ڕوانسەر لە نێوان دوو نەوە... لە دایکایەتی زۆرەملێیەوە بۆ ترس لە منداڵبوون
لە دایکانەوە کە سێزدە منداڵیان بەبێ هەڵبژاردن بووە، بۆ ژنانی گەنج کە بە ئاگایی دایکایەتی دوادەخەن، چیرۆکی دوو نەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرجەستە دەکرێت و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێگەی ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا دەردەخات.

شەهلا ئەحمەدی
ڕوانسەر- لە دڵی شاری ڕوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیرۆکی ژنان لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا یەکتر دەبڕێت، گۆڕانکاری قوڵ لە چەمکی دایکایەتی و ڕۆڵی ژنان و ئەو ڕاستیە ئابوورییەی کە خێزان قورس دەکات دەردەخات.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، دابەزینی هەلی کار و زیادبوونی کۆچکردن، شاری کرماشان بەرەو پیربوونی دانیشتوانێکی مەترسیدار دەڕوات، کە نەک تەنها قەیرانی دیمۆگرافی بەڵکو گۆڕانکارییە قوڵەکانی کۆمەڵایەتی و کولتووریش ڕەنگ دەداتەوە، ئەمجارە پرسیار لەسەر واتای دایکایەتی و مافی ژنان بۆ بڕیاردان و چارەنوسی ئەو کۆمەڵگەیانە دەوروژێن کە چیتر منداڵ وەک نیعمەتێک نابینن، بەڵکو وەک بارگرانییەکی بەرگە نەگیراو سەیر دەکەن.
دایکایەتی بەبێ مافی هەڵبژاردن
فەهیمە ڕاد "ناوی خوازراو" ژنێکی هاوڵاتی گوندی سەراویان، ئێستا تەمەنی حەفتا ساڵە، لە ماوەی گەشتێکی دوورودرێژی دایکایەتیدا، سێزدە منداڵی لەدایک دەبێت، دووەمیان لە تەمەنێکی بچووکدا لەدەستدا، ئەوانی دیکەش گەورە بوون و هاوسەرگیریان کرد، هەریەکەیان ئێستا ژیانی سەربەخۆیان بەڕێوەبردووە.
سەرەڕای ئەو ساڵانەی کە چرچی لەسەر دەستەکانی هەڵکۆڵیوە، فەهیمە ڕاد هێشتا سوور و ژیری خۆی دەپارێزێت، لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەوەستێت، دەستی دەخاتە ناو سەتڵێکی ئاردەوە و تێکەڵی ئاوی دەکات وەک ژنێکی بە ئەزمون کە ڕاهاتوە بە ژیان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، ئەو خۆی هەویر بۆ مریشکەکانی دروست دەکات، ماندوونەناسانە، وەک ئەوەی لەگەڵ هەموو جوڵەیەکدا چیرۆکی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەو بە جێگیری سەیری حەوشەکە دەکات و بە دەنگێکی پڕ لە چینەکانی دانای و بیرکردنەوە، وتی: ئەو کاتە، منداڵ بوون بە پیرۆزی دادەنرا، و هەرچەندە زیاترت هەبێت، باشترە؛ ئەوان بەشداری زیاتریان دەکرد لە کارەکەدا، هاوژینەکەم لە تەمەنی شانزە ساڵییەوە منداڵی دەویست و هەمووان دەیانوت کە منداڵی زۆر لە داهاتودا سوودمان پێدەگەیەنێت، بەڵام ئێستا، کاتێک سەیری ڕابردو دەکەم، لە خۆم دەپرسم: ئایا ئەو سێزدە لەدایکبوونە بەڕاستی سوودبەخش بوون بۆ داهاتوم؟
ئەو بەردەوام دەبێت، وتی: دوای ئەوەی کچی سێیەمم بوو، شتەکان کەمێک ئاسانتر بوون، چونکە یارمەتیدام لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی کەم، بەڵام هێشتا ئەو سێزدە لەدایکبوونە وەک نادادپەروەریەکی گەورە دەبینم کە بەرامبەر بە خۆم کردومە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە لەو ڕۆژانەدا دەستمان بە پزیشک نەدەگەیشت، هەروەها هیچمان لەبارەی ڕێگریکردن لە دووگیانی نەدەزانی، تەنانەت ئەگەر بمانزانیبا، ئەوە نەدەکرا باسی بکەین، چونکە بابەتێکی قەدەغەکراو بوو، دەسەڵات لە دەستی پیاواندا بوو، هەرکاتێک هاوژینەکە بیویستایە، دووگیان دەبووین، بەبێ ئەوەی کەس پرسیاری ئارەزوو و ئامادەییمان لێبکات.
"لە نێوان دایکایەتی زۆرەملێ و دایکایەتی هەڵبژێردراو... چیرۆکی دوو نەوەی ژن"
مریەم. ر ، لە تەنیشت دایکی دانیشتوە، وتی: هەر کچێک کە تەمەنی گەورە بوو، بەرپرسیار بوو لە چاودێریکردنی خوشک و برا بچوکەکانی، دایکم تا تەمەنی چل و پێنج ساڵی منداڵی بوو، بۆشای نێوان منداڵەکانیش ئەوەندە گەورە بوو کە تەنانەت لە تەمەنی سی و دوو ساڵیشدا، خوشک و برایەکم هەبوو کە منداڵەکانیان لە من گەورەتر بوون، ئەمە تەنها وردەکارییەکانی منداڵی من نییە، بەڵکو وێنەی نەوەیەکی تەواوە کە ژنانی گەنج بوون بە دایکی جێگرەوە، بەبێ ئەوەی پرسیاریان لێبکرێت یان هەڵبژاردنیان پێ بدرێت.
مریەم. ر، کە ئێستا وەک مامۆستا کاردەکات، وتی: ژنانی ئەمڕۆ پێویستە دایک و کرێکار و ئەندامی چالاکی کۆمەڵگە بن، لە هەمان کاتدا ئاگاداری خۆیان بن، ڕاستە ئێمە دەسەڵاتی بڕیاردانی گەورەترمان هەیە، بەڵام زۆرێک هێشتا گەمارۆی نەریتە بەسەرچووەکان و قەدەغەکراویانیان گرتوە، وتی: کاتێک بووم بە دایک، دایکم بە دیدێکی جیاوازەوە بینی، جیاوازی نێوانمان تەنها لە ژمارەی منداڵاندا نییە، بەڵکو لە تێگەیشتنمان لە دایکایەتی و جەستەمانە، من دوای بیرکردنەوە و ڕاوێژکردنێکی ورد دایکایەتیمم هەڵبژارد، بەڵام دایکم ئەو مافەی پێنەدراە."
دۆخی ئابووری و هەڵاوسان
مریەم.ر، ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوودڵی لە منداڵبوون، دابەزینی ئابووری و خێرابوونی هەڵاوسانە، دۆخی سەختی ژیان و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان و نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی پاڵی بە زۆرێک لە خێزانەکانەوە ناوە کە واز لە بیرۆکەی منداڵبوون بهێنن، لە ڕاستیەکدا کە نرخی کاڵاکان لە ڕۆژێکدا چەندین جار گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، هیوا بۆ داهاتو نزیکە لە نەبوونی، ئێمە نیگەرانین لە داهاتوی ئەو منداڵەی کە پێشتر لەدایکمان بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەمڕۆدا هۆشیاری زیاترە، زۆر کەس درک بەوە دەکەن کە منداڵبوون بەبێ سەقامگیری دارای مەترسییە، ئەگەر هەلی کار و خانوی گونجاو و ژینگەیەکی ژیانی بەڕێز و سەلامەت بۆ گەنجان لەبەردەستدا بێت، تەنها ئەو کاتە دەتوانین بیر لە هاوسەرگیری و دامەزراندنی خێزان بکەینەوە.
"ژنان تەنها ئامرازێک نین بۆ زاوزێکردن"
هەرچەندە سورەت محەمەدی ژمارەیەکی زۆری منداڵی نەبوو، بەڵام باری دابونەریتی توندوتیژ، بڕیاری پێشوەخت و بێدەنگی بەسەر ژنانی نەوەی خۆیدا سەپێنرابوو، بە دەنگێکی هێمن وردەکارییەکانی سەرەتاکانی خۆی دەگێڕایەوە، وتی: تەمەنم پازدە ساڵ بوو کاتێک خێزانەکەم زۆریان لێکردم هاوسەرگیری بکەم و دوای چوار مانگ دایکی هاوژینەکەم بە گاڵتەوە پێی وتم: باخچە تەنها بە بەروبوومەکانی دەناسرێتەوە، من تێناگەم مەبەستی چییە، بۆیە پرسیارم لە دایکم کرد، ئەویش وەڵامی دایەوە کە دەبێت بە خێرایی منداڵ ببم، بۆیە لە تەمەنی شانزە ساڵیدا دووگیان بووم، بەبێ ئامادەی جەستەی و دەروونی، و بێ ئەوەی لە واتای دایکایەتی تێبگەم.
دوای ساتێک بیرکردنەوە، وتی: تا تەمەنی بیست و پێنج ساڵان جارێکی تر دووگیان نەبوومەوە، یەکەم منداڵم کچ بوو، لەگەڵ لەدایکبوونیدا قۆناغێکی نوێی تاوانبارکردن و چاولێکردن و ئاماژەدان دەستیپێکرد، بەڵام ئەمجارە نەمهێشت کەس بڕیار بۆ من بدات، تێگەیشتم کە جەستە و دەروونم هی منە، و دەبێت بڕیاری منداڵبوون لە منەوە بێت نەک لە کەسانی دیکەوە.
"بەتەمەن بوونی دانیشتوان لە ئەنجامی دابەزینی ڕێژەی لەدایکبووندایە"
کرماشان شایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیمۆگرافیایە کە ڕێژەی کەسانی بەتەمەن بۆ ١٣.٥%ی کۆی دانیشتوانی بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی هاوسەرگیری و لەدایکبوون و بەرزبوونەوەی بێکارییەوە ئاڵۆزتر دەبێت، ئەم ڕاستیە پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت بۆ کۆچکردن نەک خێزان دەستپێبکەن، کە ئەمەش ژمارەی بەساڵاچوانی دانیشتوان خێراتر دەکات.
ڕێژەی بەخێوکردن لە کرماشان ١.٣١، کەمترە لە تێکڕای نیشتمانی ١.٦ و زۆر لە خوار ڕێژەی پێویست بۆ جێگرەوەی دانیشتوان کە (٢.١)، ئەم دابەزینە تەنها لە ژمارەدا سنووردار نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قوڵترە کە پەیوەندی بە هەژاری و خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونی ئاسۆی ئابوورییەوە هەیە.
توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٦٠%ی دانیشتوان نایانەوێت منداڵیان هەبێت، ئەمەش بەهۆی ڕاستیەکی ئابووری زەق و بەرزبوونەوەی تێچوی ژیان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی شێوازی ژیانەوەیە، منداڵبوون چیتر وەک نیعمەتێک سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک بارگرانییەکی دارای و دەروونی بەرگە نەگیراو لە هەلومەرجی ئێستادا سەیر دەکرێت.
ئەم دابەزینە لە رێژەی لەدایکبوون تەنها واتای کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان نییە، بەڵکو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و کولتووری قوڵ دەردەخات، دیارترینیان پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژنان، فراوانبوونی بۆشایی نێوان نەوەکان و گۆڕانی پێویستیەکانی ژیان، بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە، پێویستە گوێ لە ئەزمونی نەوەی پێشوو بگرین و بە ڕاستی باسی نیگەرانییەکانی ژنانی ئەمڕۆ بکەین، چونکە ئەوان لە دڵی ئەم گۆڕانکارییەدان.