"ژنانی ئێزدی بە تێکۆشان دەنگیان گەیشتووەتە جیهان"

پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە، سەمرا گوزەل، بەبۆنەی ساڵیادی فەرمانی شەنگال، تیشکی خستە سەر ڕێکخستنی ژنانی شەنگال و وتی: ژنانی ئێزدی دوای فەرمانەکە خۆیان ڕێکخست و بە بەرخۆدانی خۆیان دەنگیان گەشتووەتە جیهان و کاریگەریان لەسەر ڕێکخستنی ژنانی جیهان کردووە.

شەنگال

 

بەبۆنەی ٧ـەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لەسەر گەلی ئێزدی، پەرلەمانتاران و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان سەرباری گەمارۆ و ئاستەنگییەکانی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە چوونە شەنگال،  لەناویاندا پەرلەمانتارانی هەدەپە فەلەکناس ئوجا و سەمرا گوزەل ئامادە بوون.

 

سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لەبارەی سەردانەکەیان بۆ شەنگال ڕایگەیاند: "ئێمە بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی فەرمان هاتووینەتە شەنگال، ئەو کۆمەڵکوژیانە لەسەر ئێزدیان کرا ئەگەر دەوڵەتانی هەژموونگەرا پشتیوانی چەتەکانی داعشیان نەکردبا، کۆمەڵکوژییەکی وەها ڕووینەدەدا، ژنانی ئێزدی لە بازاڕەکانی کۆیلەدا فرۆشران، دەستدرێژیی کرایە سەر ژنان و بە سیستەمی داعش منداڵان پەروەردە کران بۆ ئەوەی ئێزدی و کوردان جینۆساید بکەن، بەڵام ئێستا ژنان خۆیان بەڕێکخستن کردووە و دژی هێرشەکان دەوەستنەوە.

ت.پ