ژنان لە دەشت برجی، لە نێوان دەستگیرکردن و خۆکوشتن لە دەسەڵاتی تاڵیبان

شەپۆلێکی نوێی سەرکوتی ژنان لە دەشت برجی لە ڕۆژئاوای کابولی پایتەختی ئەفغانستان دەکاتە ئامانج، دەستگیرکردنەکان ئەشکەنجە و خۆکوشتنی لەگەڵدایە، ئەو ژنە گەنجانەی کە سەردەمانێک پێشەنگ بوون لە بواری پەروەردەدا، ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەی دوورخستنەوەی تەواو دەبن.

بەهاران لەهیب
کابول-
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک ژنی گەنج لە گەڕەکە جیاجیاکانی دەشت برجی بە تۆمەتی نەپۆشینی بالاپۆشی دەستگیر کراون و بۆ زیندانەکانی تاڵیبان گواستراونەتەوە، چارەنووسی زۆرێکیان تا ئێستا نادیارە، بەڵام بەشێک لە خێزانەکان دوای دانی بڕە پارەیەکی زۆر و واژۆکردنی بەڵێننامەی زۆرەملێ توانیویانە کچەکانیان لە دیلێتی تاڵیبان ئازاد بکەن.

 

ئەمڕۆ لەگەڵ چوونە ژوورەوەی دەشت برجی هەست بە کەشێکی قورسی ترس و تۆقاندن دەکەیت بەرامبەر بە ژنان، هەمووان بێدەنگن و تەنها چەند ژنێک کە جلوبەرگی پەسەندکراوی تاڵیبانیان لەبەردایە لەسەر شەقامەکان دەبینرێن.

 

دەشت برجی ناوچەیەکی زۆرینەی هەزارە و شیعەی، تاڵیبان بە ئاڵای ئیسلامدا، توندترین شێوەی ستەمکاریی بەرامبەر دانیشتووانی خۆی بەتایبەتی ژنان ئەنجامداوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاندانی دابەشکاریی نەتەوەیی، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ناوەندەکانی خوێندن و یانە وەرزشییەکان و گواستنەوە و خوێندنگەکان بوونەتە ئامانجی هێرشی خۆکوژی و گیانی زۆرێک لە ژنانی گەنج و گەنجان گیانیان لەدەستداوە.

 

بەداخەوە بەشێک لە گروپە جیهادیەکان کە بانگەشەی نوێنەرایەتی هەزارە و شوێنکەوتووی پێکهاتەی شیعە دەکەن، گەورەترین خیانەت و تاوانیان بەرامبەر ئەندامانی ئەم پێکهاتە ئەنجامداوە.

 

سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمە، زۆرێک لە ژنانی دەشت برجی خوێندنیان وەرگرتووە، خولی پەروەردەیی و چالاکییە وەرزشییەکانیش بە نهێنی بەردەوامن، لە ڕابردوودا ناوچەکە پڕ بوو لە ژنانی گەنج کە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانیان دەدا و وانەکانی وێنەکێشان لە بەناوبانگترین چالاکییەکان بوو.

 

بەڵام تاڵیبان هەستی بە مەترسی ئەم تەڤگەرییە کرد و دەستی کرد بە سەرکوتکردنی ژنانی گەنج، تەنانەت بەشێک لە تەرمەکان بەبێ ئەوەی هیچ ڕووماڵێکی ڕاگەیاندن و ناڕەزایەتی گشتییان هەبێت، ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران.

 

سەرەڕای ئەوەش چیرۆکە ئازاربەخشەکان بەردەوامن لە گێڕانەوە، سەردانی دوو بنەماڵەمان کرد کە چەند ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن تاڵیبانەوە کچەکانیان لەدەستدا کە کوژراون یان خۆیان کوشتووە لەبەر هۆکاری ئاسایشی، ناوی خوازراو لەم هەژمارزنەدا بەکارهێنراوە.

 

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دەشت برجی، پەیامنێری ئاژانسەکەمان چاوی بە سایمە ساخی، خوشکی کەوت کە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ماڵێکی نیمچە وێرانەدا دەژیان، سایمە ساخی تەمەن ١٨ ساڵ، لەگەڵ خوشکە گەورەکەی چووبوو بۆ بازاڕکردن، کاتێک لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی تاڵیبانەوە بۆ بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری دەستگیرکرا.

 

خوشکەکەی وردەکارییەکانی دەستگیرکردنەکەی گێڕایەوە و وتی: بە شەقامێکی قەرەباڵغدا دەڕۆیشتین، لەناکاو بیستمان کە تاڵیبان ژنەگەنجەکان دەستگیر دەکەن، هەمووان دەستیان کرد بە ڕاکردن، من و سایمە چووینە ناو کوچەیەکەوە، بەڵام دوای چەند ساتێک، تێبینیم کرد کە لەگەڵم نەماوە، من نەموێرا لە ترسەوە بگەڕێمەوە، پێموابوو لەوانەیە بە ئاراستەیەکی دیکەدا ڕیکردبێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، چاوەکانی پڕ بوون لە ئازار و توڕەیی: بەهیوای گەڕانەوەی چوومە ماڵەوە، بەڵام هەرگیز نەگەڕایەوە، تا ئێوارە چاوەڕێمان کرد و بێ سوود بوو، باوکم و براکەم چوونە ناوەندی تاڵیبان، بەڵام ڕەتیانکردەوە پێیان بڵێن لە کوێیە، دوای چەند ڕۆژێک، توانیمان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر ئازادی بکەین، دوای ئەوەی ناچاریان کرد بەڵێننامە بدات.

 

دوای بێدەنگییەکی زۆر، خوشکەکەی وتی: نازانم لەو ڕۆژانەدا چی بەسەر هاتووە، قسەی نەدەکرد، دوای چەند ڕۆژێک بە خواردنی ژەهر ژیانی خۆی برد، پێش مردنی پێی وتم کە خراپترین کەسانی سەر زەوی تاڵیبانن، دەبێت هەموو ژنان تۆڵەیان لێبکەنەوە.

 

دوای دەرچوونمان لە ماڵی سایمە ساخی بەرەو ماڵی نێرگز وەهاب ڕۆیشتین، کە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، هاوکات لەگەڵ ئازاری لەدەستدان، هەژاری و بێ ماڵ و حاڵ لە ڕووخساری دایک و باوکیدا دیار بوو، چەندین کاتژمێر لەگەڵیان دانیشتین، بەڵام قسەیان نەدەکرد، باوکی بە ئاماژەیەکی کورتەوە وتی: هەڕەشەیان لێکردم کە ئەگەر قسە بکەم، دوو کچەکەم و کوڕەکەم هەمان چارەنووسی نێرگزیان بەسەردا دێت.

 

بێدەنگی بەسەر ماڵەکە و دیوارەکانی و هاوڵاتیانی هەڵواسرابوو، دوای هەر ئاهێکی درێژ، دایکی نێرگز دووبارەی کردەوە و دەیوت: هیوادارم تۆڵەی کچەکەم بکرێتەوە، جگە لە هەڕەشەکان، بنەماڵەی نێرگز وەهاب تووشی زەبر و زەنگی دەروونی سەخت بوون.

 

ئەوەی لەم باسەدا باسکراوە، تەنیا بەشێکی کەمی ئازارەکانی هەزاران دایکە لە ئەفغانستان، ئەو دایکانەی کە کچەکانیان لەدەستداوە بەهۆی ئەشکەنجەدان، ئازاردانی سێکسی، دەستدرێژیکردنە سەر، کوشتن، یان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.

 

شایەتحاڵەکان وتیان: تاکە بیانوو "باڵاپۆشی نەبوون" بووە، لە ڕۆژی عاشورا کۆمەڵێک ژنانی گەنج ڕێپێوانیان کرد و باسی ئازادی و کار و پەروەردەیان دەکرد، هەروەها لەم چالاکییەدا فیلمێک نمایشکرا، بەڵام تاڵیبان کە بە قووڵی دوژمنایەتی هۆشیاری و پێشەنگایەتی ژنان دەکەن، بۆ بێدەنگکردنیان پەنایان بردە بەر سەرکوت و تۆقاندن.