سیستمی دادوەری ئێران ناکارامەیە و دادپەروەری نەبوونی هەیە

نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بەپێشێلکارییە بەردەوامەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە زیادبووندایە، شارەزایان و چالاکوانان دەڵێن: نەبوونی دادپەروەری لەناو سیستەمی دادوەری ئێران پێویستی بە پەنابردن بۆ ئامرازگەلێکی وەک دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر ‌هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆبوونەوەیەکی تایبەتمەند لە زانکۆی ئێسێکس لە شانشینی یەکگرتوو جەختی لەسەر نەبوونی دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پێویستی پەنابردن بۆ میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کردەوە، لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لە ڕاستی بەئامانجگرتنی کارمەندانی پزیشکی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان کردەوە.

 

کۆبوونەوەیەکی تایبەتمەند بە ناوی "دادگاکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی" لە زانکۆی ئیسێکس لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، بەشداربووان جەختیان لەسەر نەبوونی دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پێویستی پەنابردن بۆ میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانە کردەوە، ئەم کۆبوونەوەیە بە هاوکاری لەگەڵ چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ”HRA” وڕێکخراوی ”UpRights”، کۆلێژی یاسای زانکۆ و ناوەندی مافی مرۆڤی ئەو زانکۆیە، بە بەشداری کۆمەڵێک پارێزەر و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕێکخرابوو.

 

بەشداربووان ئاماژەیان بە ناکارامەیی و گەندەڵیی پێکهاتەیی سیستەمی دادوەری ئێران کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە بەڵگەنامەسازی ورد و سیستماتیکی تاکە ڕێگای بژاردەیی بۆ دادگاییکردنی نێودەوڵەتی پێشێلکارانی مافی مرۆڤە، هەروەها ئامرازەکانی وەک دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر، سزای ئامانجدار لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و میکانیزمە یاساییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ بەڵگەی جێی متمانە و ڕێکخراو بە کردەوە بێکاریگەر دەبن.

 

دوابەدوای ئەمەش جێگری بەڕێوەبەری گروپی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران”HRA” پڕۆژەی بەڵگەنامەیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی پێشکەش کرد، کە ئامانجی دەستنیشانکردنی پێکهاتە و زنجیرەی فەرماندەیی سپای پاسداران و بەڵگەنامەکردنی بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کردنی ئەم زانیاریانە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی دەسەڵاتە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان و داڕێژەرانی سیاسەتە.

 

ڤالێری گابارد لە کۆمپانیای ئاپرایتس ڕێگا نێودەوڵەتییەکانی لێپرسینەوە لەم پێشێلکارییانە بە قورس بەڵام بناغەی پێناسە کرد و ئاماژەی بە بەربەستە سیاسی و یاساییەکان کرد، هەروەها لەکاتێکدا ئەم پرۆسانە کات دەبەن، بەڵام دەتوانن ڕێگری بکەن لە بەردەوامبوونی سووڕی بێ سزا و لەبیرکردنی زیانلێکەوتووەکان.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامی هاوکاری نێوان زانکۆکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ پاراستنی بەڵگەکان و بەدواداچوونی لێپرسینەوەی درێژخایەن کرایەوە، هەوڵێک بە ئامانجی پێشگرتن لە ئاساییبوونەوە و لەبیرکردنی ئەو تاوانانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سپای پاسداران.

 

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کاردانەوە بە سەرکوتکردنی کارمەندانی پزیشکی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا، ڕایگەیاند، کە ژمارەیەک لە کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە کاتی چارەسەرکردنی بریندارەکاندا هەڕەشەیان لێکراوە و دەستگیرکراون، لەسەر پێویستی خۆبەدوورگرتن لە فشارخستنە سەر کارمەندانی پزیشکی بۆ ئەنجامدانی ئەرکە پیشەییەکانیان.

 

ئاماژەی بە هێرشی پشتڕاستکراوە بۆ سەر نەخۆشخانەی خومەینی لە ئیلام و ئەو زیانانەی بە زۆرێک لە دامەزراوە پزیشکییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کەوتووە، خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێی کارمەندانی پزیشکی دەستبەسەرکراو و پاراستنی دەستبەجێی دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی بوو، جەختی لە پێویستی دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە گرنگەکانە لە هەموو بارودۆخێکدا و بەبێ بەربەست کردەوە.