ژنان ئاشتییان دەوێت
ژنانی شاری قامیشلۆ داواکارییەکانیان بۆ ژیانی ئاشتیانە، دادپەروەری و تێکەڵکردنی گەلان و یەکسانی دەربڕی و دەڵێن: ئاشتیمان بۆ هەموو پێکهاتەکان دەوێت.

نەغم چاچان
قامیشلۆ - پێشهاتە گرنگەکان لە ناوچەکەدا بە بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک' لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ڕوودەدەن، ژنانی شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خواستی خۆیان بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دەربڕی.
نەجاح گولۆ، ئەندامی ‘دەستپێشخەری ئازادی سووریای ڕێبەر ئاپۆ’ باسی لە ڕۆژی جیهانی ئاشتی کرد و وتی: کە ئەوان ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان دەوێت، نێکا هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای وەبیرهێنایەوە و وتی: ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیمان دەوێت، چەندین ساڵە شەڕمان کردوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوای ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکڕیزیی گەلان و یەکسانی کرد، زۆر هێرش دژی گەلان دەکرێت.
"ئێمە شەڕ بۆ کورد و کوردستان دەکەین"
نەجاح گوڵۆ ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ ئاشتی و وتی: ڕێبەر ئاپۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد بۆ ئاشتی، پەکەکە چەکەکانی سووتاند و شەڕەکەی ڕاگرت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەنراوە، ئێمە خەبات بۆ کورد و کوردستان و هەموو پێکهاتەکان دەکەین، وڵاتێکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕووی جەستەی ئازاد دەکەین، ئێمە بانگەوازی جیهان دەکەین و وتمان بەسە کۆمەڵکوژی و کوشتنەکان.
"باجێکی قورسمان داوە"
ئایدا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان ئاماژەیبەوەشکرد، کە ژنان ئاشتییان دەوێت، وتی: وەک دایک و ژنێک وڵاتێکم دەوێت کە ئاشتی و یەکسانی هەبێت، ئێمەی ژنان لە شەڕ بێزارین، باجێکی قورسمان داوە بۆ ژیانێک و وڵاتێکی خاوەن دادپەروەری و ئارامی، هەموو ژنان پێویستیان بە پشتیوانی یەکترە و داوای ئاشتی و سەقامگیری و یەکسانی دەکەن.
"چەند ساڵە کوشتن و جینۆساید دژی گەلان بەردەوامە"
نیزام نووری، ئەندامی ئەنجومەنی ژنان، هەروەها ڕایگەیاند کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر پێشێلکاری و کۆمەڵکوژی لە دژی گەلان ئەنجام دراوە، هەروەها نیزام بەم قسانە ئاواتی خۆی بۆ داهاتوو دەربڕی: ئێمە ئاشتی جیهانی و ژیانێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر و دیموکراتیمان دەوێت بۆ هەموو گروپەکان، چەند ساڵێکە کوشتن و جینۆساید لە دژی گەلان بەردەوامە، ئێمەی ژنان هەموومان پێویستە یەکبگرین و دەنگمان بەرزبکەینەوە، بڵێین نەخێر بۆ کوشتن و تاڵانکردن، چونکە ئەو کەسانەی زۆرترین ئازار دەچێژن ژنانن، بەڵام ئێمە داوای ئاشتی و ئارامی دەکەین.