ململانێی سودان توندوتیژی دژ بە ژنان گەورەتر دەکات
توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە سودان بەردەوامە، ململانێی سودان توندوتیژی دژ بە ژنان گەورەتر دەکات و باجی زۆری بە ژنان داوە.
مەیسا قازی
سودان- جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ١٩٩٣دا توندوتیژی دژی ژنان بەم شێوەیە پێناسە دەکات: هەر کردەوەیەکی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کە لە ئەنجامدا، یان ئەگەری هەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژنان یان ئازاری جەستەیی، سێکسی یان دەروونی، لەوانەش هەڕەشەی کردەوە لەلایەن ئەم جۆرە توندوتیژییە یان زەوتکردنی ئازادی ئارەزوومەندانە، جا لە ژیانی گشتی یان تایبەتدا ڕووبدات” و ئەم توندوتیژییە کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر تەندروستی دەروونی و سێکسی و زاوزێی ژنان هەیە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیاندا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان، ژنان و منداڵانی کچ لە سودان ڕووبەڕووی برسێتی و ئاوارەبوون و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبنەوە و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری زیادی کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بە توندوتیژی جێندەری بە ڕێژەی ١٠٠% زیادی کردووە، بەپێی ئامارەکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٧ ملیۆن ژن و منداڵی کچ مەترسی توندوتیژی جێندەرییان لەسەرە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە دامەزراوەیەکی حکومییە، ڕاگەیەندراوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، سەلیما ئیسحاق، بەڕێوەبەری یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕوونیکردەوە کە ئەم ژمارەیە تەنها ٢%ی ژمارەی ڕاستەقینە پێکدەهێنێت، و ژمارەی ڕاستەقینەی ژنانی دەستدرێژی سێکسی ئەستەمە بەهۆی بەردەوامی ململانێ و نەبوونی زانیاری و بێتوانایی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتن بەو خزمەتگوزارییانەی کە سەنتەرەکە پێشکەشی دەکات.
زۆرێک لە ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کاردەکەن بۆ چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانە و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە فێمینیستەکان و چەندین دەستپێشخەری چالاکن بۆ بەڵگەنامەکردن و ئاشکراکردنی ئەو تاوانانە بەگوێرەی کەمپەینی "پێکەوە دژی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی" کە لەلایەن کۆمەڵێک فێمینیستەوە دەستیپێکردووە و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە، ٤٢٣ حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لەلایەن هەڵمەتەکەوە بەڵگەدارکراون کە ١٥٩ حاڵەتی منداڵانی کچی تێدایە.
"دوای ململانێلکان توندوتیژی سێکسی دەرکەوت"
سەبارەت بە جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە سودان، ڕۆژنامەنووس عەواتیف ئیسحاق ڕوونیکردەوە، پێش ململانێکان توندوتیژی خێزانیمان وەک شتێکی گەورە دەبینی و هەوڵمان دەدا بەرەنگاریی ببینەوە، هەروەها توندوتیژی جەستەیی. خەتەنەکردن ئەنجامدەدرا، ئەمەش تەحەدای بۆ ئێمە دروستکرد، دوای ململانێکان توندوتیژی سێکسی دەرکەوت، لەنێویاندا دەستدرێژی سێکسی، کۆیلایەتی سێکسی، و سێکس بۆ خواردن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ زیندانی کران و ئیستغلال کران و دەستدرێژییان کراوەتە سەر، هەروەها حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێش هەبووە، ژنانیش هەن بە زۆر بێسەروشوێن کراون و هێشتا شوێنیان نەزاندراوە، سەرەڕای ئەم توندوتیژییە گەورەیە خەڵک دەترسن، بۆیە دیارنەمانی ژنان ڕاپۆرت ناکرێت، ئەوان لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا دەگەڕێن و دواتر بابەتەکە پەردەپۆش دەکەن چونکە پێیان وایە شەرمەزارییە بۆ تۆ بڵێیت کچەکەت چووە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، یان دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەمە یەکێکە لەو کێشە سەرەکیانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، و تەنانەت ئەوانەی کە ڕاپۆرت دەکەن، کاتێک چاودێری و بەڵگەنامەکردن ئەنجام دەدرێت، لە ناوەڕاستی بەڵگەنامەکاندا، دەوستن و دەڵێن کە نایانەوێت بەڵگەنامە بکرێت.
"پێشێلکارییەکان بەرمابەر بە ژنان زیادی کردووە"
مەرام محەمەد، پزیشک و چالاکوانی فێمینیست کە هۆگری پرسی ژنانە، ڕوونیکردەوە لەگەڵ ململانێکان لە سودان، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە سودان زیادی کردووە، وەک توندوتیژی جەستەیی و سێکسی و دەروونی و خەتەنەکردن.
وتیشی: خێرایی و چڕی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان زیادیکردووە، بەو پێیەی جەستەیان بە سەنگەر دادەنرێت، دەبینین توندوتیژی بەرامبەریان پراکتیزە دەکرێت، کە بریتییە لە توندوتیژی سێکسی و دەروونی لەڕێگەی دەستدرێژی زارەکی و پێشێلکارییەکانی دیکە، دەبێت کاریگەرییەکانی توندوتیژی کەمبکەینەوە،ڕزگاربووان بە پێشکەشکردنی پشتیوانی تەندروستی، پزیشکی، دەروونی و کۆمەڵایەتی و پشتگیری دارایی، هەروەها بە ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری لە کۆمەڵگەو کاریگەریکردن لەسەر ژنان، سیاسەتەکان دەبێت ڕێگری لە توندوتیژی سێکسی بکەن لە سودان.