ئەمڕۆ لە کەنار و سوەیدا برینی ئێزدییەکان دووبارە دەبێتەوە
ترس و دڵەڕاوکێ گەلی سووریای گرتووە سەبارەت بە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش، بە لەبەرچاوگرتنی سەرهەڵدانی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ دەسەڵات لە سووریا، کە هەمان ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعش پەیڕەو دەکەن.

نور ئەحمەد
ڕەققە- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، داعش کۆمەڵکوژییەکی بێ ئەندازەی جینۆساید لە دژی ئێزدییەکان لە شنگال ئەنجامدا، پێشێلکارییەکان بریتی بوون لە کوشتن و ڕفاندن و کۆیلەکردنی ژنان، ئەم سیناریۆیە ئەمڕۆ لە دژی پێکهاتەی عەلەوی و پێکهاتەی دروز لە سووریا لەسەر دەستی حکومەتی کاتی دووبارە دەبێتەوە.
"داعش ژنانی کردە ئامانج"
سەبارەت بە ڕاستی ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەردەمی کۆنترۆڵکردنی داعش، سەلوا ئیبراهیم، شایەتحاڵی تاوان و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە دانیشتووان، بەتایبەتی ژنان ڕایگەیاند، رۆژانە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیاین، ڕەققە بوو بە شارۆچکەیەکی مۆتەکە، و وەک مرۆڤی مردوو بووین، کوشتن و توندوتیژی و تاوان ڕۆژانە ئەنجام دەدرا، سەربڕین و بەردبارانکردن و ئەشکەنجەدان دیمەنی دووبارەبووەوە بوون بە تایبەتی ژنان دەکوژران، هەندێکی دیکەشیان بە دیل دەگیران و ئەشکەنجە دەدران ئەوانەی لەم کارانە ڕزگاریان بوو، سنووردارکردنیان بەسەردا سەپێندرا و ژیانی کۆمەڵایەتییان ڕاگیرا و ژنان تووشی گۆشەگیری و توندوتیژی و زەلیلکردن بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، داعش ئێزدییەکانی کردە ئامانج و جینۆسایدی دژیان ئەنجامدا، لەسێدارەدانی مەیدانی ئەنجامدا، هیچ جیاوازییەکی لە نێوان کەسانی بەساڵاچوو و منداڵ و ژندا نەدەکرد، ژنانی ئێزدی توندترین کرداریان بەرامبەر کرا و هێنرانە ڕەققە کە بە پایتەختی خەلافەت ناودەبرا، بۆ ئەوەی بفرۆشرێنە چەتەکان، هەندێکیان ڕفێنران و دیارنەماون و چارەنووسیان نادیارە.
"دوو دیوی یەک سکە"
سەبارەت بە ململانێ خێڵەکییەکانی ئەم دواییە لە سووریا وتی: دوای ئەوەی جیهادییەکانی هەتەشە دەسەڵاتیان لە سووریا گرتە دەست، شەڕی ناوخۆ و ململانێی خێڵەکی لە نێو گەلی سووریادا سەریهەڵدا، بەتایبەتی دوای ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە دژی پێکهاتەی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، لەم دواییانەشدا کۆمەڵکوژییەک لە دژی دروزەکان ئەنجامدرا، کە بریتی بوو لە لەسێدارەدانی مەیدانی، بڕینی بەشەکانی جەستەی تەرمی مردووەکان، و پێشێلکارییەکانی دیکە، باسی پێشێلکارییە دڕندەکانی دژ بە ژنان ناکەین لەم دواییانەدا چەندین کەیسی ڕفاندنی ژنانی عەلەوییەکان تۆمارکراون و تا ئێستاش چەتەکان داوای فیدیەیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەتەشە و داعش دوو دیوی یەک دراون، وتی: ئەو عەقڵیەتە توندڕەو و ڕادیکاڵەی کە ئەمڕۆ جیهادیەکانی هەتەشە لە دژی پێکهاتەکانی دیکە و بە تایبەتی ژنان بەدوایدا دەگەڕێن، هەمان عەقڵیەتی تیرۆری داعشە، هەمان شانۆگەری و دیمەنی ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە.
مەترسی پێشينگایەتیکردنی سووریا بە عەقڵیەتی توندڕەو
سەلوا ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی جیهادییەکانی هەتەشە، کە هەمان عەقڵیەتی ڕادیکاڵ وەک داعش پەیڕەو دەکات، داهاتووی سووریا ئەمڕۆ بە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت، مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە کە هەڕەشە لە ڕاستی و بوونی ئەو پێکهاتانە دەکات کە لە سووریادا هەن، بەتایبەتی پێگەی ژنان، سووریا وڵاتێکە بە فرەچەشنی کولتووری بە پێکهاتە جیاوازەکان ناسراوە، پێکهاتەکان کە بۆ هەزاران ساڵ پێکەوە دەژین بەبێ جیاوازی لە نێوان سوننە، عەلەوی، دروز، یان شیعەدا ئێمە گەلی سووریان یەکین و ڕێگە نادەین ئەم تاوان و دابەشبوونانە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا بەردەوام بن.
جموجۆڵی نوێی شانەکانی داعش لە ناوچەکەدا هەیە و چەندین هۆکاری بەشدارن لە بوژانەوەی داعش، ڕوونیشیکردەوە کە دوای دەستبەسەرداگرتنی هەتەشە، چەندین جموجۆڵی شانە داعش لە ناوچەکە سەریان هەڵدا، دوایینیان هێرشکردنیان سەر چەند ناوچەیەکی سەربازی لە هەجین لە پارێزگای دێرەزوور بوو، هەموو ئەم بوژانەوەی شانەکانی لە ئەنجامی ئەو پشێوی و نائاسایشییەی ناوچەکانی ناو سووریایە.
پێشەنگایەتیکردنی سووریا بە بیرکردنەوەی ئازاد و دیموکراتیک
ڕەتکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاریانەی دەربڕی کە دژی ژنان لە هەر شوێنێک بن، ژنان لە شەڕە چەکدارییەکاندا قورسترین باجیان داوە، لە پێشەنگی قوربانیانی شەڕدا بوون، قێزەونترین تاوان و پێشێلکاری بەرامبەریان ئەنجامدراوە، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردنە سەر، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، بۆیە دەبێت ژنان بەهێزتر و ئیرادەتر بن، ڕیزەکانیان یەکبخەن، دەنگیان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەردەوامیی ئەو تاوانانە بکەن بۆ ئەوەی داعش زیندوو نەبێتەوە.
سەلوا ئیبراهیم لە کۆتایی قسەکانیدا داوای کرد سووریا لەسەر بنەمای دیموکراتیک بونیاد بنرێت کە ڕێز لە هەموو لایەک بگرێت، وتی: دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دادپەروەر بێت لە حوکمڕانی خۆیدا، سووریا بە بیرکردنەوەیەکی ئازاد و دیموکراتیکەوە پێشەنگایەتی بکات و دڵنیابێت لەوەی فرەیی لامەرکەزی دروشمی هەموو سورییەکانە، بەبێ جیاوازی و ڕەگەزپەرستی، یان دوورخستنەوەی هەر گروپێک، هەروەها دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی هەمووان و سەقامگیری بوونیان لە سووریادا بێت.