"هەوڵ بۆ ڕاگرتنی کارەکانی ژن تیڤی، ترسانە لە دەنگی ژنانی ئازاد"

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ داخستن و ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە بەرهەمی میدیایی بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، ژنان و چالاکوانان هەڵوێستیان دەربڕی و وتیان: ئەمە پێشێلکردنی مافی ژنان و ئازادی ڕادەربڕینە و ترسانە لە دەنگی ژنی ئازاد.

دیدار شەهلا

 

سلێمانی- هەوڵەکان بۆ کپکردن و ڕاگرتنی دەنگی ئازاد و بەتایبەت دەنگی ژنان هەمیشە بەردەوام بووە، لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی ۳۱ ی کانوونی دووەمی ۲۰۲٤، لە کۆتا ڕۆژی ساڵدا، ئاسایشی سلێمانی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وەک خۆیان دەڵێن بە بڕیارێک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، هەڵیکوتایە سەر چەند  کۆمەڵێک دەزگا و لە ناویشیاندا کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی سنوردار لە باشووری کوردستان، کە ماوەی حەوت ساڵە بەرهەمی میدیایی بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بڕیارەش ڕۆژی ۲ ی کانوونی یەکەمی۲۰۲٥، لەلایەن کۆمپانیای گزنگی بەربەیانەوە، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە چالاکوانان و میدیاکاران و ڕۆشنبیران، لە سەننەری میترۆ لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و لەم بارەیەوە چالاکوان و نوسەرانی ژن هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد. 

 

"هەوڵەکە سڵکردنەوەیە لە دەنگی ژن و دەستی داگیرکەرانی تێدایە" 

شیرین تاهیر، نوسەر، لەبارەی هەوڵەکان بۆ داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کە کار بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی سنوردار دەکات و لەم چوارچێوەیەدا، ماوەی حەوت ساڵە بەرهەمی میدیایی بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت وتی: ئەم بڕیارە هەر لە چوارچێوەی ئەو فشارە سیاسیانەدایە کە لەسەر هەرێم هەیە و بڕیارێکی کتوپڕە، ئەویش بە بۆنەی ئەو بارودۆخە ناهەمووارەی لە چواردەوری باشوری کوردستان هەیە، وەک دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم دەزگایە و ئەو دەزگایانەی تر کە هەوڵی داخستنیان دراوە بەردەوام لە زۆربەی مەوداکاندا چالاک بوون و هەوڵی گەیاندنی ڕاستییەکانیان داوە، بەم جۆرە فشاری داگیرکەران لەسەر عێراق و هەرێم بڕیارێکی وەهای لێکەوتۆتەوە. 

 

ئەو باسی لەوەشکرد کە دەسەڵات بەردەوام سڵکردنەوەیەکی لە دەنگ و ڕەنگی ژنان و ئازادی ژنان هەبووە و ئەمەی وەک یەکێک لە هۆکارەکان ناوزەندکرد و وتیشی: بێگومان ئەمە بەدەر نییە لەبارودۆخە کۆمەڵایەتییەکە و کاریگەری ڕەوشی کۆمەڵایەتی و ئایینی بەسەرەوەیە و سڵکردنەوەیەکە لە دەنگی ژنانی ئازاد، لە ژێر ناوی کۆمەڵێ بیانوی وەک ئەوەی ئەم دەزگایانە پەیوەندییان بە هەندێ حزبەوە هەبێ کە ل عێراق بڕیاری داخستنیان دراوە، یاخود ئەوەی کە مۆڵەتیان تازە نەکردبێتەوە، لەکاتێکا گەر ئەوە بوایە، ئەوا پێشتر ئاگادار ئەکرانەوە، بەڵام کتوپڕی کردەوەکە ئەوە دەردەخات کە بڕیارەکە بەهۆی فشارێکەوە بووە کە لەسەر هەرێم هەبووە.