زیندانیانی سیاسی کورد لە ئێران پەیامی پشتیوانی بۆ کۆبانێ و ڕۆژئاوا دەنێرن
سێ زیندانی سیاسی بە ناوەکانی وریشە مورادی و زەینەب جەلالیان و متلاب ئەحمەدیان لە پەیامێکدا دووپاتیان کردەوە، کە ئەوەی لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات نیشانەی دووبارەبوونەوەی نەخشەی مێژووی توندوتیژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوەندی هەواڵ
کاردانەوەکان لە گۆڕەپانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پێشهاتەکانی کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، لە ڕاگەیاندراوی هاودەنگی و داوای خۆڕاگرییەوە تا دەگاتە شیکارییە سیاسییەکان کە هۆشداری دەدەن لە دووبارەبوونەوەی شێوازەکانی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سێ زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و متلاب ئەحمەدیان، پەیامێکی یەکگرتوویان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ دەربڕی، هاتووە، وتییان: کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو ئەوانەی بەدوای ئازادی و دۆزی کورددا دەگەڕێن لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا بوەستن، ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات بەڵگەیە لەسەر دووبارەبوونەوەی هەمان نەخشەی مێژوویی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە کوردستان، ئەم خولە خراپە هەمیشە گیانی خەڵکی مەدەنی گرتووە و گەمارۆی داوە و ستەمیان لێکردووە، شەڕی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ تەنها شەڕێکی سەربازی نەبوو، بەرگرییەک بوو کە تێیدا بەرخۆدان سنوورە نیشتمانییەکان و هاوکێشە سیاسییەکانی تێپەڕاند، لەو شەڕەدا زیاتر لە ٨١٥ بەرگریکار شەهید بوون کە ئەندامانی هێزەکانی بەرخۆدان و خەڵکی مەدەنی، ژن و پیاو، لە منداڵە کچێکی حەوت ساڵەوە بۆ ژنێکی حەفتا ساڵ، ئەوان لەسەر هێڵەکانی پێشەوە بە توندی وەستانەوە و بەرەنگاری بوون بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخانی کۆبانێ، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ڕۆڵی مێژوویی خەڵک لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە تاریکەکانی داعشدا.
ئەمڕۆش هەوڵەکان بۆ لێسەندنەوەی بەرخۆدان لە واتاکەی بەردەوامن، فشار دەخرێتە سەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ئامڕازی بەرخۆدانی کۆبانێ سست دەکرێت، بەرخۆدان وەک شکست پێناسە دەکرێتەوە، داعش و باندە نوێبووەکان و توندوتیژەکانی بە شێوەی نوێ بە پشتیوانی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان سەریان هەڵداوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ڕووکەشانە ناتوانن واتای ڕاستەقینەی بەرخۆدان بنبڕ بکەن، ئەزمونی خەڵکی ئەم ناوچەیو سەلماندوویەتی کە بەرخۆدان بێهودە نییە ئەگەر لەسەر بنەمای هۆشیاری و ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگە و مافی زگماکی بەرگری لەخۆ بێت، ئێمەی زیندانیانی سیاسی کورد لە ئێران کە بەهەمان شێوە لە چنگی هەمان هێزە چەوسێنەرەکاندا گیرۆدە بووین، دەرفەتی ئامادەبوونمان لە خەندەقەکانی ئەو بەرگرییە بێبەش کراوین، بەڵام ئەم بێبەشکردنە ئەو کەسانە بێبەری ناکات کە ویژدانیان هەیە لە بەرپرسیارێتی خۆیان، کاتی ئەوە هاتووە کە گەلی کورد و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو ئەوانەی بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، نەک بە دروشم، بەڵکو بە هاودەنگی ڕاستەقینە و پاڵپشتی مرۆیی و هاوکاری گشتی، لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوەستن و واتای بەرخۆدان بپارێزن و جارێکی دیکە بیسەلمێنن کە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی و شکۆمەندی و ئازادی دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە بەرەکانی شەڕدا.