چوار زیانبەرکەوتوو لە مانگێکدا... کاتێک قەیرانەکان بەشدارن لە لەدەستدانی ژیانی ژناندا
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا تونس شایەتی شەپۆلێک قەیران بوو کە ڕێژەی توندوتیژی خێزانیی بەرزکردەوە، تاوەکو چوار تاوانی کوشتنی ژن لە یەک مانگدا تۆمار کرد، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانی دیاردەکە و پاشەکشەی کاریگەریی سیستەمی پاراستن، کە پرسیارێکی
نەزیهە بوسەعیدی
تونس ـ تونسيیەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سەرهەڵدانی تاوانەکانی کوشتنی ژنان دەنگدانەوەی شکستهێنانی سیستەمی پاراستن و کۆبوونەوەی فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانە، جەختیان لەوەش کردەوە، کە توندوتیژی خێزانی چیتر حاڵەتێکی جیاکراوە نییە، بەڵکو ڕێڕەوێکی بەردەوامە کە پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی و سیاسەتی کاریگەر هەیە.
کۆمەڵەی "دەنگی ژنان" (أصوات نساء) ١٨ی ئەیلوول، پلاتفۆرمی دیجیتاڵی تایبەت بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان و بەدواداچوونی حاڵەتە هەنووکەیییەکانی ڕاگەیاند، لەسەر بنەمای ئەوەی کە نەبوونی بەڵگەنامەکردن ڕێگری لە گۆڕانکاری دەکات، ئەم تاوانانە سنووری ژمارەکان تێدەپەڕێنن، چونکە لە پشت ههر حاڵەتێکەوە ژنێک هەیە کە ژیان و ڕەوشێکی تایبەت بە خۆی هەیە و نابێت لە یادەوەری بسڕدرێتەوە.

مریەم ماکنی، ئەندامی کۆمەڵەی "دەنگی ژنان" (أصوات نساء) و بەرپرسی دۆسێی کوشتنی ژنان، وتی: پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کە تەرخان کراوە بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەم تاوانانە، بە ئامرازێک دادەنرێت کە ڕێگە بە بەدواداچوونی حاڵەتەکان دەدات لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا لە ڕێگەی نەخشەیەکی کارلێککارەوە، توانای ئاگاداربوونەوە لە زانیاریی بەڵگەنامەکراو دەدات کە پەیوەندیدارن بە زیانبەرکەوتووان و تاوانباران و بارودۆخی تاوانەکان و ڕەوشەکانیانەوە، وتی: بەڵگەنامەکردنی وردی داتاکان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی دیاردەکە و گەشەسەندنەکەی و بەرهەمهێنانی زانیاریی متمانەپێکراو کە ڕۆژنامەنووسان و توێژەران و بڕیاردەران دەتوانن لێی سوودمەند بن.
ڕوونیکردەوە، کە کۆمەڵەی "دەنگی ژنان" (أصوات نساء) پلاتفۆرمەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی ژنان و هاوڵاتیبوون لە ”کاف” دامەزراندووە، ژمارە تۆمارکراوەکان لە دوای دۆسیەی کوشتنی رەفقە شارنییەوە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوام لە ژمارەی زیانبەرکەوتووان نیشان دەدەن، چونکە ژمارەکە لە ٦ حاڵەتەوە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بەرزبووەوە بۆ ٢٥ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا، هەروەها ئامانج لە پلاتفۆرمەکە جێگیرکردنی داننانە بە تاوانەکانی کوشتنی ژنان وەک تاوانێکی سەربەخۆ کە پێویستی بە دیدگایەکی تایبەت هەیە، هاندانە بەرەو سیاسەتی گشتی کە توانای پاراستنی ژنانی هەبێت لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی.
کێ خوێنڕێژییەکە ڕادەگرێت؟
ژنان دەکوژرێن تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، لە دوای ڕێڕەوی درێژخایەنی توندوتیژی و هەڕەشە و لە سایەی سیاسەتێکی پاراستنی بێتوانا لە ڕێگری، چونکە تەنها لە مانگی ئابی ڕابردوودا چوار تاوانی کوشتن تۆمار کران، لەوانە تاوانی گەڕەکی تەحریر لە پایتەخت کە تیایدا ژنێکی دووگیان بە دووانە و دایکی منداڵێک بە خنکاندن کوژرا، لە بورج تەویل ژنێک بە چل لێدانی چەکی سپی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، هەروەها مریەم عامر کە دایکی دوو منداڵ بوو بە لێدانی دوو چەکی لە دڵیدا کوژرا.
کۆمەڵەی "دەنگی ژنان" (أصوات نساء) پێی وایە تاوانی مریەم عامر دەبوو خۆی لێ بپارێزرایە ئەگەر پاراستنی پێویست دابین کرایە و دەسەڵاتداران بە جددی مامەڵەیان لەگەڵ ئاماژەکانی توندوتیژییەکاندا بکردایە، کۆمەڵەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە توندوتیژی سنووردار نییە بۆ تەنها هاوژینەکان، بەڵکو وڵات شایەتی تاوانێکی ترسناک بوو کە تیایدا باوکێک دوو کچەکەی لە نهۆمی سێیەم فڕێیدایە خوارەوە، لە ئەنجامدا منداڵە ساواکە گیانی لەدەستدا و کچە تەمەن سێ ساڵانەکەش ڕزگاری بوو.
ئەم تاوانانە لە کاتێکدا دێن کە ١٦ تاوانی کوشتنی ژنان لە سەرەتای ساڵەوە تۆمار کراون، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی دیاردەکەیە لە سایەی بێدەنگی دەوڵەت و دەستبەرداربوونی لە بەرپرسیارێتییەکەی لە پاراستنی ژناندا، لێرەدا ناکۆکییەکی بنەڕەتی لە سیاسەت و وتارە پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی خێزان دەردەکەوێت، لەو کاتەی کە دەبێت خێزان ببێتە مەیدانی ئارامی و پاراستن، لە هەندێک حاڵەتدا پاراستنی یەکڕیزی خێزان دەبێتە لەپێشینەیەک کە پێش پاراستنی ژنان و منداڵان دەکەوێت.
فشارو ئاڵۆزی

مریەم شورابی، خوێندکاری ماستەر لە بەشی یاسا، وتی: قەیرانەکانی هاوینی ٢٠٢٦، لە پچڕانی ئاو و کارەبا و کەمبوونی ئاوی لەبەند، ڕێژەی پەستان و فشاری لای تونسيیەکان بەرزکردەوە و بەشدار بوو لە توندبوونی توندوتیژی، ئەمەش لە تۆمارکردنی چوار تاوانی کوشتندا ڕەنگدانەوەی هەبوو کە لەلایەن هاوژینەکانەوە دژی ژنەکانیان لە ماوەی یەک مانگدا ئەنجام دران.
پێیوایە یاسای ژمارە ٥٨ سەرەڕای گرنگییەکەی، بەڵام نەگەیشتووە بە کاریگەرییەکی تەواو، چونکە چارەسەرکردنی توندوتیژی تەنها لە یاساداناندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو پێویستی بە کەمکردنەوەی فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان هەیە کە هاوڵاتییان تێیدا دەژیەن، وتی: سنووردارکردنی تاوانەکان لە ڕێگەی چاکسازی سیستەم و دابینکردنی مەرجەکانی ژیانێکی شایستە تێدەپەڕێت، نەک لە ڕێگەی بەجێهێشتنی خەڵک لەژێر فشاردا کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزی توند.
ڕوونیکردەوە، کە بێدەنگی ژن بەرامبەر بە توندوتیژی ئاسانکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی، لەبەر ئەوەی دانانی سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکان لە سەرەتایانەوە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە کە ڕێگری لە پەرەسەندنی دەکات، چونکە تاوانبار کاتێک ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکان نابێتەوە، بەبێ ترسی بە توندوتیژییەکەی بەردەوام دەبێت، وتی: کە وازهێنانی هەندێک لە ژنان لە سکاڵاکان و دەستبەرداربوون لە مافی بەدواداچوون دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم دوبارەبوونەوەی توندوتیژی و گەیشتن بە کۆتاییەکی کارەساتبار.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕاپۆرتە تەلەڤزیۆنییەکانی کە بینیویەتی قەبارەی توندوتیژییەکان لەناو هەندێک لە ماڵەکاندا دەردەخەن، لەوانە حاڵەتی پیاوێک کە منداڵەکانی خنکاند و فڕێیدایە ناو بیرێکەوە وەک تۆڵەسەندنەوە لە هاوژینەکەی، یەکێکی تریش بۆ باوکێک کە بەردەوام دەستدرێژی کردە سەر هاوژینەکەی و پاشان کچەکەی بۆ ماوەی مانگێک بە بێ خۆراک بەندکرد تاوەکو گیانی لەدەستدا، وتی: ڕووداوی لەم شێوەیە نیشانی دەدات کە ئامۆژگاری خێزانەکان بۆ ژنان بە سەبرگرتن تاوەکو خودا منداڵیان پێ دەبەخشێت کە ئارامیان بکاتەوە تەنها خەیاڵن، چونکە هەندێک لە حاڵەتەکان دەریانخستووە کە منداڵەکانیش خۆیان دەبنە زیانبەرکەوتوو لە چوارچێوەی ئەشکەنجەدانی دایکەکە یان تۆڵەسەندنەوە لێی.
کوشتن کارێکی جیاکراوە نییە

ڕەحمە بن سولەیمان، شارەزا لە زانستی کۆمەڵایەتیدا، خوێندنەوەیەکی پێشکەش کرد کە ئاماژەی بەوەشکرد، کوشتنی ژنان کارێکی لەناکاو نییە یان دەرئەنجامی تووڕەییەکی کاتی، بەڵکو دوا قۆناغی توندوتیژە لە ڕێڕەوێکی کۆمەڵایەتی درێژخایەندا کە لەلایەن پەیوەندییەکانی دەسەڵات و دیدگا ڕەگەزییەکان و پەروەردە و وابەستەیی ئابووری و باوەڕپێکردنی توندوتیژی لەناو خێزاندا دروست بووە، هەروەها تاوانەکە زۆرجار پێش دەخرێت بە قۆناغەکانی کۆنتڕۆڵی دەروونی و دەسەڵات و بێڕێزیکردن و توندوتیژی بە شێوازە جیاوازەکانییەوە تاوەکو دەگاتە ئاستی گۆڕینی ژن بۆ بابهتێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سەندنەوەی تواناکەی لەسەر بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی.
جەختی لەوەش کردەوە، کە کوشتنی ژنان پەیوەندی بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەیە کە ئەرک و سۆز لەناو خێزاندا ڕێکدەخات، پەیوەندییەکانی دەسەڵات دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە کە باری سۆزداری قورستر دەخاتە سەر ژن، لە کاتێکدا پیاو مەودایەکی فراوانتر دەبەخشرێت بۆ دەربڕینی تووڕەیی و دەسەڵات، لەم چوارچێوەیەدا سەبرگرتن و قوربانیدان دەبێتە بەشێک لە سیستەمێک کە ڕفتاری ژن کۆنتڕۆڵ دەکات و توانا سنووردار دەکات بۆ ڕەتکردنەوە یان جێهێشتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەسەڵاتداربوونی ئابووری تەنها لە باشترکردنی داهات یان دابینکردنی کاردا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو بە واتای فراوانکردنی توانای ژن دێت بۆ بڕیاردان و گفتوگۆکردن و جێهێشتنی پەیوەندی توندوتیژ و دووبارە بونیادنانەوەی ژیانی، کە نەبوونی سەربەخۆیی دارایی، لەگەڵ لاوازی تۆڕەکانی پشتگیری و ترس لە لەکەداربوون، مەیدانی کاری کۆمەڵایەتی تەنگ دەکاتەوە و جیابوونەوە لە پەیوەندییەکی توندوتیژ دەکاتە کارێکی گرانتر و قورستر.
ڕوونیکردەوە، کە توندوتیژی خێزانی زۆرجار لە چوارچێوەی ڕێڕەوێکی پەرەسەندوودا گەشە دەکات کە دەست پێ دەکات بە کۆنتڕۆڵکردنی جووڵە و پەیوەندییەکان و جلوبەرگ و کارکردنەوە و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ بێڕێزیکردن و هەڕەشە و توندوتیژی دەروونی و جەستەیی و ئابووری، و ڕەنگە بگەاتە لوتکەی خۆی کاتێک دەسەڵات کورت دەکرێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بوونی خودی ژنەکە، لێرەدا جەستەی دەبێتە مەیدانی ململانێ لەسەر دەسەڵات و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووس.
جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژن کردەوە، پەرەپێدانی ئامرازەکانی پاراستن و دەستوەردانی پێشوەختە، گۆڕینی توندوتیژی خێزانی لە بابەتێکی تایبەتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی کە پێویستی بە بەدواداچوون و لێپرسینەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، دەگاتە ئەوەی کە متمانەی ڕاستەقینە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکەدا نییە دوای ڕوودانی، بەڵکو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتەیەدایە کە ڕێگە بە باوەڕپێکردنی توندوتیژی و بەردەوامبوون و گەشەسەندنی دەدات، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی کوشتنی ژنان پێویستی بە گواستنەوە هەیە لە چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕێڕەوە کۆمەڵایەتییەکە کە گەیشتن پێی دەگونجێنێت.