دەسەڵاتدارانی ئێران بە سزای هەڵپەسێردراو سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ سینەماکارێک دەردەکەن

دادگای ئینقلابی شاری شیرازی ئێران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە عەلی خامنەی سەرکردەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران" لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر نگین ئەمینزادە، سینەماکار و ئەندامی کۆمەڵەی کورتە فیلمی ئێران، سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، سەرکوتی ناوخۆی خۆیان چڕتر کردوەتەوە و چالاکوانان و هونەرمەندانیان بە بیانوی جۆراوجۆر دەسبەسەر کردوە، لەوانە ئەوانەی کە پەیوەندییان بە "ئاسایشی نەتەوەیەوە" هەیە.

 

نگین ئەمینزادە، سینەماکار و ئەندامی کۆمەڵەی کورتە فیلمی ئێران (ئیسفا) کە دانیشتوی شیرازە، لە بڵاوکراوەیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەی لە بۆشای ئەلیکترۆنیدا" بە دوو ساڵ زیندانی سزای بەسەردا سەپاندوە، هەروەها جێهێشتنی وڵات و بەشداریکردن لە هەر چالاکیەکی ئۆنلاین قەدەغە کراوە، سزاکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕاگیراوە و دەبێت مانگانە لەم ماوەیەدا ڕاپۆرت بداتە دەزگای هەواڵگری لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، ئەمەش بەو واتایەیە کە سزاکە تەنها لە حاڵەتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە لەم ماوەیەدا تاوانێکی نوێ ئەنجام بدات.

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە هەڵکوتانە سەر ماڵە تایبەتیەکەی نگین ئەمینزادەیان دەستبەسەر کرد، ئەو ژنە گواسترایەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردنی ژمارە ١٠٠ لە شیراز و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

 

شایانی باسە کە نگین ئەمینزادە پێشتر لە کاتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئێران لە شوێنی کارەکەی، خوێندنگەی کەرنەمە لە شیراز لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، کە کەسایەتییەکی دیاری بواری کورتە فیلم لە ئێران و لە چەندین دانیشتنی دەستەی سوێندخواردنی ئیسفادا بەشداری کردوە، لە ئێستادا لە لیژنەی دادوەری بۆ خولی پازدەهەمین خەڵاتەکە بەشدارە.