پزیشکێکی ئەفغانستانی بەرامبەر زوڵمی تاڵیبان لە ماڵەکەی خۆی کچان پەروەردە دەکات
پزیشک شەبانە فەتاح، لە پارێزگای پەروان، بەهۆی دەرکەوتنی قژی خۆیەوە چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی تاڵیبان بووەتەوەو ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا کچان پەروەردە دەکات.
بەهاران لەهیب
پەروان -کارمەندانی تەندروستی لە ئەفغانستان دەڵێن ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و میهرەبانی بنەمای خزمەتگوزاریی باشن و پەیوەندیی مرۆڤانە لەگەڵ نەخۆشان، یارمەتیی چارەسەرکردنیان دەدات.
بەڵام لە کاتی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵاتەوە، ژنانی ئەفغانی لە زۆر بواردا ڕووبەڕووی قەدەغە و فشار بوونەتەوە. ئەو ژنانەش کە لە بواری تەندروستیدا کار دەکەن، لەم فشارانە بەدوور نین. نیگەرانی لە دەستێوەردان لە کار و ژیانی ڕۆژانەیاندا زیاتر بووە.
بەهۆی دەرکەوتنی قژەکەی، سووکایەتی و هەڕەشەی لێ کرا
شەبانە فەتاح، پزیشک لە پارێزگای پەروانی ئەفغانستان، ئاشکرای کردووە کە بەهۆی دەرکەوتنی بەشێک لە قژەکەی، کارمەندانی هێزی حیسەبەی تاڵیبان چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردووە و سووکایەتییان پێ کردووە. دوای ئەم ڕووداوانە، شەبانە بڕیاری داوە لە ماڵەکەی خۆی دەست بە پەروەردەکردنی ژنان بکات.
جلوبەرگی کارمەندانی ژن پشکنین دەکرێت
شەبانە فەتاح لە دوو نەخۆشخانەدا کار دەکات؛ یەکێکیان حکومی و ئەوی دیکەیان تایبەتە. بەوتەی شەبانە، تاڵیبان کارمەندانیان پابەند کردووە جلوبەرگی ژنانی کارمەندی بواری تەندروستی بپشکنن.
شەبانە وتی: ئەم دەستێوەردانانە کارە ڕۆژانەکانمان قورس دەکەن و لە نێو پزیشکە ژنەکاندا ترس و نیگەرانی دروست دەکەن.
کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دەروونم هێشتەوە
شەبانە فەتاح گێڕایەوە کە دوای ڕزگارکردنی نەخۆشێک کە لە نێوان مردن و ژیاندا بوو، پێنج کارمەندی هێزی حیسەبە چوونە نەخۆشخانەکە و بەهۆی دەرکەوتنی بەشێک لە قژەکەی، لە ڕێگەی ژوورێکەوە بانگیان کرد.
شەبانە وتی: لەوێ سووکایەتییان پێ کردم، هەڕەشەیان لێ کردم و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردم. ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دۆخی دەروونیم هێشتەوە.
لە بەرامبەر قەدەغە و فشارەکاندا بێدەنگ نابێت
شەبانە فەتاح وتی: ئەم ئەزموونانە دیدگای ئەویان بەرامبەر دۆخی ژنان و داهاتووی کچانی ئەفغانستان گۆڕیوە. بڕیاری داوە لە بەرامبەر قەدەغەکاندا بێدەنگ نەبێت و بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کچان هەوڵ بدات.
بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر کچان پەروەردە دەکات
شەبانە فەتاح و خوشکەکەی ئێستا لە ماڵەکەیان وانەی پەروەردەیی بە کچان دەڵێنەوە و هەوڵ دەدەن هۆشیارییان زیاد بکەن و پشتیوانییان بکەن بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر.