"ژان نابێت بە ژیان"
بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی بەهزاد مەحمودی، ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات- سلێمانی گردبوونەوە و تیایدا باسیان لە ناڕەحەتی ژیانیان دەکرد. ناوەندی هەواڵ
بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی بەهزاد مەحمودی، ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات- سلێمانی گردبوونەوە و تیایدا باسیان لە ناڕەحەتی ژیانیان دەکرد.
ناوەندی هەواڵ
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی- سلێمانی بەیاننامە و پرسەو سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی پەنابەران و خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد، ئەمەش لە دوای ئەوەی شەوی ٢٣ی ئەم مانگە بەهزاد مەحمودی کە لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان خۆی سوتاند، گیانی لەدەستدا.
بەیاننامەکە لەلایەن ئەنوەر عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات خوێندرایەوە، کە نۆ خاڵی لە خۆ گرتبوو، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو کە ئەو گەنجە پەیامێکی هەبوو دەیویست بیگەیەنێتە گشت خاوەن دەسەڵاتەکان بریتیبوو لە "ژان نابێت بە ژیان"، ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری دۆخی پەنابەرانن بەڵام هیچ کات ئاوڕی جدیان لە پەنابەران نەداوەتەوە.
هەروەها ئەنجومەنی پەنابەران داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، کەیسی پەناخوازان بە یاسایی و لە ماوەی سێ مانگدا یەکلای بکرێتەوە، وە کەیسی پەنابەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەیەکتر جیابکرێتەوە، شوێنی نیشتەجێ بوون و کەمپ بۆ پەنابەرانی ڕۆژهەڵات دروستبکرێت، پێداچوونەوە بە میکانزمی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکاندا بکرێت و جیاوازی لە نێوان پەنابەراندا نەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا داوای چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی دیکەشیان کرد، ئەوانیش، کێشەی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەو پەنابەرانەی هەوێی نشینگەیان هەیە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقی بەشەخۆراکەکەییان بڕاوە، لایەنی تەندروستی، کێشەی خوێندن و قوتابیان و دابینکردنی پارەی مانگانە و دابینکردنی کار بۆیان، لە کۆتایدا داوای دەکەن یاسایەکی تایبەت بۆ پەنابەران لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەربکرێت.
سۆما شاکەرونی، ژنێکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی پێنج ساڵە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، هەرچەندە لەگەڵ هاوژینەکەی هەوڵی داوە بە ڕێگای نایاسای بگەنە دەرەوە وڵات بەڵام بە هۆی ئەوەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە ڕێگریان لێدەکرێت و ناهێڵن گەشت بکەن، سۆما دەڵێت "هەرچەندە ئێمە وەک کەسانێکی سیاسی هاتووینەتە هەرێم، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کام لە مافەکانی بۆ دەستەبەر نەکردووین، هەمیشە پشتگوێ خراوین".
باس لەوەشدەکات، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بری ئەوەی هاوکاری بەهزاد بکەن هیچ بەدەم داواکانییەوە نەچوون تا بەهزادیان گەیاند بەو دۆخەی ئێستا.
یەکێکی دیکە لە ژنە پەنابەرەکان باس لە کێشەو گرتفتەکانیان دەکات بۆ پەیامنێرانی ئاژانسی ژنها و دەڵێت "نەک تەنها بەهزاد بەڵکو هەموومان خۆمان بسوتێنین کەس نییە وەڵامێکمان بداتەوە"، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە بە هەموو شێوەیەک بازرگانیان پێوە دەکرێت.
وەک دەشڵێت "هەرێمی کوردستان خۆی دۆخی هاوڵاتییەکانی هیچ باش نییە ئێمەش هاتووین ئەوەنەی دیکە بوینەتە بارگرانی"، بۆیە داوا دەکەن چیتر سوکایەتیان پێنەکرێت و ڕەوانەی وڵاتی سێیەمیان بکەن.
ڕێزانی شێخ دلێر ، ئەندام پەرلەمانی عێراق، بۆ پشتیوانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی گردبوونەوەکە بووە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، توانای پەرلەمانتاران گەیاندنی دەنگی پەنابەرانە، دەبێت پەرلەمانتاران هەوڵی ئامادەکردنی یاساییەک بدەن بۆ پەنابەران تا مافەکانیان نەفەوتێت، هەوڵ بدرێت ناسنامەیان بۆ دەربکرێت.
ڕێزان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، دەبێت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی پەنابەران بسێنن بەڵام لە ئێستادا نە ئەوان نە حکومەت بەدەم داواکانیانەوە ناچێت و پشتگوێیان خستوون، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامە و ئەرکی خۆی بیرچووەتەوە.
ئەم گردبوونەوە و ناڕەزایەتییانە دوای ئەوە دێت، لەڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە پەنابەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی (بەهزاد مەحمودی) بەهۆی بەدەمەوە نەچوونی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وەڵامنەدانەوەییان بۆ گرفتەکانی پەنابەران، لەبەردەم بارەگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا خۆی سوتاند و لە شەوی ٢٣ مانگیشدا گیانی لەدەستدا.