ئەو پەنابەرە ڕۆژهەڵاتییەی خۆی سوتاند، گیانی لەدەست دا
گەنجێکی پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا داوای مافەکانی خۆی و پەنابەرانی دیکەی کرد و هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو بەرامبەریان، گەنجەکە خۆی سوتاندن.
ناوەندی هەواڵ
دوو گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پەنابەری باشوری کوردستان بوون، لە ١٨ی ئەم مانگەدا لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر داوای مافەکانی خۆیان کرد، بەڵام لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بێ وەڵام بوون، وەک کارتێکی فشار ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە خۆیان دەسوتێنن ئەگەر کاریان بۆ نەکەن، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان وتوون دوور لەوان خۆیان بسوتێنن با زیان بە ڕێکخراوەکە نەگات.
لەکاتی چوونە دەرەوەیان لە بارەگاکە یەکێک لە گەنجەکان بە ناوی بێهزاد مەحموود بەنزین بەخۆیدا دەکات و بە بەرچاوی ڕاگەیاندنەکانەوە خۆی دەسوتێنێت، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ٢٣ی ئایار، بەهۆی سوتانی ٪٩٣ی جەستەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەهزاد مەحموود، پێش ئەوەی خۆی بسوتێنێت لێدوانێک بۆ ڕاگەیاندنەکان دەدات و دەڵێت کە ژیان لە هەرێمی کوردستان زۆر سەختە و بایەخیان پێنادرێت، هیچ مافێکیان نییە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکات، ناچارن شەو و ڕۆژیان لە مزگەوت و شوێنە گشتیەکاندا بەسەر ببەن.
پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جاری دیکە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا گردبوونەتەوە و داوای دەستەبەرکردنی مافەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە و تا دێت ژیانیان سەخت تر دەبێت.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، ١٠ هەزار و ٦٦٩ پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەنجوومەنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان پێیان وایە، پێنج بۆ شەش هەزار پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناویان تۆمار نەکرابێت.
ت.پ