زەینەب موڕاد: هەوڵی یەکخستنی لایەنەکان دەدەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هێرشەکان
لە درێژەی سەردانەکانیاندا شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی پارتی پارێزگارانی کوردستانیان کرد و لەلایەن نەجاد سورچی سەرۆکی پارتەکە پێشوازییان لێکرا، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و یەکڕیزی بۆ پارێزگاری کرد لە خاکی کوردستان کۆبوونەوەیان کرد.
زەینەب موڕاد لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارتی پارێزگارانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ ئەوەش پێویستمان بە یەکڕیزی هەیە بۆ پاراستنی کوردستان لە ئاست هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادا.
هەولێر
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، ئاماژە بەوەدا: لە کۆبوونەوەکەماندا باسمان لە مەترسییەکانی سەر گەلی کورد و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بە گرنگمان زانی دیالۆگی ناوخۆیی بۆ وەستانەوە دژ بە هێرش و داگیرکارییەکانی سەر کوردستان پێشبخەین، وەک کەنەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە نیگەرانییەوە سەیر دەکەین و مەترسییەکانی سەر باشوری کوردستان و چوار پارچەی کوردستان دەبینین، هەوڵی یەکخستنی لایەنە سیاسییەکان دەدەین بۆ تا بە یەکدەنگییەوە ڕووبەڕووی هێرشەکان ببینەوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا نەجاد سورچی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا: گرنگە بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکەین، بەهێز بوونمان لە یەکگرتندایە، پێویستە بیر و بۆچوونی نەتەوەییمان پێش بیروبۆچوونی حیزبی بخەین، ئەمڕۆش هێرشەکان بۆ سەر خاکی کوردان هەیە و یەکدەنگ بوونمان پارێزگاریکردنە لە کوردستان، ئەمڕۆ مەترسی لەسەر کوردستان هەیە و پێویستمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هەیە.
ت.پ