"داگیرکەران لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆژنامەنووسانی ئازاد شەهید دەکەن"

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکاتە ئامانج و ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سیخوڕانی ناوخۆ هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەدات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا، ١٠ی کانوونی یەکەم، ڕاگەیەندرا کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٠٤ ڕۆژنامەنووس، لە ناویاندا ١٢ ڕۆژنامەنووسی ژن لەلایەن دەوڵەتان و گروپی جیاوازەوە لەو وڵاتانەی ناکۆکی و شەڕی تیادایە بە ئامانجگیراون، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردووی ئەمساڵیشدا ٥ ڕۆژنامەنووسی ئازادی کورد لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بە ئامانج گیراون؛ ئەوانیش، لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ڕۆژنامەنووس لە کۆمپانیای چەتر لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی گیانیان بەختکرد، لە سنوری شەنگال پەیامنێرانی چراتیڤی و چرا ئێف ئێم لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە ٨ی تەمووزی ئەمساڵدا کرانە ئامانج و لە ١١ی تەمووزدا موڕاد میرزا بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، لە ١٩ی کانوونی یەکەمدا لە نزیک بەنداوی تشرین لە ڕۆژئاوای کوردستان هەردوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد بە ناوەکانی جیهان بیلگین و نازم داشتان، بە ئامانگیران و گیانیان بەختکرد.

 

بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکات کە، دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکاتە ئامانج و لە بەرامبەریشدا ڕۆژنامەنووسان بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان دا.

 

"ئامانجی دەوڵەتی تورکیا دیزاینکردنێکی نوێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەرهاویشتەی بارودۆخی سیاسییە، دەوڵەتی تورکیا لە ئاکامی هێرشەکان ئامانجی دیزاینکردنێکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ئاکامدا هێزەکانی پاراستن و دەوڵەتانی داگیرکەر ڕووبەڕوو دەبنەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی کەرکوک و موسڵەوە دەیەوێت بگاتە ڕۆژئاوای کوردستان و حەلەب و دواتر پەل بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بکێشێت، شەڕێکی تایبەت بەڕێوە دەبات و هەندێک ڕاگەیاندن رو دەسەڵاتی کوردیش بەکاردەهێنێت بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی، تا هێزی پاراستنی خاک و گەل بشارێتەوە.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، هەردوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد جیهان بیلگین و نازم داشتان لە ١٩ی کانوونی یەکەم لەسەر بەنداوی تشرین لە بەردەم پردی قەرەقۆزاغدا، بە چاوساخی دوژمن و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، هەبوونی جەنگ بەرامبەر بیری ئازاد و ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ پیشاندانی ئەو خیانەتەی بە چاوساغی دەکرێت، لە کاتێکدا ڕاگەیاندنی ئازاد هەوڵ بۆ دەرخستنی ڕاستی دوژمنان و دەسەڵاتدارانی ناوخۆی وڵاتەکەی دەدات، لە ئەنجامدا ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە کاتی دەرخستنی حەقیقەتی دەسەڵاتداران و دەوڵەتی تورکیا دەکرێنە ئامانج.

 

"جیهان دەبێت بزانێت لە خاکی کوردستاندا پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت"

سنور ڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا، نەبوونی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆتە هۆکاری تیرۆرکردن و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان بە دەستی داگیرکەران و چاوساغەکانیان لە ناوچەکەدا، وتی: لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ٥ ڕۆژنامەنووس بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە ئامانج دەگیرێن، ئەم تیرۆرانە لە ساڵی نەوەدەکان و دەستپێکی دەسەڵاتی باشووری کوردستانەوە دەستیپێکردووە، دەسەڵاتی ناوخۆ بەردەوام هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر دەکات، هەوڵ بۆ لەناوبردنی بیری ئازاد دەدات، ڕۆژنامەنووسان بە خاتری دۆزی نەتەوەکەیان و گواستنەوەی بارودۆخی ناوچەکەیان خەبات دەکەن، بەڵام چاوساغانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ دۆزی نەتەوەکەیاندا نین و هەوڵ بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان دەدەن، بۆیە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان پرسێکی گرنگی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت، ئاسمانی کوردستانیش بەردەوام بۆ بەئامانجگرتنی بیری ئازاد و ڕۆژنامەنووسان بەکاردێت.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کۆتاییدا باسی لەوەشکرد، پێویستە بەرگرییەکانی گەلی کورد تەنها لە چوارچێوەی بەیاننامە و ناڕەزایەتیدا نەمێنێتەوە، گەلی کورد دەبێت لە خەمی ڕۆڵەکانی کورد و خۆیاندا بن، وتیشی: وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد پرسی ڕۆژنامەنووسان وەک پرسی خۆمان دەبینین، لە ئێستادا ئەو خەونەی لەناو گەلی کورد بۆ نەتەوە و ئازادی هەیە، بۆ ڕاگەیاندنیش بەدی دەکرێت، پشتگیری و یەکبوونی ڕاگەیاندنکاران و لایەنە ئازادیخوازەکانی دیکە، زەمینەیەک بۆ ڕێگری لە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و بیری ئازاد دەڕەخسێنێت، هەبوونی ئەو هەڵوێستە دەبێت جیهانی بێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەنگمان بە تەواوی جیهان بگات بۆ پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان، تا بزانن لە خاکی کوردستاندا پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت.