ئەو شارەی کە بەسەر نەخوێندەواریدا زاڵ بوو ڕووبەڕووی سەختترین ساڵی خوێندن دەبێتەوە
پەروەردە لە شاری سوەیدای باشووری سووریا گورزێکی وێرانکەری بەرکەوت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سوەیدا ماتەمینی بۆ لەدەستدانی نزیکەی ٤٠ مامۆستا لە چەند مانگی ڕابردوودا دەربڕی.

ڕۆشێل جونیوسر
سوەیدا – لە ساڵی ٢٠٠٨ شاری سوەیدەا سووریا ئاهەنگ دەگێڕا بۆ دەستکەوتێکی ناوازە کە وایکرد ببێتە قسەی شارۆچکەکە: ڕاگەیاندنی بنبڕکردنی تەواوەتی نەخوێندەواری، کە ئەمەش وایکرد ببێت بە یەکەم شاری سووریا کە بگاتە ئەم ئاستە لە هۆشیاری و زانیاری، ئەمەش تەنها ژمارەیەک نەبوو لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کولتوورێکی ڕەگداکوتاوی قوڵ بوو کە پێیوابوو پەروەردە بناغەی هێز و کەرامەتە.
"خێزانەکانی سوەیدا خوێندنگەیان بە درێژکراوەی ماڵ و پەرتوک بە بەشێک لە ناسنامە و مامۆستایان بە کەسایەتییەکی بەنرخ و ڕێزدار دەزانی"
ئەم شارە شاخاوییە تاڕادەیەک بچوکە سەرکەوتوو بوو لە بوون بە چرای زانین و کولتوور، پزیشک و ئەندازیار و نووسەر و هونەرمەندی بەرهەم هێنا و بەهرەمەندی بەرچاوی بۆ زانکۆکانی سووریا دابین کرد، پەرتوکخانە تایبەت و گشتییەکانی پڕ بوون لە پەرتوک، کۆبوونەوەکانی هەرگیز بێ گفتوگۆی هزری نەبوون و منداڵەکانی لە تاقیکردنەوە فەرمییەکاندا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.
بەڵام ئەم وێنەیە دوای ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥ گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، کاتێک هاوڵاتیانی خۆیان بینیەوە ڕووبەڕووی ڕاستیەکی نوێ بوونەتەوە کە پێشتر نەیانزانیبوو، هێرشە خوێناویەکان و گەمارۆی ئابووری و سیاسی پەروەردەی کردە یەکێک لە گەورەترین زیانبەخشەکان، خوێندنگەکان کران بە پەناگە، پەرتوکخانەکان سووتێنران، خوێندکاران تاقیکردنەوەیان لێ نەکرا، مامۆستایانیش گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، سوەیدا پارادۆکسێکی پڕ لە ئازار بەخۆیەوە دەبینێت، شارێک کە پێشتر پێشەنگ بوو لە بواری خوێندەواریدا، ئێستا ڕووبەڕووی سەختترین تاقیکردنەوەیە لە مێژووی پەروەردەی و ڕۆشنبیری خۆیدایە، لە خەباتدایە بۆ پاراستنی مافی خوێندنی ژنانی گەنج و گەنجانی لە نێو شەڕی زانیاری و مرۆڤایەتیدا.
"پەروەردە: ئامانجی تیرۆر"
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ئاسایشیەکان، خوێندنگە و زانکۆکان یەکەم قوربانی بوون، کە هەندێک گوند بەهۆی تێکدان یان تۆپبارانەوە تەواوی خوێندنگەکانیان لەدەستدا و پەرتوکخانەکانیش کە هەزاران پەرتوکی تێدابوو، لە خۆڵەمێشدا کورتکرانەوە.
یارا شوفی، مامۆستای دێرین لەو شارە، وتی: ئەوەی ئێمە شاهیدی بووین شۆککەر بوو، خوێندنگەکان کرانە شوێنی مانەوە، مامۆستایان لە تێکهەڵچوونەکاندا گیانی خۆیان لەدەستدا، هەروەها خوێندکاران لە تاقیکردنەوە و تەنانەت توانای چوونە خوێندنگەشیان لێ وەرگیرا، ئامانجی ڕوون تێکدانی خوێندن و خوێندکاران بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەنجامی خوێندکارانی پۆلی نۆیەم ڕانەگەیەندرا، سەرەڕای ڕاگەیاندنەکانیان لە شارەکانی دیکە، هەروەها خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی ناوەندی نەیانتوانی تاقیکردنەوەکانیان تەواو بکەن، زانکۆکانیش دۆخیان باشتر نەبوو، چونکە هەندێک لە خوێندکارانی دەرەوەی شار تەنها بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ خێزانەکانیان لە تۆڕی کۆمە ڵایەتیدا تووشی سووکایەتی ڕەگەزپەرستانە و دەستدرێژی جەستەی و تەنانەت دەستگیرکردن بوون لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتی.
"هەوڵدان بۆ زیندوو ڕاگرتنی بڵێسەی زانین"
قەیرانەکە تەنها لە خوێندکاراندا سنووردار نییە، بەڵکو پەروەردەش گورزێکی وێرانکەری بەرکەوتوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سوەیدا ماتەمینی بۆ لەدەستدانی نزیکەی ٤٠ مامۆستا لە چەند مانگی ڕابردودا دەربڕی، ئەم کەمییە توندەی کارمەندانی وانەبێژی، قەرەبووکردنەوەی زیانی خوێندنی قورستر کردوە، بەتایبەتی لە بابەتەکانی زانستی و پسپۆڕییە دەگمەنەکاندا.
سەرەڕای هەموو شتێک، کەسانێک هەن کە بە هیواوە نووساون، وەک یارا شوفی جەختی لەسەر دەکاتەوە: پێویستە شێوازەکانمان دابهێنینەوە، دەتوانین بەشەناوخۆی و دیوانەکان بکەینەوە بۆ ئەوەی بە گروپی بچووک فێری خوێندکاران بکەین، هەروەها ڕێڕەوی سەلامەت بۆ خوێندکارانی زانکۆ دابین بکەین بۆ ئەوەی بگەنە شوێنە کەمتر مەترسیدارەکان لە وڵاتانی دراوسێ، هەروەها پێویستمان بە پاڵپشتی دەروونییە بۆ منداڵان و گەنجان بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو شتانەی بەسەریان هاتووە، بۆ ئێمە پەروەردە شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو ماف و پێویستییە.
"خوێندنگەکان پەناگەن و ئازارەکان گشتگیرن"
عەبیر عیزەدین، مامۆستای خانەنشینکراوی لە ڕوانگەیەکی مرۆی فراوانترەوە باس لە دۆخەکە دەکات و وتی: تەنها لە شاری سوەیدا خوێندنگەکانمان بوونەتە پەناگەی خێزانە ئاوارەکانی نزیکەی ٣٦ گوند و خوێندن بەتەواوی وەستاون و خوێندکارانی بڕوانامەکەش لە تاقیکردنەوەکان بێبەش کراون، تەنانەت لە زانکۆکانی دەرەوەی شاریش خوێةدکاران ڕووبەڕووی هاندان و ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە، بۆیە ئێمە بڕیارماندا خوێندکارانی زانکۆ لە سوەیدا بهێڵینەوە بۆ ئەوەی لە زیان بیانپارێزین، وەک چەند مانگێک لەمەوبەر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە هێرشەکە کەسی نەپاراست، تەنانەت کولتوور و هونەریش کرایە ئامانج، پەرتوکخانەیەک کە ٥ هەزار پەرتوکی تێدابوو بە تەواوی سووتێنرا، و پزیشک و ئەندازیار و فریاگوزاری و خوێندکاری موزیکمان لەدەستدا، یەکێکیان کوژرا و عودەکەی شکا، بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا خۆمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە بکەین، بەڵام وێرانکارییەکە ساڵی خوێندنی ئێمەی تێکدا، خوێندنگەکانیش گۆڕدران بۆ پەناگە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە سوەیدا هەمیشە شارێکی زانست و هونەر و ئەخلاق بووە و منداڵەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە جیا دەکرێنەوە، ئەمڕۆ ئێمە شارێکی لێدراوین، بەڵام پێمان وایە خوێندکارەکانمان دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە، و ئەو زانستەکەش لە شەڕ بەهێزتر دەمێنێتەوە
بانگەواز بۆ کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکان
کۆمەڵگەی ناوخۆی ئەمڕۆ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە هاوکاری بەپەلە بکەن، جا چ لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکانەوە بێت، چ بە دابینکردنی پەرتوو و کەرەستەی پەروەردەی، یان تەنانەت پێشکەشکردنی یارمەتییەکان و پشتیوانی دەروونی،سەرەڕای بچوکی قەبارەی سوەیدا هەمیشە بەشدارێکی گرنگ بووە لە پەیکەری زانستی و کولتووری سووریا و لەدەستدانیشی زیانێکە بۆ هەمووان.