کەمپەینی کەزی لە کەلارەوە دەگەیەندرێتە خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا

کەمپەینی کەزی کە لە شاری کەلار دەستیپێکردبوو لە کۆتا ڕۆژی دەگەیەندرێتە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە باشوور، تا لە ڕێگەی چوار بارهەڵگرەوە ، پیداویستییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە ڕۆژئاوای کوردستان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، کەمپەینی کەزی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییە مرۆیەکان بۆڕۆژئاوای کوردستان، لە کۆتا ڕۆژی لە شاری کەلارەوە گەیەندرایە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی، لەڕێگەی چوار بارهەڵگرەوە پێداویستییە مرۆیی و تەندروستییەکان لە سبەینێ کە دەکاتە ۱ی شوبات، بەرەو سنووری سێمێلکا بەڕێدەکەوێت. 

 

لە کەمپەینەکەدا ئەم پێداویستیە مرۆیانە کۆکراونەتەوە:

لە دوایین هەڵمەتدا بڕی ٣٧ ملیۆن و ٨٦٧ هەزار و ٥٠٠ دینار و ٥٤ هەزار دۆلار کۆکرایەوە.

۱٠٠٠ جگەر
۹ تۆن برنج 
۸٠٠کیلۆ فاسۆلیا و نۆک
۲تەن و ٥٠٠ کیلۆ ئارد
۹٠٠ کیلۆ ڕۆن
٥٠٠ کیلۆ سۆسی تەماتە (دۆشاو)
٤٠٠ کیلۆ گۆشت
٥٠٠ کیلۆ شەکر
۲۲٠ کارتۆن جۆرە جیاوازەکانی ئاو بۆ منداڵان
١١٠ کارتۆن شیری منداڵ 
٢١ کارتۆن کراس
١٠ کارتۆن چا
٣٠ کارتۆن ماسی قوتوو
٦٠٠٠ پارچە جل و بەرگ
٥۱٠ بەتانی 


لە کۆتاییدا ئەندامانی کەمپەینەکە، سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستەی ئەندامانی کەمپەین و هاوڵاتیانی شاری کەلار کردو وتیان: سوپاس و پێزانینی هەمیشەیی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەفادارن بۆ کەمپەینەکە؛ هەروەها بۆ ئەوانەی دڵخۆشی خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوا دەویست، هەرچەندە توانای کڕینی ئەوانەیان نەبوو، سوپاس بۆ هەموو ئەو کەس و گەنجانەی کە خۆبەخشانە لەگەڵ هەڵمەتەکەدا بوون، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، و ماندوونەناسانە و بێ خۆنەویستانە کاریان کردووە.


“بۆ ئەوەی بچینە ناو دڵی جیهانەوە، مرۆڤایەتیمان، لە کوردایەتیماندا، دەبێت بدرەوشێتەوە"

زەهیە ئەلڕاشی، ئەندامی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، وتی: زیاتر لە دە ڕۆژە گەلی باشووری کوردستان لەسەر پێیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لا ڕێگەی چالاکی و خۆپشاندانەکان، یان لە ڕێگەی کەمپەین بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، لە هەموو شار.و شارۆچکەکان کەمپەین سازکراوە، لە هەوڵیر کەمپەین لە کەناڵی ڕووداو کۆدەکرایەوە، لە شاری سلێمانی لە ڕێگەی کەناڵ ۸ و کوردسات و نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان کۆکرایەوە، ئەمڕۆش کەمپەینی کەزی لە شاری کەلار کۆتای پێهاتوو هێنایان بۆ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی تا بتوانین پێداویستییەکان لە ڕێگەی بارهەڵگرەکانەوە بگەیەنینە کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا  وتیشی:  لە ڕێگەی چوار بارهەڵگرەوە تواندرا پێویستییە سەرەکییەکان و پزیشکییەکان دەستەبەر بکرێت لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر لە پارەی نەقدی، پاشان سبەینێ بەرەو سنووری سێمێلکا بەڕێدەکەوێت.