کۆییەکان پشتیوانییان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە
گەلی کۆیە بە ڕێپێوانێکی جەماوەرییەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و بە وتنەوەی دروشمی یەکە یەکە گەلی کورد یەکە، داوای پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی کوردستانیان لە ڕۆژئاوا کرد.
شیا کۆیی
کۆیە-شاری کۆیە وەک سەرجەم شارەکانی دیکە لە سنووری کۆیە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان و چالاکوانان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا، بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی “بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، گەلی کورد یەکە، کوردستان یەک وڵاتە و ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە”، هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوا نیشاندا، هەمو پێکەوە بەڕێپێوان چونە سەر گۆڕی شەهید گەنجۆ کە لە گۆڕستانی شەهیدان بەخاک سپێدراوە.
سەمیرە یاسین لە کاتی ڕێپێوانەکەدا، وتی: ئەمڕۆ هاتووین پشتیوانی لە ڕۆژئاوابکەین و داواکارین کۆدەنگی کوردستان بپاریزین و یەک ڕیز و یەک دەنگ بین، و داوادەکەم لە نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتی ئەمەریکا ئەوشەڕە ڕابگرن و هاوکاری ئێمە بگاتە هەموو شوێنێک، تا بەس بێت کۆمەڵکوژی کوردان و وێرانکردنی وڵاتمان، ئێمە ئامادەین هەمووکات بۆ قوربانی دان.
تاڤگە حەمەساڵح، بەشداربوویەکی دیکەی خۆپیشاندانەکە وتی: ئێمە وەک ژنان و کچانی شاری کۆیە هەوڵمانداوە بەهەموو جۆرێک پشتیوانی خوشک و براکانمان بکەین لە ڕۆژئاوا بکەین، بە ڕێپێوان و بەکۆکردنەوەی هاوکاری و گردبوونەوە، چونکە کوردستان یەک پارچەیە نامانەوێ بەتەنیا جێیان بهێڵین.
تاڤگە حەمە ساڵح، وتیشی دووژمنان چەندین ساڵە قڕمان دەکەن جینۆسایدمان دەکەن بەڵام ناتوانن بێ دەنگمان بکەن و ئیرادەمان لەناو ببەن.
پەیمان نەبەز بەشداربوویەکی دیکەیە وتی: هاتوین پشتگیری خوشک و براکانمان بکەین لە ڕۆژئاوا تا کوردبوونی خۆمان بسەلمێنن، و زۆریش پێویستە کە هاوکاریان بین گەر نەشتوانین بچینە ڕۆژئاوا لێرەوە پاڵپشتیان بین.
ژیندا خەلیل، کچێکی عەفرینی دانیشتوی شاری کۆیەیە وتی: دەستخۆشی لەخەڵکی کۆیە دەکەم بۆ پشتگیریان لە گەلی ئێمە لە ڕۆژ ئاوا، بەڕاستی زۆر دڵخۆشم کە کورد هەمو بۆتنە یەک و دەنگمان گەیشتە هەمو دنیا، بۆیە پێویستە دووژمن لێمان بترسێت چونکە هەموومان یەکین کورد بێدەنگ نابێت چیتر دووژمن ناتوانێت مافەکانمان بخۆن، و بەردەوامین لە داواکردنی مافەکانمان.
نوهات ئیبراهیم، خەڵکی ڕۆژئاوایا و پانزە ساڵە ئاوارەبووە وتی: زۆر دڵخوشم کەدەبینم خەڵکی هەموو هاتوونەتە دەرەوە بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا، بۆیە با دوژمن بزانێت کورد یەکە و گەر ئەوان کەزیەک ببڕن ئێمە سەد کەزی کە دەهۆنینەوە.
شیندار ئەدهەم، خەڵکی ڕۆژئاوایە وتی: زۆر دڵم خۆشە کە دەبینم هەموو خەڵک هاتوونەتە دەرەوە ۆ پشتگیری ڕۆژئاوا، هیوادام کورد هەر یەک بن و ڕۆژئاوا ناکەوێ.
ئەڤین زرار، بەشداربوویەکی دیکەیە وتی: هەموو کۆبوتینەوە بۆ پشتگیری خەڵکی ڕۆژئاوا هیواخوازم کورد سەربکەوێت و یەکبگرێت.