"دەبێت دەسەڵاتدارانی باشوور ئەو بەرپرسیارییە مێژووییەی پێیان سپێردراوە ئەنجامی بدەن"
کنێر عەبدوڵا، نووسەر و چالاکوان، باسی لەوەکرد، پیلانێکی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر سڕینەوەی قەوارەی کورد و وتیشی: دەبێت دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بەرپرسیارییەتی خۆیان بەجێ بهێنێن و بە تایبەت دەروازەی سنوری سێمێلکا بکەنەوە.
دیدار شەهلا
سلێمانی- شەڕڤانان و گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا بەرخۆدانێکی مێژووی بەڕێوەدەبەن، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاش بە تایبەت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕ بووەتەوە، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانییەوە نەوەستاوە و ئەوانەی کە هەوڵی ئاشکراکردنی تاوانەکان و گواستنەوەی ڕاستییەکان دەدەن بەئامانجیان دەگرێت، وەک چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەردوو ڕۆژنامەنووس نازم داشتان و جیهان بیلگینی لە کاتی بەجێگاندنی ئەرکەکانییاندا بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا گیانیان بەخەتکرد.
"دەبێت عەقڵیەتی حکومەت لە بەرژەوەندیی هەمووان بێت"
کنێر عەبدوڵا، نووسەر و چالاکوان، لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا و بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستانەوە، پێیوابوو کە ڕووداوەکان زۆر بەپەلە و لەسەر یەک ڕوویانداوە و دۆخێکی ناخۆشی بۆ سووریا بە گشتی و ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەتی دروستکردووە و وتیشی: مێژوویەکی تاڵ و ناخۆش لە ئاستی دەوڵەت و ڕۆژئاوای سووریا وەک خۆبەڕێوەبەرییەک دووبارە دەبێتەوە، لەم کاتەدا کۆمەڵێک چارەسەر هەیە کە ئێمە وەک کورد و بەتایبەت حکومەت و لایەنی دەسەڵاتداریی باشوور بیری لێبکاتەوە سەبارەت بە دۆخی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بە گشتی، یەکێکیشییان ئەوەیە کە پێویستە سنوری سێمێلکا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکرێتەوە. ڕاستە ویستێکی زۆر مرۆییانە لەناو باشووری کوردستان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی لێقەوماوان و قوربانییەکانی جەنگ بدات، بەڵام بەهۆی داخستنی سنورەکەوە بەڕووی خەڵکەکەدا، هاوکارییەکان تەنها دەتوانرێت لەڕێگەی پارەوە کۆبکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی دارایی خەڵکی باشووری کوردستانیش خراپە و مووچەی چەند مانگێکیان وەرنەگرتووە، بەڵام دەبینین سەرباری ئەوەش ئامادەییان هەیە شت لە ماڵەکانی خۆیان بهێننە دەرەوە و بیدەن بە خەڵکی ڕۆژئاوا، بۆیە لە ئێستادا ئەوەی کە پێویستە بکرێت لەسەر لایەنە حکومییەکەیە، ئەویش بە کردنەوەی سنورەکە به ڕووی خەڵکی ڕۆژئاوا و گەیاندنی هاوکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان، ئەمەش بۆ پرسێکی نەتەوەیی وەک کورد و پیشاندانی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی زۆر گرنگە، بۆیە دەبێت دەسەڵات واز لەوە بهێنێت بە عەقڵێکی تەسکی حیزبایەتی بیرکاتەوە، بەڵکو دەبێت سیاسەتێکی ستراتیژی بەکاربهێنێنت، کە لە بەرژەوەندی پرسی کورد بێت چ بۆ خۆمان، چ بە ڕووی وڵاتانی تردا.
"هێزی پاراستی ژنان لە ڕابردوودا خۆیان سەلماندووە"
کنێر عەبدوڵا، باسی لەوەشکرد کە لە ڕابردوودا هێزی لەشکەری لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت هێزی پاراستنی ژنان خۆی وەک لایەنێکی مێژوویی سەلماندووە و هەموو دنیا دەزانێت ئەوە چ هێزێکە و وتیشی: ئەوەی ئێستا پێویستە ئەو هێزە بیکات، ئەوەیە کە ستراتیژێکی سیاسی بەکاربهێنێت لە بەرژەوەندی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکان، هەڵبەت ئەگەر وەک هێزێکی مێژوویی دەرفەتی ئەوەی پێبدرێت لەبەرامبەر ئەوانیتردا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت، ئەمەش بۆ پیشاندانی یەکێتی گەلی کورد و دانانی داهاتوویەکی باش بۆ داهاتووی کورد زۆر گرنگە.
"سیاسەتی ئەردۆغان بە ئاشکرا داگیرکارییە"
ئەم نووسەرە جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی ئەردۆغان سیاسەتێکی داگیرکارییە و بە ئاشکرا هەوڵی داگیرکردن و لەناوبردنی گەلی کورد دەدات و وتی: دەبێت حکومەت لە بەرامبەر بەم سیاسەتەی ئەردۆغان هەوڵبدات پاڵپشتێکی نێودەوڵەتی بدۆزێتەوە بۆ خۆی، تاکو بتوانێت ڕووبەڕووی ئەردۆغان ببێتەوە و نەهێڵێت بەم جۆرە و بە بێ سنوور کار بۆ لەناوبردن و داگیرکاریی بکات، بەتایبەت بەرامبەر گەلی کورد.
"جەنگ هیچ لایەنێکی ئەرێنی نییە"
ئەم نووسەرە ئاماژەی بەوەدا کە بەدرێژایی مێژووی جەنگ، ژنان زیاتر بوونەتە قوربانی بە بۆنەی ئەوەی کە دوژمن پێیوابووە لەڕێی داگیرکردنی ژنانەوە دەتوانێت لایەنی بەرامبەر شکست پێبهێنێت و ملکەچی بکات و هەروەها وتیشی: جەنگ بە درێژایی مێژوو هەمیشە کاولکاریی وێرانکاریی بووە و خەڵک لە هەموو تەمەن و بارە جیاوازەکاندا بوونەتە قوربانی، بۆیە جەنگ هیچ لایەنێکی ئەرێنی نییە و جگە لە کاولکاریی هیچیتر ناهێنێتە ئاراوە.
لە کۆتاییدا کنێر عەبدوڵا، نووسەر و چالاکوان پەیامی خۆی گەیاند و وتی: لەم کاتەدا، ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیران نییە کە بەتەنها هەڵوێست دەربڕن، بەڵکو ئەرکی هەموو کوردێکە ئەگەر هەستی نیشتمانی بۆ خاک و مێژوو و نیشتمانی خۆی هەبێت، کە خاوەن بەرپرسیارێتی بێت، بە تایبەت دەسەڵات، کە پێویستە ئەو بەرپرسیارێتییەی مێژوو پێی سپاردووە، کە کردنەوەی سنوری سێمێلکایە، جێبەجێی بکات.