ئەنجامنامەی دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا
پاش کۆتایی هاتنی دوو ڕۆژ لە کۆنفڕانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفڕانسەکە خوێندرایەوە، تێیدا بەیروت
پاش کۆتایی هاتنی دوو ڕۆژ لە کۆنفڕانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفڕانسەکە خوێندرایەوە، تێیدا تیشکخرایە سەر کێشەکانی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا، هەروەها باس لە دۆخی ژنان لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕ و ململانێ سیاسییەکان کرا، هاوکات بڕیاری پێکهینانی کۆمیتەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە پەسەندکرا.
بەیروت
ماوەی دوو ڕۆژە کۆنفڕانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە بەیروتی پایتەختی وڵاتی لوبنان لە ژێر ناوی "بەیەکێتی ژنان، شۆڕشی دیموکراتی پێکدەهێنین" بەڕێوەدەچێت، تێیدا زیاتر لە ١٠٠ ژن بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کردووە، چەندین بابەت و پانێڵی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە، کێشەکانی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا خراوەتە ڕوو.
لە کۆتایی کۆنفڕانسی دووەمی ژناندا، لەلایەن بوشرا عەلی ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفڕانسەکە خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ماوەی دوو ڕۆژە شیکاری بۆ دۆخی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەکرێت، دۆخی ژنان لە جەنگ و ململانی سیاسییەکاندا خراوەتەڕوو، کە تێیدا زەرەرمەندی یەکەم بەر ژنان کەوتووە.
لەسەر بنەمای ئەو بابەتانەی کە شیکارییان بۆ کراوە لە کۆنفڕانسەکەدا، کۆمەڵێک دەرئەنجام دەرکەوتووە، لەوانە ژنان زەرەرمەندی یەکەمی شەڕ و ململانێ سیاسییەکانن، کە تێیدا ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی، کوشتن، ئاوارەبوون، زیادبوونی چاوەڕواننەکراوی توندوتیژییەکان دەبنەوە.
لەبەرامبەریشدا تیشکخرایە سەر، ئەو پێشکەوتنانەی لە خەباتی ژناندا لەناو بزووتنەوە و شۆڕش و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا ڕۆڵیان هەیە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە کێشە و ململانێ یەخەی گرتوون.
لە بەشێکی ئەنجامنامەکەدا باس لە ئەو داگیرکارییانەی کە دەکرێتە سەر ژنان، هەر لە بازرگانیکردن، ئاوارەبوون، گۆڕینی دیمۆگرافیا، تیرۆرکردنی سیاسی نەخوێندەواری، هەژاری، پەراوێزخستن و نەبوونی هەلی کار، کە چارەسەریش خرایە ڕوو، ئەوەس خۆی دەبینیتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و هەموو ئەو ئامڕاز و دامەزراوانەی کە کار بۆ بەردەوامی ئەو ئەقڵیەتە دەکەن. هاوکات بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەلتور و دابونەریتانەی ژن لە ناوەندی بڕیاردان دووردەخەنەوە.
جگە لەو چارەسەرانە، چەندین چارەسەری دیکەش خرایەڕوو، ئەوانیش، بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندی نێوان ژنان و کەلتورە جیاوازەکان، هەروەها کاری هاوبەشی نێوان ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە وڵاتانی جیاوازدا، هاوکات هاوپەیمانییەکی ژنان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بۆ ژنان پێکهێنرا.
ئامانج لە پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکە لەسەر بنەمای ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەروەها پێکهێنانی کۆمیتەیەکی ژنانی هەرێمی بۆ داڕشتنەوەی ئامانجەکان لە ماوەی شەش مانگدا، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی دووەمی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا.
ئەمە دووەم کۆنفڕاسی ژنانە کە بەڕێوەدەچێت، لە ساڵی ٢٠١٣دا لە شاری ئامەد یەکەم کۆنفڕانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئەنجامدراوە.