ژنانی قامیشلۆ و کۆبانێ لە دژی توندوتیژی و دەستدرێژیی هەڵوێستیان نواند

جەندرمەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٨ی ئابدا، لەسەر سنووری نێوان قامیشلپ و نوسەیبین دەستدرێژییان کردەسەر ژنێک و منداڵێک، کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ و کۆبانێش لە دژی توندوتیژییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.


قامیشلۆ/کۆبانێ

 

ڕۆژی ٨ی ئاب، سەربازانی سوپای تورک لەسەر سنوری نێوان قامیشلۆ و نوسەیبین ژمارەیەک هاوڵاتیان کردە ئامانج کە دەیانویست بپەڕنەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بە سەختی برینداربوون، هەروەها سەربازەکان دەستدرێژییان کردە سەر ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ و منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ.

سەبارەت بەو ڕووداوە، کۆنگرەی ستاری کانتۆنی قامیشلۆ و کۆبانێ لە دوو چالاکی جیاوازدا لە دژی توندوتیژی بەیاننامەیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا.

 

"بە ئامانجی شکاندنی ئیرادی ژنان دەستدرێژی دەکرێت"

کۆنگرەی ستار لە ناوەندی کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ بە بەشداربوونی دەیان ژن لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیی، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، تێیدا هاتووە: دەوڵەتی تورکیای فاشیست بە هەموو رێگایەک هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ماوەیەک پێش ئێستا دەوڵەتی تورک ڕێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ کردنەوەی سنووری نێوان ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بۆ ئەوەی ڕێگە بەو هاوڵاتیانە بدات کە لە وڵاتەکەیانەوە کۆچیان کردووە بگەڕێنەوە، دەوڵەتی تورک هیچ ئەخلاقێکی مرۆیی و دراوسێیەتی قبوڵ ناکات، دەستدرێژی کردنە سەر ژنان دوور نییە لە ئەخلاقی ئەو فاشیزمە، بۆیە بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی ژنان دەستدرێژیان دەکاتە سەر.

ڕیژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەهۆی ئەقڵەیەتی پیاوسالاری و زایەندپەرستییەوە زیادی کردووە، هەروەها هەبوونی شەڕ و گوشار و گەمارۆکانی دەوڵەتی تورکیاش لەسەر ناوچەکە هۆیەکی دیکەی خۆکوشتنی ژنانە کە بە ڕێگەی شەڕی تایبەت بەردەوامی پێدەدات، تایبەت لەسەر ئەو بابەتە، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەشی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەی تایبەتیان لەسەر ئەو پرسە کرد، لەو بارەیەوە کۆنگرەی ستاری کانتۆنی کۆبانێ لە شارۆچکەی سرین لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کوشتن و توندوتیژی سەر ژنانیان کرد.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی کۆنگرە ستار خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، بە ناوی کۆنگرەی ستارەوە ئەم کردەوە و دەستدرێژییانەی ژنان شەرمەزار دەکەین و دەڵێین ئیتر بەسە کوشتنی ژنان، بەسە ئەقڵەیەتی پیاوسالاری کە دەیەوێت بەو جۆرەی دەیەوێت ئیرادەی ژنان تێکبشکێنێت، ئێمە وەک ژنانی ناوچەکە توندوتیژی دژی ژنان قبوڵ ناکەین.

ت.پ