تەڤ-دەم: ڕێککەوتنەکە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشانی سیاسییە

تەڤ-دەم ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریای وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەقامگیری و وەستاندنی شەڕ هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشانی سیاسییە، بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی گەل.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک "تەڤ-دەم"، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە سەرەتادای ڕاگەیاندراوەکەیدا تەڤ-دەم ڕێککەوتنەکەی بە، دەستپێکی پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشانی سیاسیی بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی گەل دوور لە شەڕ و ڕاگرتنی خوێنڕشتن، هەڵسەنگاند.

 

تێیدا هاتووە: ئێمە ئەم ڕێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی دەرگای چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتەوایی، دوور لە شەڕ و دوورخستنەوە دەبینین، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە هەر چارەسەرێکی سیاسی جددی دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، بەتایبەتی گەلی کورد و هەموو ئەو پێکهاتانەی کە دەیان ساڵە بەهۆی پشتگوێخستن و ئینکارییەوە زیانیان بەرکەوتووە، دەستەبەر بکات.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەیدا باسی لەوەشکرد، ئێمە پشتگیری ئەم ڕێککەوتنە دەکەین چونکە متمانەمان بە ئیدارەی سیاسی و سەربازی خۆمان هەیە، ئیدارەی ئێمە لە سەرەتای شۆڕشەوە گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی ئێمەی پاراستووە.

 

هەروەها تەڤ-دەم ڕاشگەیاند، سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە ئاستی پابەندبوونی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی، پێویستە ڕێککەوتنەکە بە گیانی هاوکاری و بەرپرسیارێتی و مسۆگەرکردنی ئەوەی کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک زەرەرمەند نابن، ئەنجامبدرێت، لەبەرئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستکەوتێکی نیشتمانییە.

 

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا ئەم بانگەوازە ئاراستەی گەل و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، بە هۆشیارانە و بەرپرسیارانە پاڵپشتی ئەم ڕێککەوتنە بکەن، ئاشتی ناوخۆیی بپارێزن و هەموو هەوڵە ئیستفزازیەکان ڕەت بکەنەوە، بۆ داهاتوویەکی دیموکراسی کە کەرامەت و دادپەروەری و ئازادی بۆ هەموو سوورییەکان بهێنێت، بەتایبەتی گەلە خۆڕاگرەکەمان کە لە بەرەکانی پێشەوەی خەبات و بەرخۆدان و شکستپێهێنانی تیرۆردا کاردەکەن، لە هەمان کاتدا، سوپاسی گەلەکەمان لە هەموو لایەکی کوردستان و جیهان دەکەین کە هەموو گۆڕەپانەکانیان کگۆڕیوە بۆ گۆڕەپانی پاڵپشتی لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا سڵاو لە هەڵوێستی پشتیوانانەی ئەو لایەنانە، هێزە کوردییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و دەوڵەتان دەکەین کە پاڵپشتی چارەسەری ئاشتیانەیان کرد و هۆکاری ئەم ڕێککەوتنە بوون.