنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە ڕێگەی هەنگاوە یاساییە ڕوونەکان کە مافەکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا مسۆگەر دەکەن، هەروەها گۆڕینی ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ کردارێکی بەردەوام و دامەزراوەیی کە ئەم دەستکەوتانە لە هەوڵی پووچەڵکردنەوە یان پێچەوانەکردنەوەیان بپارێزێت.
”٨ی ئادار و میراسی خەباتی”
ئاهەنگی ٨ی ئادار یادی ئەو خەبات و بەرخۆدانەیە کە ژنان لە داکۆکیکردن لە مافی کارکردن و کەرامەت و یەکسانییان داویانە، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەم تەڤگەریە ساتێکی سەرەکی بوو لە مێژووی تەڤگەری ژنان، سەرچاوەی ئەم بۆنەیە دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتیی کرێکارانی قوماش لە نیویۆرک لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کاتێک داوای باشترکردنی بارودۆخی کارکردن و کرێیان دەکرد، لەگەڵ فراوانبوونی بزووتنەوەی ژنان لە ئاستی جیهانیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٧ ئەم ڕۆژەی وەک بۆنەیەکی فەرمی وەرگرت بۆ ئاهەنگگێڕان بە دەستکەوتەکانی ژنان و بەرەوپێشبردنی مافەکانیان.
لەو چوارچێوەیەدا، مزگین خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەری هەرێمی فورات دووپاتی کردەوە، کە ٨ی ئادار نوێنەرایەتی میراسێکی خەباتی ژنان دەکات، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنانی کوردستان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەرخۆدانەی لە کارگەکاندا دەستیپێکرد و لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا لەنێو ژناندا بڵاوبووەوە، شۆڕشێک بوو لەدژی نادادپەروەری و نکۆڵیکردن و ئەم خەباتەش ئەوەیە کە ڕۆژی جیهانی ژنانی دروستکرد، بزووتنەوەکە نەوەستا، بەڵکو بە ڕۆحی ئەو ژنانە بەردەوام بوو کە بوونە ئایکۆن لە مێژووی خەباتی ژناندا، وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کلارا زێتکین و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
مزگین خەلیل ژیانی چالاکوان ساکینە جانسزی بیرهێنایەوە کە لەگەڵ دوو هاوەڵەکەی لە پاریس تیرۆر کران، بە یەکێک لەو پێشەنگانەی دەزانی کە ڕێگای ڕزگاری ژنیان گرت و هەوڵی چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی لە کۆمەڵگەیەکدا دەدا کە ڕۆڵی ژنانی پەراوێزخستبوو، هەروەها خەباتی ئەو ژنانە میراسێکی پێکهێنا کە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لێیەوە دەستی پێکرد، ژنان لە باکگراوند و پێکهاتە جیاواەکانەوە بەشدارییان کرد لە زیندووکردنەوەی تەڤگەری ژنان و چەسپاندنی سیمبولی ٨ی ئادار وەک ڕۆژی خەباتی نوێ.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو شۆڕشێک سەرکردەی خۆی هەیە، پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش بە شێوەیەکی دیار ژن بووە، بەو پێیەی خەباتی ژنان تەنها لە کایەی سەربازیدا سنووردار نەبووە، بەڵکو گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی و ئەکادیمیشی لەخۆ گرتووە، ئەو پێی وایە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ژن نابێت تەنها لە ڕووداوە سیمبولییەکاندا قەتیس بێت، بەڵکو دەبێت درێژکراوەی خەباتی ژنان بێت تا ئەو کاتەی مافەکانیان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا مسۆگەر دەکرێت.
”گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی خواستەکانی سوورییەکان”
لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییانەی کە سووریا لەم چەند ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە، گروپە چەکدارەکان بە ئاراستەی ڕادیکاڵەوە سەریان هەڵداوە، لەوانە هەتەشە کە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ جەبهەت نوسرە کە لقی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە بوو لە سووریا، قاعیدە کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ئوسامە بن لادنەوە دامەزراوە، بە پەسەندکردنی ئایدۆلۆژیای سەلەفی-جیهادی نێودەوڵەتی ناسراوە کە دیموکراتیک و فرەیی ڕەتدەکاتەوە و دیدێکی توندی ئایینی بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگە دەسەپێنێت.
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەم جیهادیانە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دوای قەیرانێک کە زیاتر لە ١٤ ساڵی خایاند و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم میراسە ئایدیۆلۆژییە بۆ بەشێک لە سووریا، هیوای زۆرێک لە سوورییەکان تێکچوو کە ئاواتەخوازی بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیکیان هەبوو کە ئازادیی هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان بە مافەکانی ژنانیشەوە دەستەبەر بکات.
لە ماوەی کۆنترۆڵکردنیدا، جیهادییەکانی هەتەشە تۆمەتبارکراون بە سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر ئازادییە گشتییەکان و دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان و ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک دروز و عەلەوی و کورد، ئەم ڕێبازە کاردانەوەی هەبووە لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە مێژوودا بە فرەنەتەوەی کولتووری و ئایینی ناسراوە، دووبەرەکی قووڵتر کردووەتەوە و شوێنی ئازادیەکان بچووکتر کردووەتەوە بە بەراورد بەو خواستانەی کە لە سەرەتای شۆڕش بوون.
”بانگەوازێک بۆ پەرەپێدانی خەباتی یاسایی”
لە ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئێستا و وەرگرتنی دیالۆگ وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردن، مزگین خەلیل باسی لە ڕاستی ژنانی ئەمڕۆ کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێشتا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری هاوشێوەی ئەو ئاستەنگانەی دەبنەوە کە لە قۆناغەکانی پێشوودا تووشی بوون، بە تایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو هێزانەی کە ڕۆڵێکی کاریگەر لە دامەزراوەکانیان یان پێگەی بڕیاردان بە ژنان نابەخشن، هەروەها ڕاستی ئێستا بۆ ژنان جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوەی لەژێر دەستی پارتی بەعسدا بوو، بەو پێیەی هەمان پەراوێزخستن ئەزموون دەکەن، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ دەسەڵات، هەروەها قۆناغی ئێستا کە شایەتحاڵی هەوڵەکانی یەکگرتنی سیاسییە، هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی ژنان و پەراوێزخستنی ڕۆڵیان لەگەڵدایە.
مزگین خەلیل جەخت لەسەر گرنگی گرتنەبەری شێوازی نوێی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافەکانی ژنان لە سووریای داهاتوودا دەکاتەوە، وتی: پێویستمان بە سووریایەک هەیە کە بوونی ژنان بە ڕوونی دیار بێت، لەگەڵ میراسی خەبات و بەرخۆدان بگونجێت، لە ڕێگەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیەوە کە یەکسانی ڕەگەزی بەدی بهێنرێت و نادادپەروەری بەرامبەر بە ژنان نەمێنێت، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی هەنگاوی یاساییەوە بەدەست دێت کە مافە سیاسی و بەڕێوبەری و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی و سەربازییەکانیان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکات.
پێی وایە چاوپۆشیکردن لە ڕۆڵی ژنان لە پڕۆسەی یەکگرتنی سیاسیدا ناڕەوایە و دژایەتی بنەمای دیموکراتییەکانە و ناتەبایە لەگەڵ ئەو بەرخۆدانانەی کە ژنان لە ساڵانی شۆڕشدا داویانە.
لە کۆتایی قسەکانیدا مزگین خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەری هەرێمی فورات داوای لە هەموو ژنان کرد کە بەشداری خەبات بکەن: بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە بەشداری ئەم خەباتە بکەن و ڕۆڵێکی کارا لە داڕشتنی داهاتووی سووریادا بگێڕن.