"کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە غەززە درۆی دروشمە جیهانییەکانی سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری ئاشکرا دەکات"

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ڕۆژنامەنووسان ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی پراکتیزەکردنی ئەرکە پیشەییەکانیاندا کوژراون، ئەوان بوونەتە شایەتحاڵی پێشێلکارییەکان، لە نێوان شکستێکی نێودەوڵەتی لە پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەرگریکارانی.

ئیبتیسام ئیغفیر

 

بنغازی – لە لیبیا کە وڵاتێکە بەهۆی ململانێ و دابەشکارییە ناوخۆییەکانەوە، دەنگە فەرمییەکانی پشتیوانی لە غەززە و تاوانەکانی جینۆساید و کوشتن و برسێتی لەوێ تاڕادەیەکی زۆر ئامادەنەبوون، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستییەکانی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی قسە و وێنەوە، سەرەڕای ئەم بێدەنگییە، ژنانی ڕۆژنامەنووسی لیبیا لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە هاوسۆزی خۆیان دەردەبڕن لەگەڵ ئەوەی لە غەززە ڕوودەدەن.

 

ئاژانسەکەمان چاودێری بۆچوونی ژمارەیەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی لیبیای کرد و ڕاپۆرتی لەسەر دەنگیان سەبارەت بە دۆخی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و جینۆسایدی هاوڵاتیانی مەدەنمی لە غەززە دا.

 

"بە کوشتنی ڕۆژنامەنووس، ڕاستییەکان دەکوژیت"

ڕۆژنامەنووس بوشرا خەفیفی، وتی: ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس لە لیبیا، خەمێکی قوڵی خۆمان بۆ ئەو کوشتن و برسێتی و ئەشکەنجەیەی لە غەززە ڕوودەدات دەردەبڕین، وەک ئەوە وایە ئیسرائیل بیەوێت پەیامێک بۆ جیهان بنێرێت بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و ڕابیگەیەنێت کە خودی ڕاستییەکان دەکوژێت و هەوڵدەدات ئەو شتانە تەمومژاوی بکات کە لەوێ ڕوودەدات.

 

ڕوونیکردەوە، کە هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەم، چونکە ناتوانم دەنگم بگەیەنێم یان بە شێوەیەکی کاریگەر ناڕەزایەتی دەرببڕم، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر ئازاربەخشە، ئێمە لە بنغازیین و هەرچەندە لە جەنگدا ناژین، بەڵام لە پیشەکە ماندو بووین، ئەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەززە دەزانن کراونەتە ئامانج، بەڵام ئازایانە بەردەوامن لە کارەکانیان؟ هیوادارم ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهان ناڕەزای دەرببڕن بۆ پشتیوانیکردن لە غەززە و بەرزکردنەوەی دەنگان..

"شاردنەوەی تاوانەکانی لە جیهان"

هودا ئەحمەد عەبدولی، ڕۆژنامەنووس جەختی لەوە کردەوە، کە دۆزی فەڵەستین یەکێکە لە دۆزی فەڵەستینیەکان کە ئێمە بۆ پشتیوانیکردنی گەورە بووین و تا داگیرکارییەک هەبێت، دەبێت بەرخۆدان و پشتیوانی هەبێت، ئەوەی لە غەززە ڕوویدا لە هەموو چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو: ئەو کوشتن و ئاوارەبوونەی کە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەبوو، لە بچووکترین منداڵەوە تا بەتەمەنترین کەسی بەساڵاچوو، بەبێ مرۆڤایەتی، ئەوەی ڕوویدا هاوتایە لەگەڵ ترسناکی شەڕە گەورەکان کە لە مێژوودا نەمرکراون.

 

پێی وایە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانێکی دوو هێندەیە، وتیشی: کوشتنی ڕۆژنامەنووس بە واتای کوشتنی ڕاستییەکانە، لە کاتی شەڕی بنغازی، ئێمە بە بێ شێواندنی ئەو شتانەمان بڵاوکردەوە کە ڕوویدەدا، کەواتە ئەی ڕۆژنامەنووسانی غەززە، کە ڕووبەڕووی ئەو وڵاتانە دەبنەوە کە مافی ژیانیان ڕەتدەکەنەوە و پشتیوانی داگیرکاری دەکەن؟ بە ئەنقەست بە ئامانجگرتنی ئەوان لەکاتێکدا ڕووماڵی کۆمەڵکوژییەکان دەکەن، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئیسرائیل هەوڵدەدات تاوانەکانی خۆی لە جیهان بشارێتەوە.

 

ڕانیا عەریبی، ڕۆژنامەنووس پێی وایە ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات تەنها پەیوەندی بە دۆزی فەڵەستینەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مرۆڤایەتییەوە هەیە بە گشتی، ئەو پرسیار دەکات: کە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی گەورە دەکات بۆ سەر پیشەکە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئەگەر جیهان چاوی لە کوشتنی هاوکارەکانمان لە غەززە کوێر بکات، ئەگەر لە داهاتوودا هەڕەشەمان لێ بکرێت، چۆن هەست بە سەلامەتی دەکەین؟

 

سەبارەت بە وەڵامنەدانەوەی بەکۆمەڵ لەلایەن ژنانی ڕۆژنامەنووس لیبیا، وتی: لیبیا وڵاتێکە خاوەنی ناسەقامگیرییەکی ئاسایشیی و سیاسییە، کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە هەر دەستپێشخەرییەکی ناڕەزایەتی یان هەڵوێستێکی هاوپشتی، جگە لەوەش دابەشبوون لە نێوان دامەزراوە ڕۆژنامەوانیەکاندا بەشداربووە لە نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتو سەبارەت بەو شتانەی لە غەززە ڕوودەدەن.

"ئازادی قسەکردن لە فیشەک مەترسیدارترە"

فاتمە زەهرا نەجم، ڕۆژنامەنووس کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی لە غەززە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ئازادی ڕادەربڕین پێناسە دەکات، وتی: ئەم تاوانانە  دروشمی جیهانی سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری ئاشکرا کرد، کە تیرۆرکردنی یەکەم ڕۆژنامەنووس لە غەززە بەس بوو بۆ ئاشکراکردنی ناسکی ئەو دروشمانە، داگیرکەران درک بەوە دەکەن کە ئازادی قسەکردن لە فیشەک مەترسیدارترە، هەر بۆیە هەوڵی بێدەنگکردنی دەدەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کاتی و زوو تێپەڕ دەبێت، لەکاتێکدا هەڵوێستی ڕاستەقینە درێژەپێدەری پەیام و گواستنەوەی ڕاستییە، تەنانەت ئەگەر نووسەرانی کۆچی دواییشیان کردبێت، ئەمە ئەو کارە بوو کە ڕۆژنامەنووسانی غەززە کردیان، وەک چۆن خۆیان لە شەرمەزارکردنی دۆخەکەدا سنووردار نەکرد، بەڵکو بەردەوام بوون لە گەیاندنی وێنە و پەیامەکە لە دڵی گۆڕەپانەکەوە، هەروەها پەیامەکەیان دەگوازنەوە بۆ هەموو جیهان.