کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا: سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان پێشێلکردنی مافی ئازادی دەربڕینی بۆچوون و داواکارییەکانە
کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا سەرکوتی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکانی کەناراوەکانی سووریا و ژمارەیەک شاریان شەرمەزار کرد، ئەم کارانەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی ژن و پیاوی سووریا بۆ دەربڕینی ئازادانەی بۆچوونەکانیان و داواکارییە ڕەواکانیان زانی.
ناوەندی هەواڵ
کەناراوەکانی سووریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار بووە، کە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دەربڕینی داواکارییە مەدەنییەکان دیار بووە، ڕاپۆرتی پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە دژی خۆپیشاندەران سەریان هەڵداوە و شەپۆلێکی شەرمەزارکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی لێکەوتەوە کە هۆشدارییان لە بەکارهێنانی هێز لە دژی خەڵکی مەدەنی داوە.
ڕۆژی ٣٠ی کانوونی یەکەم، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداو و توندوتیژییە مەترسیدارانەی کە بە خێرایی لە هەندێک ناوچەی سووریا پەرەدەسەنن، بەتایبەتی ئەو سەرکوت و پێشێلکارییانەی کە لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا بووە لە ناوچەی کەناراوی حومس و حەما، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو پراکتیزانە دووپات بکەینەوە، کە دەتوانن وڵاتەکە بکێشنە ناو گرژی و دابەشبوونی زیاترەوە یان پاڵیان پێوەبنێن بۆ ناو کۆتایی شەڕێکی ناوخۆیی نوێ، کە باجەکەی لەلایەن هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوانەوە دەدرێت.
دووپاتی کردەوە، کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژن و پیاوی سووریایە بۆ دەربڕینی ئازادانەی بۆچوونەکانیان و داواکارییە ڕەواکانیان، هەروەها نیشاندەرێکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەکات و هەموو دەرفەتێک بۆ بونیادنانی داهاتوویەک لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و دادپەروەری تێکدەدات، وتی: پاراستنی ئاشتی مەدەنی و ڕێگریکردن لە خلیسکان بەرەو توندوتیژی یان شەڕی ناوخۆ، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ڕەوشتی کە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان و بەکارهێنانی هێز لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تەنها درزەکە قووڵتر دەکات و ئازارەکانی گەلی سوریا زیاتر دەکات.
جەخت لەسەر گرنگی داننان بە مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و ڕاستەقینەیان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوبەریدا، دوور لە دوورخستنەوە یان پەراوێزخستن کراوەتەوە، فرەچەشنی سووریا سەرچاوەی هێزە نەک ململانێ و دەوڵەتێکی سەقامگیر بەبێ هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو کوڕ و کچەکانیدا بونیاد نادرێت، هەروەها ژنانی سووریا هەمیشە لە پێشەنگی بانگەوازەکانی ئاشتی و دیالۆگدا بوون و هەموو جۆرە توندوتیژی و جەنگێکیان ڕەتکردەوە و دوورخستن یان پشتگوێخستنی ڕۆڵی ئەوان لە بڕیارداندا زیانێکی ڕاستەقینەیە بۆ هەر پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی نیشتمانی.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا داوای ڕێزگرتن لە مافی ناڕەزایەتی ئاشتیانە و پاراستنی خۆپیشاندەران و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی سەرکوت و توندوتیژی و ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێ ناوخۆییەکان کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی کۆمەڵگەی سووریا دەکەن، مسۆگەری نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و ڕاستەقینە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەبێ جیاوازی، و بەشداریکردن لە گفتوگۆیەکی تۆکمەی نیشتمانیدا کە سەرکردایەتی بکات بۆ چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە و بەردەوام.