هاوسەرگیری منداڵانی کچ دەروازەیەکە بۆ سێکسی زۆرەملێ
لە کرماشان، منداڵانی کچ لە ژێر پەردەی هاوسەرگیری یاسایی، لە نەبوونی یاسای پشتیوانی و پەناگەی پارێزراو، ناچار دەکرێن لەشفرۆشی بکەن، ئەم دیاردەیە مەترسی لەسەر داهاتووی تەواوی نەوەیەک دروست دەکات.
نەسیم ئەحمەدی
کرماشان- بەکارهێنانی منداڵانی کچی لە کرماشان قەیرانێکی بێدەنگە، کە بە دەگمەن باسی لێوە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستیەکی تاڵە کە نکۆڵی لێناکرێت، کۆمەڵگە و دەسەڵات پێیان باشە چاوپۆشی لێ بکەن، لە کاتێکدا منداڵێکی کچ لەبەردەم چاوی هەمووان نمایش دەکرێت وەک ئەوەی کاڵایەک بێت بۆ فرۆشتن.
ڕویا. ح، سەر بە بنەماڵەیەکی کاولیە "کۆمەڵگەیەکی کۆچەری لە کرماشان" هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا کردووە، بەڵام دواتر ناچار بووە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسانی دیکەشدا بکات، ئەم کارانە لە کۆمەڵگەکەیدا باون، چونکە زۆربەی ئەو منداڵە کچانەی دەیانناسێت بە ئەزموونی هاوشێوەدا تێپەڕیون، لەو ژینگەیەدا بەکارهێنانی منداڵانی کچ لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسی زۆرەملێیەوە لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە دەست پێدەکات، هەندێکجار لە تەمەنی ١٠ ساڵ یان کەمتریش دەست پێدەکات.
سەمیرا. ق، پەرستاری پێشووتر لە نەخۆشخانەی محەمەد کرماشان، دەگێڕێتەوە، لە یەکەم ساتەوە، پێنەدەچوو کە رویا.ح بەدەست نەخۆشییەکەوە بناڵێنێت، بەڵکو کەسێک بوو کە بەهۆی سەختییەکانی ژیانەوە بارگرانی بووبێت، لەلایەن خێزانەکەیەوە ماندوو بووبێت، هەرکاتێک دەهاتن بۆ سەردانیکردنی، نیشانانەکانی خراپتر دەبوون.
ڕوونیشیکردەوە، رویا.ح تاکە حاڵەت نەبوو کە ڕووبەڕووی بوومەتەوە، هەموو مانگێک دەیان منداڵی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بەدەست هەوکردنی سەخت و نەخۆشییە سێکسییەکانەوە دەگەنە نەخۆشخانەکە، تەنانەت هەندێکیان بە ئەزموونی لەباربردنی منداڵدا تێپەڕیون، لە بەشی دەروونی، هەوڵدەدەین لە ڕێگەی هۆشیارییەوە پێویستی ڕەتکردنەوەی چارەنووسێکی لەو شێوەیە بۆ ئەو گەنجانە ڕوون بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی یاسای پشتیوانی و نەبوونی دامەزراوەی پارێزەر، وایکردووە کە تووشی بەکارهێنانی سێکسی و لەشفرۆشی ببن، بەو پێیەی لە دەرەوەی ماڵەوە هیچ پەناگەیەکی پارێزراو نادۆزنەوە، تەنانەت دامەزراوەی چاودێری کۆمەڵایەتی پلانێکی یان توانایی دابین نەکردووە کە ڕێگەمان پێبدات لە چنگی خێزانەکانیان ڕزگاریان بکەین، کە بەهۆی ئەمەشەوە، دوای ماوەیەکی کورتی چارەسەرکردن، ناچار دەبین دووبارە بیانگەڕێنینەوە بۆ خێزانەکانیان کە هەمان خولی پێشووی ژیانیانە.
ئەو یاسایانەی کە ڕێگە بە منداڵانی کچی تەمەن ١٣ ساڵ دەدەن هاوسەرگیری بکەن، زەمینەیەکی بەپیتیان بۆ بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە دروستکردووە، زۆرێک لە منداڵانی کچی پاشخانی هەژار لە ژێر پەردەی هاوسەرگیری یان هاوسەرگیری یاساییدا ناچار دەکرێن بچنە ناو سووڕێکی بەکارهێنانەوە، لەبری ئەوەی چێژ لە منداڵییان وەربگرن و بەدوای خوێندندا بگەڕێن، خۆیان دەبیینەوە کە لە بەرپرسیارێتی قورس و پەیوەندی نایەکساندا گیریان خواردووە، ئەم ئەزموونە سەرەتاییانە پەڵەی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەجێدەهێڵن، کە نەوەیەکی سست بەرهەمدەهێنن کە لە سووڕێکی هەژاری و پەراوێزخستندا گیریان خواردووە.
مەرزیە.س، چالاکوانی مافی منداڵان، ڕایگەیاند، بەداخەوە دیاردەی منداڵفرۆشی بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسیداری خواست لەسەر منداڵانی کچ لە ژێر پەردەی هاوسەرگیری یاساییدا، لە کرماشان زۆرێک لە مندالانی کچ لە سەرەتایی منداڵییەوە، لە گەڕەکەکانی وەک ئاغاخان، سرجشمە، ئەبریشم، پاڵیان پێدەنرێت بۆ ڕێبازێکی بەکارهێنانی سێکسی لەلایەن خێزانەکانیانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لەو منداڵانی کچ لەلایەن دایکانەوە ناچار دەکرێن لەشفرۆشی بکەن، ئەمەش ئەم کارە دەکاتە شتێکی هاوشێوەی میراسێکی خێزانیی، کە لە زۆر حاڵەتدا باوک ئامادەیە یان سەرپەرشتی بەکارهێنانی ژن و منداڵە کچەکەی بکات، بەو پێیەی ژمارەیەکی بەرچاو لەو باوکانە بەدەست ئالوودەبوونەوە دەناڵێنن، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نادۆزنەوە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان بە ماددە هۆشبەرەکان جگە لە بازرگانیکردن بە ژنەکانیان یان کچەکانیانەوە.
نەبوونی دامودەزگاکانی ڕێکخراوەیی و پشتیوانی لە بواری منداڵپارێزی، وایکردووە کە هیچ هەنگاوێکی خۆپارێزی یان چاکسازی بۆ ڕاگرتنی بەکارهێنانی منداڵان بۆ لەشفرۆش لە کرماشاندا دڵنیای بێت، جگە لەوەش، ئەو یاسایانەی کە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچی تەمەن سێزدە ساڵان دەدەن، لە دیارترین هۆکارەکانی سووتەمەنی ئەم دیاردەیەن، ئەم یاسایانە نەک هەر مافەکانی منداڵان پشتگوێ دەخەن، بەڵکو داپۆشینی یاسایی بۆ بەکارهێنەراکان دەڕەخسێنن و ڕێگەیان پێدەدات بەردەوام بن و ئەم کارانە فراوانتر بکەن.
شانبەشانی دامەزراوە فەرمییەکان، هەندێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان هەوڵدەدەن بەرنامەی پەروەردەیی، پشتیوانی و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن کە ئامانجیان بەهێزکردنی منداڵانی بێبەشترینە، بەڵام توانای سنوورداری دامەزراوەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی و کەمیی پەناگەی پارێزراو وەک بەربەستێکی بەرچاو لەبەردەم دابینکردنی پاراستنی بەردەوام بۆ ئەم گەنجانە دەمێنێتەوە، بە سەرنجدان بەم ئاڵەنگاریانە، ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان وەک شتێکی بنەڕەتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئێستا لە سیستەمی پشتیوانیدا دەردەکەوێت.
لە ژێر قورسایی فشارە ئابوورییەکان و سنووردارکردنی سەرچاوەکان، زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان خۆیان دەبیننەوە کە ناتوانن پشتگیرییەکی فراوان و کاریگەر پێشکەش بە منداڵانی بێبەش بکەن، ئەم کەموکوڕییە، لەگەڵ لاوازی ژێرخانی پاراستن، ئەم منداڵانە بێ بەرگری دەکات لە بەرامبەر ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و منداڵانی کچ، بە تایبەتی، زیاتر بەرەوڕووی بەکارهێنانی سێکسی و لەشفرۆشی دەکاتەوە، کە ئەمەش ڕاستییەکە کە هەڕەشە لە داهاتووی تاکەکەسییان دەکات و سێبەرێکی درێژ بەسەر کۆمەڵگەدا بە گشتی دەخاتەڕوو.
چەند منداڵانی کچی کرماشان بە زۆر ناچارکراون بۆ لەشفرۆشی؟، نەبوونی میکانیزمی فەرمی بۆ چاودێریکردنی ئەم دیاردەیە و تۆمارنەکردنی ڕێککەوتنی هاوسەرگیری کاتی ڕێگری دەکات لە ئاماری ورد، بەڵام پەیوەندی ئەم دیاردەیە بە کاری منداڵانەوە ڕێگە بە بەکارهێنانی ژمارەکانی کاری منداڵان دەدات وەک نیشاندەرێکی بەرچاو، لە کاتێکدا کە داتاکانی حکومەت ئاماژە بە ٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ منداڵی کرێکار لە کرماشان دەکەن، دەزگای فراتاب لە ڕاپۆرتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، ئەو ژمارەیەی بە نزیکەی ٤٤ هەزار کەس خەمڵاندووە، ئەگەر یەک لەسەر سێی ئەمانە کچبن و هەندێکیشیان ناچار بکرێن لەشفرۆشی بکەن، ئەوا ڕووبەڕووی ئاماری شۆککەر دەبینەوە کە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قووڵ ئاشکرا دەکەن و دەسەڵات ڕەتیدەکاتەوە.
مرزیە. س، ڕوونیکردەوە کە بەکارهێنانی منداڵانی کچ لە لەشفرۆشیدا و خواستێکی زۆر لەسەریان، نوێنەرایەتی یەکێک لە برینە کۆمەڵایەتییە قورسەکان دەکات، وتی: داواکاری شاراوە و ڕێکخراو بۆ بەکارهێنانی منداڵان سووڕێکی خراپ دروست دەکات کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، دەرئەنجامەکانی تەنها لە زیانلێکەوتووە ڕاستەوخۆکاندا سنووردار نابێت، بەڵکو کۆمەڵگە خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە ڕووبەڕووی نەوەیەک دەبێتەوە کە لە منداڵییەوە لەسەر لەشفرۆشی پەروەردە بووە، هیچ ئامرازێکی دیکەی مانەوەشیان نییە.