یونیسێف: لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا لە ئەفغانستان زیاتر لە ٢٧ منداڵ کوژراون
ڕووداوەکانی لە ئەفغانستان ڕوودەدات ئەوە دەردەخات زۆرترین ئازار بەدەست شەڕەوە ژنان و منداڵن دەیچێژن، بە پێی زانیارییەکانی یونیسێف لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا لە ئەفغانستان زیاتر لە ٢٧ منداڵ کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا لە ئەفغانستان زیاتر لە ٢٧ منداڵ کوژراون، تاڵیبانیش له ڕۆژی هەینییەوه کۆنترۆڵی ٦ پایتەختی هەرێمەکانیان کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەست گەیشتووە، لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.
سامانسا مۆرت لە ئەفغانستانەوە بە BBC ڕاگەیاندووە: "ئەفغانستان لە مێژە یەکێک بووە لە خراپترین شوێنەکانی سەر زەوی کە منداڵێک بتوانێت تیایدا بژی، بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا و بە ڕاستی لە ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا دۆخەکە زۆر خراپتر بووە."
لە بەیاننامەکەدا، یونیسێف ڕایگەیاندووە، لە هەر سێ پارێزگای قندهار، خۆست و پاکتیا ٢٧ منداڵ کوژراون، هەروەها لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەو ناوچانەدا ١٣٦ منداڵ برینداربوون.
ت.پ