ڕۆهات خەلیل: ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکدا خەباتیان کرد
ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری دەستەی ژنان لە جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی لەوەکردەوە کە بەهێزکردنی ژنان پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای دادپەروەری.

ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خەریکی خەباتێکی درێژخایەنن و ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە، بەڵام بەردەوامن لە پەرەپێدانی تواناکانیان و بەشداری کاریگەرانەیان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازیدا دەکەن.
لە هەلومەرجی سەخت و ئاڵەنگاری گەورەدا ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەزمونێکی ناوازەیان هەبووە، ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیان گۆڕیوە و بوونەتە یەکێک لە گرنگترین هێزە چالاکەکان لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، ئەم خەباتە کە لە شۆڕشی ڕۆژئاواوە دەستی پێکرد، تەنها شەڕی مافەکان نییە، بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و شکۆمەندی مرۆڤایەتی.
پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و ئاڵەنگاریەکی بەرچاو بوونەتەوە کە لە عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵەوە سەرچاوەی گرتوە، کە ڕۆڵیان لە سیاسەت و کاردا سنووردار کرد و لە زۆر بواردا ئازادییان لێ زەوت کرا، بەڵام ئیرادەی بەهێزی ژنان و ڕەتکردنەوەی ملکەچبوون بۆ یاساکانی پەراوێزخستن، وای لێکردن کە بەشداری چەندین شەڕ بکەن، لە ئەنجامدا نمونەی ژنانی ناوازە دامەزران کە تیشکیان خستە سەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیدا.
فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی بەهێزکردنی ژنان لە ناوچەکە دادەنرێت، بیرۆکەکانی بەشدارییان کردوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان و بەهێزکردنیان بۆ پێشەنگایەتیکردنی خەباتەکانی خۆیان، نەک تەنها بۆ مافە تایبەتیەکانیان، بەڵکو بۆ داهاتووی تەواوی کۆمەڵگەیەک کە ئازادی و یەکسانی لە باوەش گرتوە.
"ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگەی خۆشکرد بۆ پێشەنگایەتیکردنی شۆڕشەکەی"
ڕۆهات خەلیل، بەڕیوەبەری دەستەی ژنان لە جزیرە، ڕاستی کۆمەڵگەی بەر لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوای ڕوونکردەوە: کە ژنان لە بوارەکانی سیاسەت و کاردا بەدەست پەراوێزخستنێکی ڕوونەوە دەناڵێنن، و لە ئەنجامی ئەقڵیەتی باوی پیاوان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی بەرچاو بوونەتەوە، هەروەها ئەم ئاڵەنگاریانە نەیانتوانی تەماح و خەونی ژنان بشکێنن، شۆڕش وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەی بەخۆیەوە بینی، کە لەڕێگەیەوە ژنان ئیرادەیەکی بەهێزیان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی خۆبەخشی نیشاندا، ڕۆڵێکی دیاریان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بیرکردنەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵ ئۆجالان هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بەهێزکردنی ژنان، ڕێگەی خۆشکرد بۆ پێشەنگایەتیکردنی شۆڕشیان، هزرەکەی لەسەر دیدێکی کراوە دامەزرابوو کە مافی ژنانی چەسپاند و پاڵیان دەنا بەرەو ڕزگاری، لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، ژنان چەندین ئەزمونیان بەسەر بردوە کە خاڵی وەرچەرخانێکی لە هۆشیاری و بەهێزکردنیاندا دیاریکرد، قۆناغی گەشەسەندنی بەردەوامیان بەسەردا هات کە بریتی بوو لە خولی پەروەردەی هزری و ڕێکخراوەی، و بەشداری چالاکانە لە کاری مەیدانی و سیاسیدا، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ بونیادنانی توانا و لێهاتوی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاریەکان، ئەم ئەزمونانە پایەیەکی بنەڕەتییان بۆ دامەزراندنی نمونەی ژنانی ناوازە پێکهێنا کە گرنگی ژنانی ناوازە پیشان دەدات، ڕۆڵی ژنان لە بەدەستهێنانی گۆڕانکاری هەمەلایەنە و توانای ئەوان پشتڕاست دەکاتەوە بۆ پێشەنگایەتیکردنی داهاتووی کۆمەڵگەکەیان بە متمانە و لێهاتوییەوە.
"بەهێزکردنی ژنان پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندن"
ڕۆهات خەلیل ڕوونی کردەوە، کە ژنان بەردەوام بوون لە بەهێزکردنی تواناکانیان لە ڕێگەی خولی پەروەردەی فیکری و دانیشتنی گفتوگۆوە، ئەمەش وایکرد کە بەردەوام بن لە خەبات و تێپەڕاندنی هەموو ئەوئاڵەنگاریانەی کە لە ڕێگایان وەستابوون، و بەهێزکردنی ژنان تەنها پرسێکی کۆمەڵایەتی یان مافی مرۆڤ نییە، بەڵکو پایەیەکی سیاسی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام، ژنێکی بەهێز و هۆشیار توانای ئەوەی هەیە کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکات لە بونیادنانی دامەزراوەکانی وڵاتێک و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی، ئەمەش وا دەکات بەهێزکردنیان پێویستیەکی ژیانی بێت کە لە هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیدا کە بەدوای سەرکەوتن و بەردەوامیدا دەگەڕێت، چاوپۆشیان لێنە کرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان لە هەموو بوارەکاندا گێڕاوە، ئەمەش وایکردوە ببنە نمونەیەک بۆ هەموو ئەو ژنانەی هەوڵی پەرەپێدانی خۆیان و گەیشتن بە مافەکانیان و بەرگریکردن لە شکۆمەندی خۆیان دەدەن، بەشداری ژنان تەنها لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا سنووردار نەبوون، بەڵکو بۆ گۆڕەپانەکانی خەباتی سەربازی درێژبووەوە، لەوێدا ئامادەییەکی بەهێزیان نیشاندا کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، لە بواری سەربازیدا ژنان هێزێک بوون کە دەبوو حسابی بۆ بکرێت، بەو پێیەی توانیان ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگاریانە ببنەوە کە لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوەکان و داگیرکارییەوە سەپێندرابوون، و بە ئیرادەیەکی بێوچان بەرپەرچی هێرشەکانیان دەدایەوە.
ڕۆهات خەلیل پێی وایە ئەم ڕۆڵە قارەمانانە پێگەیەکی بەرچاوی بە ژنان بەخشیوە لە خەباتی نەتەوایەتیدا، توانای خۆیان بۆ پاراستنی خاک و گەلەکەیان بە بوێری و لێهاتووی نیشانداوە، ئەم ئەزمونە ناوازەیەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدەن، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەهێزکردنی ژنان بژاردە نییە، بەڵکو پێویستیەکی ستراتیژییە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و گەیشتن بە ئایندەیەکی سەقامگیر کە تێیدا هەمووان چێژ لە ئازادی و شکۆمەندی وەربگرن.
"هێمای هێز و ئیرادە و گۆڕانکاریە"
ئەو ڕوونی کردەوە، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاواوە، ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بوونەتەوە لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لە ئەنجامی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە باوەی کە ژنانی لە پۆستی بڕیاردان قبوڵ نەکردوە، وتیشی: ئەم ئاڵەنگاریە تەنها لە کۆمەڵگەی دەرەوەدا سنووردار نەبوو، بەڵکو هەندێکجار درێژدەبووەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە خێزانەکانیش بگرێتەوە کە ئەم عەقڵیەتە ستەمکارەیان بەرامبەر بە ژنەکانیان پراکتیزە دەکرد، هێشتنەوەیان بە کۆنترۆڵی نەریتی و لە هەلومەرجێکدا کە ئازادیان سنووردار دەکرد، بەڵام لە بەرامبەر ئەو سەختییانە، شۆڕش هەوڵی پشتیوانی و بەهێزکردنی ژنانی دەدا لە پێناو ڕزگارکردنیان و بەرگریکردن لە ماف و دەستکەوتەکانیان، بە ئامانجی گۆڕینی ئەوان لە تاکی تەنیای ژێر کۆنترۆڵەوە بۆ کاریگەر، پێشەنگ و ئەندامانی کاریگەر لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا ئەمڕۆ جیاوازیەکی ڕوون و بەرچاو لە نێوان ژنانی ڕابردو و ئەو ژنانەدا هەیە کە ئەمڕۆ خەبات دەکەن، ئەوان پێشەنگ و تێکۆشەرن، و بەشدارێکی چالاکن لە هەموو بوارەکانی کار و کۆمەڵگەدا.
جەختی لەوە کردەوە کە شانازی گەورەی ئەم ڕێنێسانسە لە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندایە کە یارمەتی ژنانی داوە خودی ڕاستەقینەی خۆیان بناسن و هەستی بەها و شکۆمەندیانی لە ناویاندا بەئاگا هێنایەوە و جەختی لە ڕۆڵی ناخی و سەرەکییان لە کۆمەڵگەدا کردەوە، ئەمڕۆ ژنان بوونەتە هێمای هێز و ئیرادە و گۆڕانکاری، بەشداری دەکەن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی.
و ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵدەدەن دەنگی خۆیان لەلایەن هەموو ژنانی جیهانەوە ببیسترێن، بۆ داننان بە مافەکانیان و ڕۆڵی کارایان لە بونیادنانی کۆمەڵگەکاندا لە ڕێگەی فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی"، ئەم دەستەواژەیە تەنها قسە نییە، ئەوە پەپولەی ژیانە کە ڕەنگدانەوەی خەباتی ژنانە لە دژی هەموو جۆرەکانی نادادپەروەری و ستەم، پەیامی من بۆ هەموو ژنێک لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریا ئەوەیە کە دەبێت ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەن و لە بەرامبەر ئەڵەنگاریەکاندا خۆڕاگر بن، هەروەها ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی ستەم و وەدەرنانی ببنەوە کە بەردەوام لە دژی ئەوان لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا پراکتیزە دەکرێن، و ژنانی ئەمڕۆ تەنەه بەشێک نین لە پەیکەری کۆمەڵایەتی، بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتییە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هەروەها خەباتکاری ئازادن لە گۆڕەپانەکانی بەرگریکردن لە ماف و شکۆمەندیدا.
جەختی لە ڕێکخستنی ژنان و پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان کردەوە، و هێزەکانی پاراستنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نمونەیەکی ناوازەی خەبات و قوربانیدانیان بەرجەستە کردوە، بە بوێری و ئازایەتی ڕووبەڕووی مەترسیدارترین ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بووەتەوە، سەلماندی کە ژنان توانای پاراستنی خاک و کۆمەڵگەکەیان هەیە، هەروەها توانای ئەوەیان هەیە کە هێزێکی بەرخۆدانی تۆکمە و سەرچاوەی ئیلهامبەخش بن بۆ هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهان، ژنان لەو هێزانەدا هێمای خۆڕاگری و ئازایەتی و سەرپێچیکردن، و نمونەیەکی زیندون کە شکۆمەندی تەنها لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت، بەرخۆدانی ژنان لە چەندین شوێندا دیار بووە، لەنێویاندا بەرخۆدانی قارەمانانەیان لە بەنداوی تیشرین، کە بناغەیەکی گرنگ بوو لە خەباتی دژی داگیرکاری و نادادپەروەریدا.
ڕۆهات خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم قوربانییە گەورانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئازادی و شکۆمەندی تەنها بە خۆڕاگری و ئیرادەیەکی بێ چەواشەکاری دەتوانێت بێت، وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە بگەینە زۆرترین ژنان بۆ ئەوەی پەروەردەیان بکەین لەسەر مافەکانیان و هۆشیارکردنەوەیان، چونکە ڕزگاریکردنی ژنان ڕێگای ڕاستەقینەی ڕزگاریکردنی تەواوی میللەتە، ئازادی بەبێ یەکسانی نییە، هەروەها هیچ شکۆیەک بەبێ بەهێزکردن نییە، پێویستە هەموو ژنێک بەشێک بێت لەم پەیامە و هێزی ناوەوەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەری کاریگەر لە گۆڕینی ڕاستی خۆی و بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ئاشتی.