ئیلهام ئەحمەد: ڕێککەوتنەکە گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرین و سەرێکانی مسۆگەر دەکات
ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەڵێت: ڕێککەوتنەکە گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان مسۆگەر دەکات.
ناوەندی هەواڵ
لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی لەلایەن هەسەدەوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی ئیلهام ئەحمەد بەمشێوەیەیە:
''سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان بۆ وڵاتان و لایەنە نێوەندگرەکان دەردەبڕین کە لە پێشەنگییانەوە ئەمریکا و فەرەنسا لە پای هەوڵی ماندوو نەناسانەیان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کە هەنگاوێکی بەرچاو بەرەو سەقامگیری پێکدەهێنێت''.
هیوادارین ڕۆڵی گەرەنتیکار لە پرۆسەی یەکگرتندا بگێڕن، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی یەکگرتوویی بەرپرسیارانە و ورد، کە گەرەنتی هاوبەشی و پاراستنی شکۆی هەموو پێکهاتەکانە و ڕێگە خۆشکردنە بۆ گەشەپێدانی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لە سەرانسەری هەموو ناوچەکاندا.
ئێمە پابەندبوونمان بە سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە دووپات دەکەینەوە کە خزمەت بە یەکێتی سووریا دەکات و ئاشتی مەدەنی بەهێز دەکات و قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن دادەمەزرێنێت و گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان مسۆگەر دەکات.