لە سەقز بە دڕندەترین شێوە ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا
ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن هاوژینەکەیەوە دەسوتێندرێت، دواتر بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدات.

ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی ٢ی ئەیلوول ژنێکی گەنجی ٣٢ ساڵە بەناوی سورەییا عەلی محەمەدی خەڵکی ناوچەی سەقزی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنراوە. هەرچەندە ژنەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکرا، بەڵام بەهۆی ڕێژەی بەرزی سووتاوییەکەیەوە، دوای چەند کاتژمێرێک گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە هەواڵەکاندا ئاماژەی پێ دراوە، ئەم ژنە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی داوە، بەڵام هەموو جارێک بەهۆکاری پاڵپشتینەکردنی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە ناچاری درێژەی بە ژیان لەگەڵ هاوژینەکەی داوە. ڕۆژی سێ شەممە، هاوژینی سورەییا عەلی محمدی دوای دەمەقاڵێ، سورەییای بردووەتە گەراجی ماڵەکە و بەنزینی بەسەردا ڕشتووە و سووتاندوویەتی.
بەگوێرەی قسەی دراوسێکان، ژنەکە لە کاتێکدا بە سەختی سووتابوو، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختیی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
دوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران هاوژینی ئەم ژنەیان بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" زیندانی کردووە.
سورەییا عەلی محەمەدی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢و دایکی منداڵێکی حەوت ساڵە بوو. ئەم ژنە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆکاری ئەوەی هاوژینەکەی "ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە" و "کێشەی خێزانی" هەبووە، چەندین جار داوای جیابوونەوەی کردووە.