کەنەکە: ئامانجمان یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانە
کەنەکە لەگەڵ بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی باشوری کوردستان و گرنگی وەستانەوەی هاوبەش دژ بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کورد و کوردستان کرد.
هەولێر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە بارەگای بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بە پێشوازی خدر ڕوسی سەرۆکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی ئێستای باشوری کوردستان و هێرشەکانی دەوڵەتانی داگیرکار کرد، گرنگی یەک دەنگی و هەڵوێست نواندنی لایەنە سیاسییەکانیان خستەڕوو، باس لەوەش کرا پێویستە لایەنە سیاسییەکانی لە پێکهێنانی حکومەتدا بەشدارن، بێدەنگ نەبن لە ئاست هێرش بۆسەر ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان.
دوابەدوای ئەوە شاندەکەی کەنەکە سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد لە بارەگای حیزبەکە، لەلایەن بەڵێن عەبدوڵا سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانەوە پێشوازیان لێکرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نیشتمان کەمال ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حیزبی زەحمەتکێشان ئاماژەی بەوەدا: بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوماڵی کورد و لایەنە سیاسییەکان لە عێراقدا کاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، کەنەکەش ئەرکی یەک خستنی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و چوارپارچەی لەسەر شانە، ئێمە وەک حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێمان وایە یەک دەنگی لایەنە سیاسییەکان دەتوانێت ڕێگربێ لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.
لای خۆیەوە جەمال حاجی ئەندامی شاندی کەنەکە ئاماژەی بەوەدا: لەکاتێکدا دوژمنانی گەلی کورد و دەوڵەتانی دراوسێ هاودەنگن لەسەر هێرش کردنە سەر گەلی کورد و کوردستان، ئێمە وەک کەنەکە هەستمان بەو مەترسیانە کردووە کە ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە هاتووینەتە باشوری کوردستان تا سەردانی لایەنەکانی باشوری کوردستان بکەین و یەک ڕیزی لایەنەکان و کۆدەنگییەک دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەدەستبهێنن و بتوانین ڕێگە لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرین.
سەردانەکانی شاندی کەنەکە بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە و بڕیارە هەر ئەمرۆ لەگەڵ هەریەک یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کورستان و یەکێتی سورەیای کلدانییەکان کۆببێتەوە.
ت.پ