ژنانی غەززە بە هیوای ئازادی پێشوازی لە ساڵی ٢٠٢٦ دەکەن

ژنانی غەززە دوای دوو ساڵ لە بۆردومان و کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوون و لەناوبردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، بە هیوایەکی زۆرەوە چاویان لە ساڵی ٢٠٢٦یە، بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و کەرامەت و سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ.

نەغم کەراجە

 

غەززە- دوو ساڵەدا ژنانی کەرتی غەززە لە گۆڕەپانێکدا وەستاون کە پڕە لە تێکەڵەیەک لە ئازار و تەمازرۆی و هیوا، دوای دوو ساڵ لە یەکێک لە زەبر و زەنگە وێرانکەرەکانی مێژووی فەڵەستین – غەززە، کە بەهۆی بۆردوومانی بێوچان و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و داڕمانی تەواوەتی ژێرخانی وڵاتەکەی وێران بووە، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستیە سەختانە، خەڵکی غەززە بە چاوێکی پڕ لە هیواوە سەیری داهاتووی ساڵی ٢٠٢٦ دەکەن.

 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس لە غەززە کوژراون، جگە لەوەش زیاتر لە ٥٥٧ هەزار ژن بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن و بارودۆخی مرۆیی ترسناک ناچاریان دەکات ڕۆژانە ڕووبەڕووی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ببنەوە.

 

سوها سوکەر کە هیوای نەکوژاوەتەوە، بەڵکو زیاتر بەهۆی توندوتیژییەکانەوە بەهێزتر بووە، وتی: ئەگەر بۆردوومانەکان ماڵەکانی ئێمەی وێران کردبێت، ئەوا نەیتوانیوەڕۆحی ئێمە تێکبشکێنێت، لە ساڵی ٢٠٢٦دا، چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە ئاشتی هاوەڵێکی بەردەواممان بێت، زەردەخەنە بۆ ڕووخساری گەلەکەمان بگەڕێتەوە، هەموو ژنێک لە غەززە تۆوێکی هیوای لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە کە شەڕ کۆتایی پێبێت و لاپەڕەیەکی نوێی ژیانی شکۆمەندانە دەستپێبکات.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ژنانی ناو کامپەکانی ئاوارەیی باوەڕیان بە تواناکانیان نەماوە، بەڵام ئەم ساڵانە فێری کردم کە هیوا بە ژمارەی ڕۆژانی بێ بۆردوومان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرزبوونەوەمان لە دوای هەموو داڕمانێکەوە دەپێورێت، دەمانەوێت پەروەردەیەکی بەردەوام بۆ منداڵەکانمان ببینین، چاودێری تەندروستی کە ڕێز لە شکۆمەندی مرۆڤ بگرێت، کارێک کە مسۆگەری ژیانێکی شکۆمەندانەمان بۆ بکات.

 

''٢٠٢٦: دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی ژنان''

هیبە کریزم ساڵی ٢٠٢٦ وەک دەرفەتێک بۆ ڕێنێسانسێکی نوێی ژنان دەزانێت، وتی: ئێمە نامانەوێت خاکی خۆمان بەجێبهێڵین، بەڵکو دەمانەوێت وەک هاوبەشی کارا لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەدا سەیربکرێین، ئێمە بەرگەی زیان و ئاوارەبوونمان گرتووە، بەڵام هێزمان بەدەستهێناوە و توانای ڕێکخستنی خۆمان بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پاڵپشتکار نیشانداوە، هیوامان ئەوەیە ساڵی نوێ دەستپێکی ئابووری بێت، لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەی کە سوود بە ژنان دەگەیەنن و دەرفەتی خولی پەروەردەی ڕاستەقینە و دامەزراندنیان بۆدەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی ئەو دەستەی کە  خواردن لە چادرێکدا دروست دەکات هەمان ئەو دەستە نەبێت کە هیچ سەرچاوەیەکی داهات نادۆزێتەوە.

 

ئیمان عجلە باسی ئەو هیوایانە دەکات و وتی: ئێمە لە ڕاپۆرتەکاندا تەنها ژمارە نین، ئێمە دایک، کچ، خوشک، ژنین کە هیواکانمان بەرز ڕادەگرین بۆ ساڵێکی نوێ، هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی ئاشتی بێت، ساڵی مافەکان، ساڵێکی خۆشگوزەرانی، ساڵێک بێت کە هەموو ژنێک تەواو خواردن و شوێنی مانەوەی هەبێت بۆ پاراستنی لە سەرمای زستان، هەروەها تاوەکو بە شکۆمەندییەوە بژین و  لە بێڕێزی شەڕ بپارێزێن.

 

ئامارە جێی متمانەکان ئەو ڕۆڵە گرنگە نیشان دەدەن کە ژنان لە کاتی قەیرانەکەدا بینیویانە، ئەوان لە پێشەنگی هەوڵەکانی بەهێزکردنی کۆمەڵگەدان، ڕێکخستنی پشتیوانی خێزان، کۆکردنەوەی سەرچاوەی خۆراک، هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان، هەوڵدان بۆ پاراستنی پەروەردە لەناو چادر و نیشتەجێبوونی نافەرمی سەرەڕای هەموو سەختییەکان، لە کاتێکدا ئەم هەوڵانە هەمیشە لەگەڵ کەسایەتییە فەرمییەکان بەڵگەدار نین، بەڵام بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی غەززە پێکدەهێنن و تیشک دەخەنە سەر خۆڕاگری و داهێنەری ژنان لە بەرامبەر بارودۆخی سەختدا.

 

''چۆن دەتوانین بە شکۆمەندیەوە بژین؟''

سەرەڕای وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و دابەزینی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەدخۆراکی، کە مەترسیی قەیرانی تەندروستی سەختی لەسەرە، پرسیارەکانی ژنان وەک خۆیان ماونەتەوە: چۆن دەتوانین بە شکۆمەندیەوە بژین؟، چۆن بتوانین داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین؟، ئەم پرسیارانە تەنها خەونێک نین، بەڵکو مافێکی مرۆڤن کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانپێدانراون، مافێکە کە هەموو ژن و منداڵێکی کچ لە غەززە و جیهان شایەنیەتی، ئەوان باوەڕیان بە پەروەردەی منداڵانی کچ وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی ڕاستی هەیە.

 

ئەم هیوایە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ژیان لە غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر چالاکە، زیاتر لە ٧٠٪ی ژێرخانی ئابووری داڕماوە، لەوانەش دامەزراوەی تەندروستی و ئاو و پەروەردە، ئەمەش وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ببێتە موعجیزەیەکی ڕۆژانە، نەخۆش و بەتەمەن و منداڵان لە ڕیزی درێژدا وەستاون بۆ خواردنەوەی ئاو، ژنانی دووگیانیش بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکییەوە ڕووبەڕووی مەترسی دوو هێندە دەبنەوە، لەکاتێکدا کەرتی تەندروستی لە لێواری داڕماندایە.

 

جگە لەوەش، توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە ٩٦٪ی ژنانی غەززە لە کاتی شەڕەکاندا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی ڕەگەزی بوون، لە ئازاردانی زارەکی و ئابوورییەوە تا دەگاتە زیانگەیاندن بە جەستەیی، ئەمەش جەخت لەسەر پێویستییەکی گرینگی پشتگیری دەروونی و خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی دەکاتەوە.

 

سەرەڕای ئەم ئامارە تاریکانە، ژنان لە غەززە بەردەوامن لە خەون بینین، ئەوان ساڵی ٢٠٢٦ بە دەرفەتێک دەزانن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ژیانیان، نەک تەنها بە ڕزگاربوون لە شەڕ، بەڵکو بە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی مرۆیی بەردەوام، وەکو پەروەردە بۆ منداڵانی کچ، بەهێزکردنی ئابووری، تەندروستی سەقامگیر، کۆمەڵگەی یەکگرتوو کە پارێزگاری لە شکۆمەندی مرۆڤ دەکات، نەک تەنها مانەوە.

 

"هیوامان ئەوەیە ساڵی ٢٠٢٦ ئەو ساڵە بێت کە دۆخی مانەوە بۆ دۆخی بونیادنان بگوازینەوە"

ئیمان عجلە لە کۆتاییدا، وتی: هیوامان ئەوەیە ساڵی ٢٠٢٦ ئەو ساڵە بێت کە دۆخی مانەوە بۆ دۆخی بونیادنان بگوازینەوە، دەمانەوێت ساڵێک بێت کە یادی ژنانی غەززە بکاتەوە، بەوەی کە هەستان و کۆمەڵگەکانیان بەرەو داهاتوویەکی گەشاوەتر برد.

 

ئەم شایەتحاڵە زیندووانە زیاترن لە تەنها قسەیەک، ئەوان دەنگێکی خۆڕاگری و ئیرادەن کە لە دڵی ئەزموونێکەوە سەرچاوە دەگرن کە بەهۆی زەبر و زەنگەوە لاواز نەبووە بەڵکو قووڵتر و دەوڵەمەندتر بووە، ئەوان هەڵگری هیوایەکی نەگۆڕن، نزیکیان دەکاتەوە لەو ڕاستییەی کە ئاواتەخوازن، ڕاستیەک کە ژنانی فەڵەستینی وەک هاوبەشی چالاک لە ژیانی گشتیدا و ڕەهەندێکی بنەڕەتی لە هەر پرۆسەیەکی چاکبوونەوە یان ئاشتی ڕاستەقینەدا دەبینێت.