ئەو ژنە لە کفری برینداربوو گیانی لەدەستدا
ئەو ژنەی شەوی ڕابردوو لە کفری بریندار بوو، کە چەقۆیەک بەر ملی کەوتبوو بەهۆیەوە بە سەختی بریندارببوو گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی کفری شەڕە چەقۆ لەنێوان دوو خێزاندا ڕوویدا، بەهۆیەوە دوو پیاو و ژنێک بریندار بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار لەبارەی ژنە بریندارەکەەوە ڕایگەیاند، ئەو ژنەی شەوی ڕابردوو لە ڕووداوێکی شەڕە چەقۆ لە شارۆچکەی کفری برینداربوو، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی بڕینەکەی گیانی لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە چەقۆیەک بەر ملی کەوتبوو و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربوو، بەڵام ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، كە تەمەنی ٢١ ساڵە.
ئەوە لەکاتێکدایە شەی ٦ی ئەیلوول، لە گەڕەکی باخی میری هەڵەبجە دوو ژن کوژران کە دایک و کچ بوون، هەروەها
درەنگانی شەوی ٤ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، پیاوێک دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە هێرشی کردە سەر هاوژینەکەی و کوشتی.
بە پێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسەکەمان، لە مانگی ئابدا سێ ژن کوژران و ٥ ژنیش بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە مانگی تەمووزدا ٩ ژن کوژراون یان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو هەوڵی کوشتنیان دراوە.