ژنانی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین

ژنانی غەززە گلەیی لە زیانەکانی ژیان لە بارودۆخی سەختدا دەکەن لە شوێنەکانی کۆچ و ڕایدەگەیەنن کە لە چادرەکانی کۆچدا ڕووبەڕووی چەندین سەختی ژیان دەبنەوە و هیچ تایبەتمەندییەکیان لە ژیانیاندا نییە.

 

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، ژنان باری قورسی شەڕ لە ئەستۆ دەگرن، ژنانی غەززە بە هۆی نەبوونی ژیانی تایبەتی لە شوێنی کۆچکردن لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا دەژین، ژنان لە کەرتی غەززە، بەهۆی ئەو شەڕە بەردەوامەی کە نزیکەی ساڵێک و سێ مانگە بەردەوامە، ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەبنەوە و بارودۆخی ژیانی تایبەتیشیان بە تەواوی بوونی نییە.

 

"جەنگ فشارێکی قورس لەسەر ژنان دروست دەکات"

سەمەر قەحمان، یەکێکە لە کۆچبەرانی غەززە، سەبارەت بە دۆخی ژنان لە غەززە پێش جەنگ و دوای جەنگ وتی: ژنانی غەززە پێش جەنگ بە مافەکانی خۆیان لە ماڵەکانیاندا ژیاون، لە ئەنجامدانی کاری ماڵەوە تا ئامادەکردنی خواردن، منداڵەکانیان بەو شێوەیە پەروەردە دەکرد کە بە گونجاویان دەزانی، ئه مڕۆ ژنان له دوای ئه و شه ڕ و ململانێیانەی له ناوچەکە ڕوویدا وەک دیل له زینداندان و ته نیا به ئومێدی ئازادییەوەن، ئێستا ژیان لەو ناوچەیە نەماوە، ئاوی خواردنەوە و خۆراکی پاک و خاوێنی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی چەندین نەخۆشی لەناو ژناندا.

 

"ناتوانین جارێکی تر هەست بە گەرمی ماڵەکەمان بکەین"

سەمەر قەحمان سەرنجی بۆ کۆچبەری بەهۆی شەڕەوە ڕاکێشا کە ٧ جار ناچاری کرد لە ماڵەکەی خۆیەوە بگوێزێتەوە و وتی: لە سەرەتای هێرشەکانی سەر غەززە تا ئەم ساتەوەختە زیاتر لە ٧ جار ناچار بووم لە ماڵەکەی خۆمەوە کۆچ بکەم ، بەڵام هەموو جارێک دەگەڕامەوە ماڵەوە، بەداخەوە ئەمجارە ناتوانم بگەڕێمەوە چونکە هێزەکانی ئیسرائیل ماڵەکانیان لە بەشی باکووری کەرتی غەززە وێران کرد، بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و هەست بە گەرمییەکەی بکەینەوە، ئێمە بە چەندین بارودۆخی سەختدا تێپەڕین تا ئەو خوێندنگەیەی کە لێی دەماینەوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا، هێرشیان کردە سەر خوێندنگەو و زۆرێک لە خەڵکی مەدەنیان دەستبەسەر کرد، ئێمە ئێستا لە کامپەکانی کۆچبەران دەژین، ناتوانین بە ئاسوودەیی قسە بکەین، چونکە چادرەکان لە یەکترەوە نزیکن و دراوسێکان گوێمان لێدەگرن، ژنان بەدەست زۆرترین ئازار و ناخۆشی دەناڵێنن، لە کامپەکەدا بەهۆی نەبوونی کەرەستەی تەندروستییەوە ژیانی قورستر دەبێت، ئێواران ناتوانین چادرەکانمان بەجێبهێڵین، چونکە بەردەوام کامپەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆردوومان دەکرێت.

 

"لە کامپەکەدا ئاستەنگی گەورە هەیە"

لە کۆتایی قسەکانیدا سەمەر قەحمان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی: پیاوان دەتوانن کار و پێداویستییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمە چی بکەین، هەندێکجار لە نیوەڕۆدا بێ ئاو دەمێنینەوە تا کاتی خەوتن تەنها بۆ ئەوەی ئێواران چادرەکانمان بەجێنەهێڵین، هەموو ڕۆژێک ژنان هەوڵدەدەن چارەسەرێک بدۆزنەوە و جێبەجێی بکەن. بەڵام بەداخەوە ئێمە هیچمان لە دەستدا نییە ئێمە ناچار دەبین شەو و ڕۆژ بە جلوبەرگی نوێژەکانمانەوە بمێنینەوە، کاتێک کۆچمان کرد زۆربەی جلەکانمان لە ماڵەوە بەجێماوە، تەنانەت ئەوانەی هێنامان لە خالەکانی پشکنین ڕێگەیان نەدا بیانهێنین.