"پێویستی بە قۆناغی دووەمی ژن، ژیان، ئازادی هەیە"
نادیە حسۆ، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار جەختی لەوەکردەوە، کە سزای لەسێدارەدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیتر تەنها سزایەکی یاسایی نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی ئەو کەسانەی داوای کەرامەت و دادپەروەری دەکەن.

نورشان عەبدی
کۆبانێ-لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بە تایبەتی لە دژی ژنان، بانگەوازەکان بۆ قۆناغی دووەمی شۆڕسی "ژن ژیان ئازادی" وەک پێویستییەکی مێژووی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمێک کە لەسەر بنەمای ستەم و جینۆساید دامەزراوە، نوێ دەکرێنەوە.
لە ساڵی ١٩٧٩ وە پێش شۆڕشی ئیسلامی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا پەیڕەو دەکرا، دوای شۆڕش بە فەرمی خرایە ناو یاسای سزادان و لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێ کرا، ئەمڕۆ ئێران یەکێک لە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە جیهاندا هەیە و بەگوێرەی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەپێی دوایین داتاکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا ٨٤١ کەس لەسێدارە دراون کە ژمارەیەکی زۆریان ژنن، ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی لە بازنەکانی مافی مرۆڤدا دروستکردوە، کەیسەکانی شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی، و وریشە مورادی لە ئێستادا لە پێشەنگی خەباتی ژنانی کورددان، ئەم ژنانە لەنێو پەرەسەندنی بێبایەخکردنی نێودەوڵەتی بۆ دۆخی نالەباری خۆیان ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان دەبنەوە.
"لە سێدارەدان بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی داوای کەرامەت و دادپەروەری دەکەن"
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، نادیە حەسۆ، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە شێرانی کانتۆنی فورات، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە ژن و هاولاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لەسێدارەدان باجی خواستەکانیان بۆ ئازادی و دیموکراتی دەدەن، بە وردبوونەوە لە بناغەی ڕژێمی ئێران، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕژێمی ئێران لەسەر بنەمای سیاسەتی جینۆساید و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان دامەزراوە، کە یەکێکە لە دیارترین ئامرازەکانی سەرکوتکردن لە سێدارەدان، میتۆدێک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ئێراندا پراکتیزە دەکرێت، سەرەڕای نزیکبوونەوەی لە نەمان لە ئاستی جیهانیدا لەم سەدەیەدا، بەڵام ڕژێمی ئێران بەردەوامە بە پابەندبوون پێیەوە، وە ڕەتیدەکاتەوە کە گۆڕانکاری لە ڕێبازەکەی بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم ڕێبازە بە تایبەتی بەرگریکارانی بەهاکانی ئازادی، یەکسانی و دیموکراتی دەکاتە ئامانج، چونکە ڕووبەڕووی مەترسی دەستبەجێی لەسێدارەدان دەبنەوە، ژنان زۆرترین بەرکەوتەی ئەم چەوساندنەوەیەن، بەو پێیەی لە ئێراندا دەخرێنە ژێر دەسەڵاتێکی توندڕەوی پیاوسالارییەوە کە زیاترە لەوەی کە لە شوێنەکانی دیکەدا باو و ئاساییە، ئەم باڵادەستییە زۆرجار دەگۆڕێت بۆ سزای لەسێدارەدان و هەرچییەک بەسەر ژناندا بسەپێندرێت توندترە.
“ژینا ئەمینی بەرجەستەیەکی ئاشکرای سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی ئێرانە.
نادیە حسۆ لە تاوتوێکردنی پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان لە ئێران جەختی لەوە کردەوە: کە ڕژێمی ئێران نادادپەروەری سیستماتیکی پراکتیزە دەکات، لەسێدارەکردنی مرۆڤەکان، بەتایبەتی ژنان، جگە لە پراکتیزەیەکی دڕندانە هیچی تر نییە کە سەرەتاییترین پلەی دادپەروەری تێدا نییە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم ڕێبازە بە ناوی ئایینەوە ڕەوایە، کە توڕەی و ناڕەزای کۆمەڵگە گەورەتر دەکات، هەروەها هیچ ئایین و بیروباوەڕێک سزای لەسێدارەدانی وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی داوای کەرامەت دەکەن یاسایی نەکردوە، بەڵام ڕژێمی ئێران بنچینەی ئایینی شێواندوە و گۆڕیویەتی بۆ بەرگێک بۆ چەوساندنەوە.
نادیە حسۆ کوشتنی ژینا ئەمینی بە یەکێک لە نمونە هەرە دیارەکانی ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانە زانی، کە توندوتیژی و تۆقاندن بۆ ژێردەستەکردنی کۆمەڵگە و شکاندنی ئیرادەکەی بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی ژنان دەکرێنە ئامانج، کاتێک ژنان ئازاد و چالاکن لە کۆمەڵگەدا، ئەمە مەترسی لەسەر پێکهاتەی دەسەڵات دروست دەکات کە لەسەر بنەمای کۆیلایەتی دامەزراون و هەر لەبەر ئەمەشە کە ڕژێمی ئێران هەوڵی سەرکوتکردنی هەموو ڕزگارییەکی ژنان دەدات، ئاماژەی بەوەدا، کە ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک پراکتیزە دەکرێن و بە پلەی یەکەم دژی ژنانە، دەسەڵاتی خۆی پاراستووە و لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ بێدەنگکردنی هەر دەنگێک کە داوای ئازادی و یەکسانی دەکات.
"شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" تیشکی هیوایە لە بەرامبەر سەرکوتی ئێراندا"
نادیە حسۆ ئاماژەی بەوەدا: کە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" تیشکێکی هیوا بوو لە بەرامبەر سەرکوتی ئێراندا، بە تایبەت بۆ ژنان و هاوڵاتیانی تامەزرۆی ئازادی، وتیشی: وەک ژنان ئەو ڕاستیە ڕەتدەکەینەوە کە لە ئێراندا سەپێنراوە، هاوڵاتیانیشی نابێ قبووڵی بکەن، هیوایەکی زۆرمان بەم شۆڕشە هەبوو، باوەڕمان وابوو دەرگای قۆناغێکی نوێی گۆڕانکاری ڕیشەی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" تەنها ناڕەزایەتییەک نەبوو، فەلسەفەیەکی نوێی ژیان بوو کە ژنان و مرۆڤە ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە باوەشی گرتبوو، بڕیار بوو وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بێت بۆ سەرکوتکردن و لەسێدارەدان و پێشێلکارییە بەردەوامەکان، بەڵام بەر دیوارێکی دەسەڵات کەوت کە بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی گۆڕانکارییەکان.
"ئازادی ژن کلیلی ڕزگاری کۆمەڵگەکانە لە هەژموون"
نادیە حسۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ئازادکردنی کۆمەڵگەکان لە سیستمە باڵادەستەکان بەبێ دەستەبەرکردنی ئازادی ژنان بەدی نایەت، هەروەها ئەم بنەمایە ناوەکی فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" پێکدەهێنێت کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیار کراوە، کە مێژوو و ناسنامە و دەستکەوتەکانی ژنان دووپات دەکاتەوە.
نادیر حسۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیان بە بەهاکانی دادپەروەری بەڕێوەدەبرا کە ژنان بەرجەستەیان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی پیاوسالاری و هۆشیاری پیاوان مرۆڤایەتییان بەرەو ڕاستیەکی ستەم و پەراوێزخستن برد، ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستمان بە دادپەروەری ژنان هەیە وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ ئەم دابەزینە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژن هەرگیز لە ڕەوتی مێژوودا نەبوو نەبووە، بەڵکو لە هەموو قۆناغێکدا لە ڕێگەی خەبات و پێگەی خۆیەوە ئامادە بووە، ژنانی کورد تا ئەمڕۆش بەردەوامن لەسەر ئەم ڕۆڵە مێژووییە، هەروەها مێژوو خۆی لە کەسایەتییەکەیدا لێدەدات، زیندوکردنەوەی ئەم مێژووە تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و سیاسییە، بۆیە خەباتی ژنان دەبێت بگۆڕێت بۆ شۆڕشێکی هەمەلایەنە لە دژی جینۆساید و وێرانکاری و نکۆڵی کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوەیە کە گۆڕانی ڕاستەقینە لە ژنانەوە دەست پێدەکات، و ڕزگاربوونیان سەرەتای داڕمانی هەموو جۆرەکانی هەژموون و کۆیلەکردنە.
"بانگەوازی بەپەلە بۆ کردەوەی ژنان لە دژی لەسێدارەدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان"
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی هێرشی سیستماتیکی دژ بە ژنان، نادیە حسۆ خوازیاری تەڤگەریەکی ژنانی بەرفراوان بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی لەسێدارەدان و جینۆساید بە ئامانجگرتنی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە، لەنێویاندا لەسێدارەدان، کە بووەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی هەموو دەنگێکی بەرخۆدان، تەنانەت ئەو ڕژێمانەی کە لەلایەن ژنانەوە دروستکراون و بەڕێوەدەبرێن، لە هێرشی ئێران و دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دیکەدان.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتانە پێویستی بە شۆڕشێکی بەکۆمەڵ هەیە لەلایەن ژنانەوە لە هەموو شوێنێک، وتی: پێویستە هەموو ژنێک هەنگاو بنێت، جا لە ماڵەکەیەوە بێت، چ لە شەقامەکان بێت، لە ناو دامەزراوەکانەوە، یان تەنانەت لە ناو زیندانەکانەوە، ئێمە ناتوانین گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بهێنینە ئاراوە، ئەگەر شۆڕشێکی ناوخۆی نەبێت کە فشار بخاتە سەر دەسەڵاتێک کە بەردەوام بێت لە لەسێدارەدانی ژنان و سەرکوتکردنی ئیرادەیان.